بەسەركردنەوەى سكوڵى پزيشكى

News #01, Issue 02, February 2015 | نوچەی 01، ژمارەی 2، مانگی 2 ساڵی 2015 | Núcey #01, Jhimarey 02, Mangí 2 Sallí 2015

سەرۆكى زانكۆى كۆيە سكوڵى پزيشكى بەسەركردەوە

رۆژى يەكشەممە ١ى شوباتى ٢٠١٥ بەرێز دكتۆر وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە ياوەرى دكتۆر ديلان مەجيد رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و بەرێوەبەرى بەڕێوەبەرايەتيەكانى (ڕاگەياندن، دڵنيايى جۆرى و ئاى تى) سەردانى سكوڵى پزيشكيان كرد.

سەرەتا لەگەڵ مامۆستايانى سكوڵەكە كۆبووەوە و لە كێشە و گرفتەكان و خوێندن لە سكوڵەكەى كۆڵيەوە، دكتۆر سيامەند مامۆستاى سكوڵى پزيشكى وتى "بۆ ئەمساڵى خوێندن هيچ كێشە و گرفتێكمان نييە و كارەكان و خوێندن زۆر بەباشى بەرێوەدەچن و تەواوى پێداويستيەكانمان بۆ دابينكراوە, بۆ ساڵانى ئايندەش پلانمان دەبێت" لاى خۆشيەوە سەرۆكى زانكۆ هەموو پاڵپشتيەكى بۆ سكوڵەكە ڕاگەياند و وتى"وەك سەرۆكايەتى زانكۆ هەر پێداويستيەكتان هەبێت هەوڵدەدەين بۆتانى جێبەجێ بكەين و بەهەموو شێوەيەك پاڵپشتيتان دەكەين لە پێناو سەركەوتنى ئێوەدا."

دواتر بەرێز سەرۆكى زانكۆ لە هۆڵى خوێندن لەگەڵ خوێندكاران چاوپێكەوتنى كرد و وتى"ئێوە بە نيسبەت زانكۆمانەوە گرنگيەكى تايبەتتان هەيە بۆيە لە رۆژانى سەرەتاى دەستبەكاربوونمەوە سەردانم كردوون و هەر كێشە و گرفتێك لە بچوكەوە بۆ گەورە بەگوێرەى پلەبەندى چارەسەرى دەكەين و هەموو گرنگى پێدانێكمان بۆ ئێوەيە "

هەروەها رێنمايى وردى پێدان سەبارەت بە شێوازى خوێندنيان و باسى چۆنيەتى بونيادنان و رێكخستن و كردنەوەى سكوڵى پزيشكى بۆ كردن و هەر نيگەرانيەكى خوێندكارانى سەبارەت بە سكوڵەكەيان ڕەواندەوە.

دواتر دكتۆر ديلان مەجيد رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا بە خوێندكارانى وت "بوونى ئێوە, بوونى ئێمەيە بۆيە هەموومان وەك يەك تيم كاردەكەين بۆ سەرخستنى خوێندنى ئێوە و سكوڵەكەتان, وەك تاكە زانكۆ, لاى ئێمە خوێندكاران سەنتەرى فێربوونن و هەموو گرنگيەكتان پێ دەدەين, كواڵتى و سيستمى خوێندنيشمان بەدڵى ئێوە دەبێت "

پاشان بەرێز سەرۆكى زانكۆ سەردانى بەشەجياجياكانى سكوڵەكەى كرد لە هۆڵى خوێندن و تاقيگە و تاقيگەى توێكارى.

لە كۆتاييشدا سەردانى يەكەى ڕاوێژكارى دەروونى كرد كە سەر بە بەشى كلينيكەڵ سايكلۆجى زانكۆيە و لە نەخۆشخانەى فێركارى دكتۆر خاليد چارەسەرى دەروونى پێشكەش بە هاونيشتمانيان دەكات.

سكوڵى پزيشكى, سكوڵێكى نوێى زانكۆى كۆيەيە و سەربە سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيەيە و ژمارەى خوێندكارانى (٣٨) خوێندكارە, ساڵى خوێندنى ٢٠١٤-٢٠١٥ يەكەم ساڵى خوێندنە لەم سكوڵە.

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)