ئەندامێكى پەرلەمانى كوردستان سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد
News #11, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #11, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١١، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016
سەرۆكى زانكۆى كۆيە پێشوازى كرد لە گۆران ئازاد ئەندامى پەرلەمانى كوردستان لە چوارچێوەى سەردانيدا بۆ زانكۆى كۆيە
رۆژى يەك شەممە ١٤ / ٢ / ٢٠١٦ بەڕێز گۆران ئازاد ئەندامى پەرلەمانى كوردستان سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە پێشوازى لێكرا.
لە ديدارەكەدا كە بەڕێزان د.شوان عومەر بەڕێوەبەرى تۆمارگاى زانكۆ و حازم عەلى بەڕێوەبەرى ڕاگەياندن ئامادەى بوون، باسى دۆخى زانكۆ و كێشە داراييەكان كرا، هاوكات كاريگەرى ئەو كێشانە لەسەر دابينكردنى خزمەتگوزاريەكانى بوارى پەروەردە و فێركردن.
بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆ ئاماژەى بەوەدا كە بەڕێز گۆران ئازاد ئەندامى پەرلەمانى كوردستان هاوكارى بەردەوامى زانكۆى كۆيەيە و رۆڵێكى گرنگى هەيە لە بەدواداچونى داواكاريەكان و هەماهەنگى بۆ چارەسەركردنى كێشەكان، هەر بۆيە بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە بەرامبەردا سوپاسى هەوڵ و ماندووبوونەكانى بەڕێزيان و هەموو ئەو كەسانە كرد كە هاوكارى بەردەوامى زانكۆى كۆيەن.
لە بەرامبەريشدا بەڕێز گۆران ئازاد دڵنيايى دا كە بۆ خزمەتكردنى زانكۆى كۆيە تەواوى هەوڵ و كۆششەكانى بەكاردەهێنێت و لەو ڕووەوە كەمتەرخەمى ناكات.
وێنە: محەمەد مەغديد