(26) بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا، وەزارەتى خوێندنى باڵا پێکهێنانى ژورى عەمەلیات ڕادەگەیەنێت

بەڕێوەبەرایەتى ڕاگەیاندنى وەزارەت

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: لەپێناو پاراستنى سەلامەتی ژیانی هاوڵاتیان، ئەنجومەنى وەزارەت هەڵمەتى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕادەگەیەنێت و تیمە زانستیەکانى زانکۆکانیش هاوکار دەبن بۆ هۆشیارى تەندروستى، ڕاوێژى زانستى و ئەنجامدانى توێژینەوە.

ئەم بڕیارەى د. ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٦/٢/٢٠٢٠) لە میانى سەرپەرشتى کردنى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت هات کە بە ئامادەبونى سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکان بەڕێوەچو.

لەسەرەتاى کۆبونەوەکەدا د. ئارام محمد قادر لە وتەیەکدا ئامانجى سەرەکى کۆبونەوەکەى خستەڕو کە بریتیە لە داڕشتنى میکانزمى پێویست بۆ چۆنیەتى ڕوبەڕوبونەوى ڤایرۆسى کۆرۆنا و چۆنیەتى بەشدارى دامودەزگاو دامەزراوە زانستیەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان بۆ پشتیوانیکردنى وەزارەتى تەندروستى لە ڕوبەڕوبونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

وەزیرى خوێندنى باڵا وتیشى: ناوەندە زانستى و پزیشکییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و زانکۆکان، بەشدارى کاراو گرنگ لەم هەڵمەتە دەبینین بە تایبەتى بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى خۆپاراستن بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.

ئەنجومەنی وەزارەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر دو ئاست چەند بڕیارێکى دەرکرد:

1. پێکهێنانى ژورى عەمەلیاتى سەرەکى لەسەر ئاستى وەزارەت، بەسەرۆکایەتى وەزیرى خوێندنى باڵا و ڕاوێژکارى وەزیر و سەرۆکى بۆردى کوردستانى و سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى و ڕاگرى کۆلێجە پزیشکییەکانى زانکۆکان.

2. دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لەهەمو شارەکان لێژنەى هاوبەش پێکدەهێنن لە کۆلێجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و زانستە تەندروستییەکان و زانستە بنچینەییە پەیوەندارەکان.

3. هەمو توانا مرۆییەکانى زانکۆکانمان لە پزیشکان و پسپۆڕان و ئەکادیمییەکانمان پشتیوانى وەزارەتى تەندروستى و دامودەزگاکانى تەندروستى دەبن.

4. ئەو تیمانەى لە ئاستى شارەکان پێکدێن هاوکار دەبن لە بڵاوکردنەوەى هۆشیارى تەندروستى و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەى نەخۆشیەکەو پلانى چارەسەرو ئەنجامدانى توێژینەوەى زانستى و ڕاوێژ و ڕاپۆرتى بەردەوام بۆ پشتیوانیکردنى هەوڵەکانى وەزارەتى تەندروستى.

5. هەمو ژێرخانى زانستى کۆلیجەکانى کۆمەڵەى پزیشکى و سێنتەرەکانى توێژینەوە لە خزمەت ئەم پرۆسەیە دەبن، بە تایبەت ئەو ئامێر و تەکنەلۆجیایانەى کە بۆ دەستنیشانکردنى نەخۆشیەکە سودیان لێوەردەگیرێت.

6. کۆمەڵانى خەڵک دڵنیا دەکەین کە خوێندنى باڵا پشتیوانى تەواو دەبێت پێکەوە دەتوانین لەم کارەدا سەرکەوتو بین.

هەر لە کۆبونەوەکەدا لەلایەن هەریەک لە سەرۆک زانکۆ و ئامادەبوان و ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى لە زانکۆکانى کوردستان لەڕێگەى پریزینتەیشن و خستنەڕوى ڕێـنمایى چەند پێشنیازێک بۆ ناوەندەکانى خوێندن خرایەڕو و بڕیاردرا بخرێنە بەرنامەى کارى تیمەکانى وەزارەتەوە.

لە بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا باس لە دواین کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزیران کرا بۆ ڕاگەیاندنى هەڵمەتى نیشتمانى ڕوبەڕوبونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆناو چەند بڕیارێک دەربارەی پلان و هەنگاو و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاماژەدان بە پشوى ناوەندەکانى خوێندن کە لە زانکۆ و پەیمانگە (حکومى و تایبەتەکان) بەم شێوەیە دەبێت:

· لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕێکەوتى (29-2-2020) پشو دەبێت تاکو ڕێکەوتى (1-4-2020) خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

· پشوەکە تایبەتە بە ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن و تەنها خوێندکاران/قوتابیان دەگرێتەوە، واتە مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامودەزگاکانى وەزارەت و زانکۆکان ناگرێتەوە.

دوا بەدواى تەواوبونى کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەت، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندنى ژورى عەمەلیات و میکانیزمەکانى خۆپاراستن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا خستەڕو.

http://mhe-krg.org/ku/node/4131