بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆى كۆيە بەشدارى كرد لە كۆبوونەوەيەكى وەزارەتى خوێندنى باڵا

News #12, Issue 25, Jan 2017 | Núcey #12, Jhimarey 25, Mangí 1 Sallí 2017 | نوچەی 12، ژمارەى 25 مانگی 1 ساڵی 2017

بە مەبەستى هەڵسەنگاندنى كاروچالاكيەكانى بەڕێوەبەرايەتى و سەنتەرەكانى بەكارخستن، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، كۆبوونەوەيەكى بە بەشدارى سەرجەم بەرێوەبەرايەتيەكانى پەيوەنديدار ڕێكخست، ستافى سەنتەرى بەكارخستنى زانكۆى كۆيەش بەشداربوون.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لە ئەمڕۆدا کۆمەڵگەکەمان پێویستى زۆرى بەزیادکردن و فراوانکردنى توانا مرۆییەکانە، بەبێ زیادکردنى توانا مرۆییەکان هەوڵەکان بۆ پێشکەوتن و ئاوەدانکردنەوەى کوردستان دەسکەوتى گرنگ و گەورەى لێ بەدینایات.

ئەو ڕاگەیاندنەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانەى پێشکەشکردنى وتەیەک هات، کە ڕۆژى دووشەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠١٧) لە ئیڤێنتى تایبەت بەهەڵسەنگاندنى کاروچالاکیەکانى سێنتەرەکانى بەکارخستن و بەرنامەى (ئینتێرنشیپ) ڕێکخرابو.

لەو ئیڤێنتەدا، کە بەئامادەبونى د.جوان جەلال بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە ڕۆشنبیرییەکان لە دیوانى وەزارەت و، خاتو دیلان ئاکرێى لە نوسینگەى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بەڕێوەبەرى سێنتەرەکان بەکارخستن و نوێنەرى ڕێکخراوى ئایرێکس بەڕێوەچو، چەند وتەیەک پێشکەشکرا.

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وتەیەکدا بەگرنگیەوە باسى لە سێنتەرەکانى بەکارخستن و ڕاهێنانى خوێندکاران کرد وتى: هەرچەندە بەستنەوەى زانکۆ و پرۆگرامەکانى خوێندن بەپێویستیەکانى کۆمەڵگە بیرۆکەیەکى کۆنە، بەڵام بۆ کۆمەڵگەى ئێمە بیرۆکەیەکى تازەیە، چونکە پێشتر لە سایەى سیستمە سیاسیە حکومڕانەکانى ئێراق هەمو شتێک سێنتراڵ (مرکزى) بو، سیستمى خوێندنیش هاوشێوەى کەرتەکانى دیکەى ژیان ناوەندى بو، شێوازى خوێندن و، وەرگرتنى خوێندکاران و دامەزراندنى دەرچوان هەمو شتێک ناوەندى بو، بەڵام کە سیستمى سیاسى دەگۆڕى، بەهەمان شێوەى سیستمى ئابوریش گۆڕا بۆ سیستمێک کە لە بوارى ئابورى دەکەشیتەوە و، چالاکیە ئابورییەکانى بچوک دەکاتەوە.

لەو كۆبوونەوەيەدا هەريەك لە بەڕێزان ژينۆ جەوهەر ئەبوبەكر و قومرى ئەبوبەكر مارف وەك ستافى سەنتەرى بەكارخستنى زانكۆى كۆيە بەشداربوون.

لە لايەن بەرێز ژينۆخان كاروچالاكيەكانى بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆى كۆيە لە ساڵى ٢٠١٦، بە زمانى ئينگليزى بۆ ئامادەبووان خرايە ڕوو.

بۆ زانيارى پتر كليك لێرە بكە.

بەرێوەبەرايەتى بەكارخستن

بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆى كۆيە بە گوێرەى فەرمانێكى وەزارى لە چوارچێوەى ستراتيژيەتێكى بەهێز بۆ بەستنەوەى دامەزراوەى زانكۆ بە بازارى كارەوە دامەزراوە، لە ڕووى كارگێڕيەوە سەر بە نوسينگەى جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵادايە. ئەم بەڕێوەبەرايەتيە تەنها لایەنێکی رێگا نیشاندەرن، هاوکاری خوێندکاران دەکەن بۆ چۆنيەتى دۆزینەوەی هەلی کار بە هەماهەنگی لەگەڵ خاوەن کارەکان لە سنوری جوگرافی زانکۆکان.

بۆ خوێندنەوەى زانيارى زياتر لەبارەى بەڕێوەبەرايەتى بەكارخستنى زانكۆى كۆيە كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ