كونسوڵى پۆلۆنيا سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد
News #18, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #18, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٨، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016
بەڕێز كۆنراد ئەدمۆويچ كونسوڵى وڵاتى پۆلۆنيا لە هەرێمى كوردستان سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و لە ديدارێكدا لەگەڵ ئەنجومەنى زانكۆى كۆيە جەخت كرايەوە لە هەماهەنگى زانستى لە نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆكانى وڵاتى پۆلۆنيا .
رۆژى پێنج شەممە ٢٥ / ٢ / ٢٠١٦ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە و ئەندامانى ئەنجومەنى زانكۆ پێشوازيكرا لە بەڕێز كۆنراد ئەدمۆويچ كونسوڵى وڵاتى پۆلۆنيا لە هەرێمى كوردستان.
سەرەتا بەرێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە ناوى ئەندامانى ئەنجومەن و زانكۆى كۆيەوە بەخێرهاتنى بەڕێز كۆنرادى كرد وێراى پێشاندانى خۆشحاڵيان بەرامبەر ديدارەكە ، پوختەيەكى لەبارەى شارى كۆيە و زانكۆى كۆيە باس كرد و وتى "زانكۆى كۆيە لەگەڵ ئەوەى تەمەنێكى كورتى هەيە بەڵام دەستكەوتى مەزنى هەيە و ئێمەش خەون و ئاوات و تموحى دەستكەوتى گەورەمان هەيە بۆ زانكۆمان" هيواشى خواست ئەم سەردانە ببێتە دەستپێكى پەيوەنديەكى باش لە نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆكانى وڵاتى پۆڵەندا.
لە بەرامبەريشدا بەڕێز كۆنراد وتى "يەكەمجارە سەردانى زانكۆى كۆيە دەكەم، زانكۆيەكى جوان و دڵگيرە و كەمپەسەكەى لە باوەشى سەوزاييەكى جواندايە، ئەمەش مايەى خۆشحاڵيە" هەروەها سەرسامى پێشاندا بەرامبەر دەستكەوتە بەدەست هێنراوەكانى زانكۆى كۆيە لە ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستان و هيواى خواست هەنگاوى باشتر بچێتە پێشەوە.
هەر لە ديدارەكەدا باسى پەيوەنديەكانى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆكانى وڵاتى پۆڵۆنيا كرا و هەردوو لا هيوايان خواست بگەن بە قۆناغێكى پێشكەوتوو لەو بارەوە.
دواى ديدارەكە بەڕێز كۆنراد شوێنە جياوازەكانى كەمپەسى زانكۆى بەسەر كردەوە و سەرەتا سەردانى فەكەڵتى پەروەردەى كرد و لە نزيكەوە لەگەڵ خوێندكارانى بەشى جوگرافيا ديدارى كرد، پاشان سەردانى سەنتەرى توێژينەوەى زانست و تەندروستى كرد و لە لايەن ستافى سەنتەرەكەوە پوختەيەك لەبارەى كار و چالاكيەكان و ئامێر و دەستكەوتەكانى سەنتەرەكە بۆ بەڕێز كۆنراد باسكران، دواتر سەردانى سكوڵى پەروەردەى وەرزشيان كرد و لەگەڵ سەرۆكى سكوڵ و مامۆستاكانى سكوڵەكە ديدارێكى كورتى ئەنجامدا.
بەڕێز كۆنراد دەربارەى زانكۆى كۆيە كاردانەوەى ئەرێنى پێشاندا و وتى "لە ناو زانكۆكانى كوردستاندا زانكۆى كۆيە، زانكۆيەكى تايبەتە و زۆر دڵخۆشم بە بينينى ئەم سروشتە جوانە و ئاستى پێشكەوتويى و دەستكەوتە بەدەست هێنراوەكانى، هيوادارم بتوانێت سەركەوتنى زياتر بەدەست بهێنن"
لە كۆتاييشدا لە لايەن بەڕێز سەرۆكى زانكۆوە لۆگۆى زانكۆى كۆيە و پەرتوكێكى چاپكراوى وێنەكێشى ناودارى شارى كۆيە (رۆستەم ئاغالە) وەك ديارى پێشكەش بە بەرێز كونسوڵى پۆلۆنيا كرد.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : محەمەد مەغديد