كۆبوونەوە
News #09 Issue 02, February 2015 | نوچەی 09، ژمارەی 2، مانگی 2 ساڵی 2015 | Núcey #09, Jhimarey 02, Mangí 2 Sallí 2015
سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ فەرمانبەران كۆبۆوە
رۆژى دووشەممە ٢٣/٢/٢٠١٥ كاژێر ١١ى پێش نيوەرۆ لەهۆڵى LT1001ى سەرۆكايەتى, بەرێز دكتۆر وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە بەشدارى بەرێز دكتۆر رۆستەم سەلام عەزيز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێرى و دارايى لەگەڵ ئەو فەرمانبەرانە كۆبۆوە كە وەك هەڵوێست وەرگرتنێك داواى موچە و مافە ياساييەكانى خۆيان كردبوو. لەسەرەتادا بەرێز دكتۆر وەلى بەخێرهاتنى كردن و هەوڵەكانى خۆى بۆ باسكردن بۆ گەياندنى داواكانيان بەسەرووى خۆى و وتى: دوێنێ لە كۆبوونەوەى وەزارەت ئەو كێشەيەم باسكردوە و داوام لە بەرێز وەزيرى خوێندنى باڵا كردوە كە شێوازى پابەندبوون بەدەوام لەهەموو زانكۆكان وەك يەك بێت و بەرێزيان هەوڵەكانى چڕتربكاتەوە بۆ وەرگرتنى مافى فەرمانبەرانى وەزارەتەكەى. پاشان بارودۆخەكەى بۆ ئامادەبووان شيكردەوە و وێڕاى مافدان بە هەڵوێست وەرگرتنى فەرمانبەران وتى: "لە ئێستادا حكومەت لە ئەزمەيەكى دارايى گەورەيەدا و هەروەك سەرۆكى ئەنجومەنى وەزيران وتويەتى ئەو موچەيەى ئێوەش كە لاى حكومەتە نافەوتێت, هيوادارين و گومان دەكەين لەماوەى ئاييندەيەكى نزيكدا ئەو بارودۆخە بەرەو باشبوون بچێت و ئاسايى ببێتەوە." هەرەوەها ئاماژەى بەوەدا "فەرمانبەران دەتوانن بەگوێرەى ياسا و ڕێنماييەكان مۆڵەتى ئاسايى خۆيان وەربگرن, لە چوارچێوەى ياساشدا هەر كار و ئاسانكاريەك پێمبكرێت بۆتان, بێگومان بن لەوەى هاوكاريتان دەكەم و ئاسانكاريتان بۆ دەكەم" لەكۆتاييشدا لە لايەن ئامادەبوانەوە سەرنج و تێبينى و داواكاريان ئاراستەى سەرۆكى زانكۆ كرد و داوايان كرد ئەم چەشنە كۆبوونەوانە بەردەواميان هەبێت, بەرێزيشيان وەڵامى ئامادەبووانى دايەوە.