وۆرك شۆپى رۆژى جيهانى زمانى دايك پێشكەشكرا

News #14, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #14, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١٤، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016

بەشى زمانى كوردى زانكۆى كۆيە لە ڕۆژى جيهانى زمانى دايكدا وۆرك شۆپێكى زانستى ڕێكخست كە نۆ پوختەى توێژينەوەى تێدا پێشكەشكرا، بە ئامادەبوونى سەرۆكى زانكۆ و جێگرەكانى و ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستايان و خوێندكاران.

رۆژى يەك شەممە ٢١ / ٢ / ٢٠١٦ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە وۆرك شۆپێكى زانستى يەك رۆژە لە لايەن بەشى كوردى - فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆمان ڕێكخرا لە چوارچێوەى ڕۆژى جيهانى زمانى دايك.

سەرەتاى وۆرك شۆپەكە بەڕێز د.نەوزاد ئەنوەر سەرۆكى بەشى زمانى كوردى ئاماژەى ئامانجەكانى ڕێكخستنى وۆرك شۆپەكە و گرنگيەكەى دا "زمان بابەتێكى گرنگە و بەستراوەتەوە بە بوونى نەتەوەيەكەوە، لەم رۆژەدا دەمانەوێت پوختەى نۆ توێژينەوەتان پێشكەش بكەين كە گوزارشت دەكات لە زمانى كوردى و زمان بەشێوەيەكى گشتى، وە ڕونكردنەوەى بارودۆخى زمانى كوردى لە ئێستادا، سوپاسى هاتنتان دەكەين و پەرۆشيتان بەرز دەنرخێنين"

دواتر بەرێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەشى ئامادەبووان كرد " خۆشحاڵم كە زانكۆى كۆيە بۆ جارى دووەم ئەم يادە بەرز دەنرخێنێت. بابەتى زمان بابەتێكە سەرجەم دەزگاكانى پەروەردە و فێركردن دەبێت كارى بۆ بكەن و پرۆژە پێشكەش بكەن بۆ پاراستن و پەرەپێدانى بەشێوەيەكى زانستيانە" هەروەها وتى "يەكێك لە هۆيەكانى مانەوەى نەتەوەكەمان مانەوەى زمانەكەمانە بۆيە لەسەرمان پێويستە گرنگى پێ بدەين و لە لەناوچوون و دواكەوتن بيپارێزين" هەروەها بەرێز سەرۆكى زانكۆ ئاماژەى بە گرنگى وۆرك شۆپەكەدا و لە كۆتاييشدا وێراى داواى سەركەوتنى وۆرك شۆپەكە، هيواى خواستن ساڵانى ئاييندە كۆنفرانسى مەزنترى بۆ ڕێك بخرێت.

پاشان تەوەرەكانى وۆرك شۆپەكە دەستى پێكرد بەم شێوەيەى خوارەوە:

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایک دەکەوێتە ٢١ی شوباتی ھەموو ساڵێک. ئامانج لەم ڕۆژە بەرزکردنەوەی ئاستی ھۆشیارییە بەرامبەر فرەزمانی و فرەفەرهەنگی لە جیھاندا. ئەم ڕۆژە یەکەمجار لە ١٧ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٩٩ لەلایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە ڕاگەیەندرا. ساڵی ٢٠٠٨یش ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ چالاکییەکانی ئەو ڕۆژە پیشان دا و ساڵی ٢٠٠٨یشی کردە ساڵی نێودەوڵەتیی زمانەکان.

ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکی لە رۆژی بزاڤی زمانی ساڵی ١٩٥٢ی بەنگلادیش (ڕۆژھەڵاتی ئەوسای پاکستان بەر لە سەربەخۆیی)ەوە سەرچاوەی گرتووە. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابیی زانکۆی داکا کە دژی سیاسەتی زمانیی دەوڵەتی پاکستان ناڕەزایییان دەردەبڕی، بە دەستی ھێزەکانی پۆلیس و سوپای پاکستان کوژران. بۆ زانيارى زياتر لێرە كليك بكە

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ