خولی ئامادەکاری خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆی کۆیە

News #02, Issue 47, Nov 2018 | Núcey #02, Jhimarey 47, Mangí 11 Sallí 2018 | نوچەی 02، ژمارەى 47 مانگی 11 ساڵی 2018

بە سەرپەرشتیاری بەڕێز پ.ی.د.حیدر لەشکری یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، خولی ئامادەکاری قۆناغی یەکەمی گشت بەشەکانی زانکۆی کۆیە ئەنجام دەدرێت و لە فاکەڵتی ئەندازیاری دەست پێ دەکات ڕۆژی دوو شەممە ڕێکەوتی ١٩ ی تشرینی دووەم تاکو چوار شەممە ڕێکەوتی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨.

ئەم خولە ئەنجام دەدرێت لە لایەن هەردوو بەڕێزان د. تارا فؤاد طاهر لە فاکەڵتی زانست و تەندروستی و م. ئارەزوو ڕەشید عثمان، سەرۆک بەشی ئینگلیزی لە فاکەڵتی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان. کۆی گشتی کاتژمێرەکانی خولەکە ١٠ کاتژمێرە لە چەندین بابەتی جیاوازی ئەکادیمی.

ئامانجی خولەکە:

• ئامادەکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بۆ دەست پێکردنی خوێندنی ئاکادیمی زانکۆ لە ڕێگای پێدانی گشت زانیارییەکان لە سەر زانکۆ و فاکەڵتییەکان و بەشەکان لە ڕووی ڕێنماییەکانەوە.

• پێدانی زانیاری لە سەر ژیانی زانکۆ لە ڕووی دابەش کردنی کات، گرنگی دان بە خواردنی تەندروست و ئەنجام دانی چالاکییەکان لە ناو زانکۆ.

• یارمەتی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بۆ زاڵبوون بەسەر دڵەڕاوکێ ی کە تووشیان دەبێت لە سەرەتای دەست پێکردنی خوێندنی ئەکادیمی زانکۆ.

• فێرکردنی خوێندکاری چۆنییەتی تۆمارکردنی تێبینییەکان لە کاتی ووانە و شێوازی ڕاست بۆ وەڵامدانەوەی تاقیکردنەوەکان.

• چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە سەرچاوەکان و بەکارهێنانی کتێبخانەی زانکۆ و شێوازی نووسینی ڕاپۆرت.

• گرنگی فیدباکی خوێندکاران و چۆنیەتی بەکارهێنان و نووسینی ئیمێلی فەرمی.

• چۆنیەتی پەرەپێدان بە زمانی ئینگلیزی

• ناساندنی خوێندکارانی قۆناغی یەکەم بە هەڵسووکەوتە شیاوەکان لە زانکۆ.