وۆركشۆپى نێودەوڵەتى وەرزش شێوازى ژيانێكى تەندروستە بەڕێوەچوو
News #02 , Issue 50 , Jan 2019 | Núcey #02 , Jhimarey 50, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 01، ژمارەى 50 - مانگی 02 ساڵی 2019
ڕۆژانى ٣-٤ شوباتى ٢٠١٩ سكولى پەروەردەى وەرزشى زانكۆى كۆيە وۆرك شۆپێكى نێودەوڵەتى ئەنجامدا بەناونيشانى (وەرزش شێوازى ژانێكى تەندرووستە).
ئەم وۆركشۆپە بە هاوبەشى بوو لەگەڵ ئەكاديمياى توێژينەوە و ڕاهێنان لە بەڕيتانيا و زانكۆى بيروجياى ئيتاڵيا.
وۆرك شۆپەكە كە ماوەى (٢) ڕۆژى خاياند ڕۆژى يەكەم لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ و ڕۆژى دووەم لە سكوڵى پەروەردەى وەرزش بەڕێوەچوو بە ئامادەبوونى سەرۆكى زانكۆ و مامۆستايان و خوێندكاران و چەندين ميوانى نێودەوڵەتى و ناوخۆى هەرێم وبەبەشدارى چەند پسپۆڕێكى نێودەوڵەتى لە زانكۆكانى ئيتاليا و بەريتانيا .
لە رۆژى يەكەمى وۆرك شۆپەكەدا بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە وتەيەكى پێشكەش كرد كە ئەمەى خوارەوە ناوەرۆكەكەيەتى:
بەناوى خواى گەورەو میهرەبان
ئامادەبوانى خۆشەویست
هەردوو بەڕێزان پرۆفیسۆر وسام الشیخلى، پرۆفیسۆر باولا جیمیلوتى
مامۆستایانى سکوڵى وەرزش
میوانانى زانکۆى کۆیە
سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە و سکوڵى وەرزشى ئەم زانکۆیە ئەمرۆ رۆژێکى گرینگ و مێژوویى خۆى بەڕێدەکا،ئەویش ئەنجامدانى (وۆرک شۆپى نیودەوڵەتیە) لەژیر ناونیشانى (وەرزش شێوازى ژیانێکى تەندروستە) بەهاوبەشى لەگەڵ
ئەکادیمیاى زانستى- بەریتانیا و زانکۆى بیرۆجاى ایتالیا.
ئەم کارەى ئەمرۆمان یەکێکە لە ئەرکە لە پێشینەکانى زانکۆ کە بڵاوکردنەوەى ڕۆشنبیریە بۆ کۆمەڵگەى دەوروبەرى زانکۆ و گرینگیەکى ترى ئەم کارە ئەوەیە کە مرۆڤ لەم سەردەمى تەکنەلۆجیاو گۆڕانکارى لە سیستەمى ژیان و جووڵەو خۆراک (وەرزش کردن) بۆتە پێویستیەکى ژیان و جۆرەها نەخۆشى سەردەم بە هۆکارى وەرزش نەکردن ڕوویان لە ئێمەى مرۆڤ کردوە.
لەلایەکى تر گرینگى ئەم وۆرک شۆپە لەوەدایە کە دوو پڕۆفیسۆرى بەناوبانگى بوارى وەرزش و (پزیشکى وەرزش) لە دوو دەزگاى گرینگ خۆبەخشانە بەشدارن لەگەڵمان. واتە زانکۆمان لەسەر ڕێگەو ئەرکە سەرەکیەکەى خۆى بەردەوامە چونکە جگە لەوەى سکوڵى وەرزشى زانکۆمان ساڵانە چەندین کادیرى بە ئەزموون و پڕۆفیشناڵ پێدەگەیەنێ بۆ ناو کۆمەڵگا، لەهەمان کات بەڕێوەبەرایەتى وەرزشى زانکۆمان هەم یاریگایەکى تۆپى پێ ى بچوک کراوەمان هەیە کە دەرگاى کراوەیە بۆ گەنجان و وەرزش دۆستانى ناوەوەى زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ. لەگەڵ ئەوەش بە بەردەوام خول بۆ خوێندکاران و مامۆستایانمان دەکاتەوە. لە ساڵى ڕابردووەوەش لە سکوڵى وەرزش دەستمان کردوە بە بەگەڕ خستنى مەلەوانگەى داخراوى زانکۆمان بۆ خەڵکى ناو زانکۆ و دەرەوەى زانکۆ. وە هەندێک کارى ترى پێویست ماوە کە لەگەڵ مامۆستایانى سکوڵ لە هەوڵ و هەماهەنگى داین بیکەین (هۆڵى فیتنێس و چارەسەرى سروشتیە)
بەڕێزان
سکوڵى وەرزشى زانکۆمان بە بەراورد بە بەشەکانى ترى زانکۆى کۆیە زۆرترین ژمارەى (پرۆفیسۆر و پڕۆفیسۆرى یاریدەدەرى) هەیە، باشترین ژمارەى ستافى هەیە، وە مامۆستای زۆر بەتواناى تیایە، بۆیە زانکۆمان لەپلانى دایە ئەو ئاست و توانستە (وەبەرهێنانى زانستى تیا بکات) وە ناکرێت زانکۆ لە کێ بڕکێ ى زانستى ناوخۆیى و نێودەوڵەتى سوودى پێویست و شایستە لەم مامۆستایانەى نەبینێ وە لێرەوە لەم بۆنەو چالاکیە گرینگە زانستیە مامۆستایان و پسپۆڕانى سکوڵ ڕادەسپێرم بە ئەنجام دانى کارى گرینگى توێژینەوەو چالاکى زانستى لەسەر ئاستى نێوخۆى هەرێم و عێراق دەرەوە چونکە وا پێویستە زانکۆى کۆیە بە سەرجەم ستاف و پسپۆڕەکانى کە تواناى زانستى باشیان هەیە لە کایە و کێ بڕکێ کانى (Ranking)بمێنێتەوە.
هیوادارم وۆرک شۆپەکە سوودى خۆى بگەیەنێ و هیواى سەرکەوتن بۆ هەردوو بەڕێزان پرۆفیسۆر وسام و پرۆفیسۆر باولا دەخوازم هیوادارم کاتێکى خۆش لە زانکۆمان و لە کوردستان ببەنە سەر.
لە کۆتایى دا سوپاسى لیژنەى وۆرک شوپ و تەواوى هاوکاران و سەرۆکایەتى سکوڵ و تیمى ڕاگەیاندن و دڵنیایى جۆرى و یەکە یەکەى ئەندامانى هاوکارى سەرخستنى ئەم کارە گرینگە دەکەم."
پ.د.سەعيد ساڵح حمدامين سەرۆكى ليژنەى ئامادەكارى وۆركشۆپ دەڵێت" لەم وۆرك شۆپە نێودەوڵەتييە (٢) وانەبێژ لە وڵاتانى ئيتاليا و بەريتانيا ئامادەبوون و وۆرك شۆپەكە بەگشتى (٥) تەوەرى لە خۆگرتبوو و ئەم كارەشمان ئامادەكارييە بۆ ئەوەى لە ئايندەيەكى نزيكدا كۆنفرانسێكى نێودەوڵەتى سازبكەين"
لەبارەى كۆنفرانسەكەوە دەڵێت" كۆنفرانسى نێودەوڵەتى لەگەڵ ئەم وانە بێژانەو چەندين وانەبێژو پسپۆڕى تر بەتەوەر و بابەتى زياتريش دەبێت" لەبارەى پرۆگرامى وۆرك شۆپەكەش ئاماژەى بەوەدا كە ڕۆژى يەكەم باس لەتەكنۆلۆژياى وەرزش كرا وڕۆژى دووەميش باس لە فەلسەفەى توێژينەوەى زانستى و ڕۆشنبيرى وەرزشى وەرزشەوان و ناوەرزشەوان كرا.
بەڕێز د. پاولا پزيشكێكى ئيتالييە و لەگەڵ هاوسەرەكەى كە هاوپيشەن وەك وانەبێژ بەشدارى وۆرك شۆپەكە بوو دەڵێت" من پزيشكى پسپۆڕى فرياگوزاريم ماوەى چەندين ساڵ لەگەڵ هاوسەرەكەم بەيەكەوە ڕاهێنانى فيسيۆلۆژيمان خوێندووە و لە زانكۆى فەلوجە وانەى تايبەت بە پسپۆرييەمان وتۆتەوە."
سەبارەت بە زانكۆى كۆيە د. پاولا وتى" زۆر خۆشحاڵم بەو سەردانييەم بۆ زانكۆى كۆيە بەتاتيبەت كە لەناچەيەكى شاخاوييە و دوورە لە شارە گەورەكان. "
پاولا پسپۆريشى هەيە لە بوارى ڕاهێنانى ژينگەى سروشتى " زۆرخۆشحاڵم كە ئێوە بايەخێكى تايبەت دەدەن بە ڕاهێنانى فيزيكى بۆ ستايلى ژيانێكى باشتر و ستافى زانكۆكەتان هەر لە سەرۆكى زانكۆوە تادەگاتە خوێندكاران زۆر باشن و خەڵكى بەڕێز و سەركەوتوون و ئەمەش يەكەمين جارمە لەعيراق بێم بۆ هەرێمى كوردستان و پێشتر لە سوريا و ئوردن و ئێران بووم و كارم كردووە ، بەڵام هەرگيز پێشتر نەهاتووم بۆ هەرێمێكى كوردنشين هەربۆيەش جارێكى تريش زۆر خۆشحاڵ بووم."
د. هۆشيار عبدالرحمن محمد ماممۆستا لە كۆلێژى پەروەردەى وەرزش لە زانكۆى سلێمانى و يەكێك بوو لە ميوانانى وۆرك شۆپەكە دەڵێت" زۆر ئاسوودەم بە ئامادەبوونم لەم وۆرك شۆپە كە تێيدا هەمووان سوودمەندبووين بۆئەوەى مامۆستايان و خوێندكاران بتوانن باشتر توێژينەوەكانيان بكەن لەبابەتى تەندروستى وەرزشى بۆئەوەى ببێتە ببێتە سەرژاوەو بنەمايەك بۆ خوێندكاران. "
هەروەها وتى " هيوادارم ئەم جۆرە چالاكيانە بەردەوام بن و درێژەيان هەبێت چونكە هەر سيمينار و وۆرك شۆپێك سوودى تايبەتى خۆى خۆى هەيە و هيواى سەركەوتنيان بۆ دەخوازم. "
بەڕێز هاوكار رەسول پيرۆت خوێندكارى قۆناغى سێيەمى سكولى وەرزش لە زانكۆى كۆيە دەڵێت " هيودارين زانكۆى كۆيە هەميشە و زياتر گرنگى بدات بە ئەنجامدانى ئەم جۆرە چالاكيانە چونكە بۆ ئێمەى خوێندكاران زۆرپێويستە. "
هەروەك دەڵێت" بابەتەكان بە گشتى زۆر بەپێز بوون و وەرگێڕانەكەشى زۆر باش بوو ، وانەكانى د. وسام و د. پاولا زۆر باش بوون بەتايبەت بۆ خوێندكارانى قۆناغى چوارەم هەم بۆ ئەنجامدانى توێژينەكانيان و هەميش بۆ ژيان تەندروستى و پسپۆرى خۆيان"
ئا: ژوورى هەواڵ