وەفدێكى زانكۆى كۆيە بەشداريان كرد لە دووەمين كۆنگرەى ديوانى وەقفى سونى لە بەغدا
News #6, Issue 11, 2015 | Núcey #6, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ٦، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
رۆژانى ٧ و ٨ / ١١ / ٢٠١٥ لە شارى بەغدا ديوانى وەقفى سونى دووەمين كۆنگرەى خۆى بەڕێوەبرد، بە جەخت كردنەوە لە دروست كردنى كۆمەڵگەيەكى دوور لە توندوتيژى و تيرۆر بە بەشدارى مامۆستايانى زانكۆ و پسپۆڕانى زانستى لە عێڕاق، بۆ ئەم مەبەستە وەفدێكى زانكۆى كۆيە بە سەرۆكايەتى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ بەشداريان لەو كۆنگرەيەدا كرد.
بەبەشدارى و ئامادەبوونى ٣٥٠٠ ئەكاديمى عێڕاقى ديوانى وەقفى سونى لە بەغداى پايتەخت بەناونيشانى ڕۆڵى پەروەردە لە بونيادنان و گەشەپێدانى كۆمەڵگەيەكى دوور لە توندوتيژى و تيرۆر دووەمين كۆنگرەى خۆى بەڕێوەبرد، بۆ ئەم مەبەستە وەفدێكى ئەكاديمى زانكۆى كۆيە بەشداربوون لەو كۆنگرەيە، بەڕێز دكتۆر حەيدەر لەشكرى ئەندامى وەفدەكە بە گرنگيەوە باسى كۆنگرەكە دەكات و دەڵێت "ئەم كۆنگرەيە لە لايەن باڵاترين دەزگاى سەر بە ڕێبازى سونى لە عێراق بەستراوە و مەبەست لێى پەرەپێدانى بەيەكەوە ژيان و لێبوردەيى بوو لە ڕێگەى دژايەتى كردنى پەڕگيرى و تيرۆر لە ميانى لێكۆڵينەوەى پەروەردەييدا، ئەم كۆنگرەيە درێژەپێدەرى كۆنگرەى يەكەم بوو كە تايبەت بوو بە زانا ئاينييەكان، بەڵام ئەمجارە بانگهێشتى دەزگا ئەكاديميەكانيان كردبوو و مامۆستايانى زانكۆ لە سەرتاسەرى عێڕاق بەشداربوون ، وە كۆنگرە پێشكەشكردنى توێژينەوە بوو تايبەت بە بوارى پەروەردە كە چۆن بتوانين ڕووبەڕووى توندوتيژى و تيرۆر ببينەوە"
لە هەر دوو رۆژى كۆنگرەدا وەفدى زانكۆى كۆيە بەشداربوون و بە فەرمى بانگهێشت كرابوون لە لايەن ڕێكخەرى كۆنگرەكەوە، بۆ ئەم مەبەستە بەڕێز لەشكرى دەڵێت "وەفدى زانكۆى كۆيە لەسەر بانگهێشتى ديوانى وەقفى سونى بەشدارى كرد و ئامانج لێى ئاگاداربوون بوو لەو هەڵوێستەى كە ديوانەكە بەرامبەر بە تيرۆر و توندوتيژى هەيەتى، وە هەم لە نزيكەوە ئاشنايەتى بوو لەگەڵ مامۆستايانى زانكۆكانى تر و دروستكردنى پەيوەنديەكى توندوتۆڵ لەگەڵ دەزگا ئەكاديميەكانى تر"
عێراق لەم ڕۆژانەدا بە دۆخێكى پڕ توندوتيژى و تيرۆردا گوزەر دەكات و كۆمەڵگەى عێراقى وابەستەى پەڕگيرى و پەرچەكردارى توندڕەوانە بووە، هەر ئەم خاڵانە ڕاستەوخۆ هاندەرى بەستنى ئەم كۆنگرەيە بووە و زياتر لە سێ هەزار ئەكاديمى كۆكردۆتەوە، بەڕێز دكتۆر حەيدەر لەم ڕووەوە دەڵێت "ئامانجى كۆنگرەكە ئەوە بوو كە چى بكرێت لە ڕێگەى پەروەردەوە تا مرۆڤەكان دوور بكەونەوە لە توندوتيژى و تيرۆر و رەفتارى پەڕگيرانە، بڕيارەكانى كۆنگرەش زياتر پێداگيرى لەوە كردەوە كە دەشێت ئێمە لە ڕێگەى پەروەردەيەكى تەندروست و كراوە و پەروەردەيەكى نا تايفى دژ بە مەزهەب گەرايى بەيەكەوە لە عێراقدا بژين و ژيان بەسەر بەرين "
هەر لە ميانى سەردانەكەدا بۆ شارى بەغدا، وەفدەكەى زانكۆى كۆيە بەتايبەت لەگەڵ بەڕێز د.فواد مەعسوم سەرۆك كۆمارى عێراق كۆبوونەوە بۆ تاوتوێ كردنى بارودۆخى كوردستان و ڕەوشى زانكۆى كۆيە و ديدەدكان لەم ڕووەوە ئاڵوگۆڕكران.
ئامادەكردنى : سەيران حوسێن