سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ مامۆستايانى سكوڵى پەروەردەى وەرزشى كۆبۆوە
News #08, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #08, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٨، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016
بە مەبەستى گفتوگۆكردن دەربارەى كێشەكانى ئێستاى هەرێمى كوردستان و كاريگەرى لەسەر پرۆسەى خوێندن، سەرۆكىزانكۆى كۆيە لەگەڵ مامۆستايانى سكوڵى پەروەردەى وەرزشى كۆبۆوە.
ڕۆژى سێ شەممە ٨ / ٢ / ٢٠١٦ بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ لە هۆڵى سميناراتى سكوڵى پەروەردەى وەرزشى لەگەڵ مامۆستايانى سكوڵەكە كۆبۆوە دەربارەى كاريگەرى كێشەكانى هەرێمى كوردستان لەسەر پرۆسەى خوێندن و هەڵوێستەكانيان سەبارەت بە شێوازى نوێ ى دابەشكردنى مووچە.
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە سەرەتاى قسەكانيدا ئاماژەى بەسەختى قۆناغەكە كرد و ڕوونى كردەوە كە دۆخى ئابوورى هەرێمى كوردستان دۆخێكى ناسكە و بەرپرسيارێتى و ئەركى سەرشانى مامۆستايانيش قورسە، هەروەها ئاماژەى بە بارودۆخى تايبەتى مامۆستاياندا و وتى "بارودۆخى مامۆستايانيش جياوازە بەگوێرەى توانا و تايبەتمەنديەكانيان لە ڕووى شوێنى نيشتەجێ بوون و هاتوچۆكردن و پلەى زانستى و بارى مادديان."
هەروەها بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتى "كۆبوونەوەمان لەگەڵتان بە ئامانجى دروستكردنى لێكگەيشتن و هەماهەنگيە لە نێوانمان، گرنگە توێژەكانى ديكەى كۆمەڵگەكەمان لەبيرنەكەين بەتايبەت پێشمەرگە و بارودۆخيان و منداڵى پێشمەرگە كە لە زانكۆيە و خەريكى خوێندن و ديراسەتە، سەنگەرى كاركردنى مامۆستايان هۆڵەكانى خوێندنە و ئەگەر هەموومان سەنگەرى كارەكانمان جێبهێڵين بارودۆخەكە زۆر لەوەى هەيە خراپتر دەبێت."
لە چوارچێوەى وتەكانيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ جەختيكردەوە كەوا بايكۆت كردن و جێهێشتنى دەوام بەهيچ شێوەيەك چارەسەر نييە، وە داواشى لە سەرۆكى سكوڵ كرد ئاسانكارى زياتر بكەن، هەروەها وتى " سەرۆكايەتى زانكۆ لەگەڵ مامۆستايان هاوسۆزە و خۆمان جياناكەينەوە لێتان، هەموومان بەشدارين تێيدا و داواى مافەكانتان دەكەين"
لە ميانەى وتەكانيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ئەوەى بيرى مامۆستايان هێنايەوە كە زانكۆى كۆيە يەكێكە لە زانكۆ پێشەنگەكانى هەرێمى كوردستان و ئەمەش بە هەوڵ و كۆششى مامۆستايان بەدى هاتووە، بۆيە پێويستە مامۆستايان پارێزگارى لەم پێگە بەرزەى زانكۆ بكەن و بەردەوام بن لەسەر وانەوتنەوە بە منداڵانى شەهيد و پێشمەرگە .
لە كۆتايى قسەكانيشيدا وتى " داواتان لێدەكەم ويژدانتان بكەنە دادوەر بۆ بڕيارى يەكلاكەرەوە"
دواتر نوێنەرى مامۆستايان، لە وتەيەكى دەخولەكيدا تەواوى داوا و داخوازيەكان و بارودۆخى مامۆستايانى سكوڵەكەى بۆ بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ڕوونكردەوە و لەگەڵ بەڕێزيان گفتوگۆى كرد.
سكوڵى پەروەردەى وەرزش:
سكوڵى پەروەردەى وەرزش سەر بە فەكەڵتى پەروەردەيە، كاردەكات بۆ بەهەمهێنانى پسپۆرى وەرزشى و بە ئامانجى بەرەوپێشەوبردنى دۆخى وەرزش لە كوردستان، هەروەها پەرەپێدانى كلتورى وەرزش و گيانى وەرزشى، ئەم سكوڵە لە ئێستادا پێك دێت لە (٣٠) مامۆستا و (٢٢١) خوێندكار. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.
وێنەكان : كاردۆ محەمەد