دوکتۆرێک لە شاخەوە بۆ شار

News #12, Issue 00, Jan 2014 | Núcey #12, Jhimarey 00, Mangí 12 Sallí 2014 | نوچەی 12، ژمارەی 00، مانگی 12 ساڵی 2014

دوکتۆرێک لە شاخەوە بۆ شار، خزمەتێکى بەردەوام

کورتەیەکى بیوگرافیاى د.خدر مەعسوم

- ناوى خدر کوڕى مەلا مەعسومى کورى مەلا خدرى هەورامییە.

- دایکى ناوى (ئامینە خانى) کچى (حاجى ئاغا مستەفا)ى کەسایەتى ناسراوى کۆیە بووە، لەڕێکەوتى 3/3/1947 لەشارى کۆیە هاتۆتە دنیاوە.

- لە ساڵى 1955 لە قوتابخانەى یەکەمى سەرەتایى لەشارى کۆیە دەستى بەخوێندن کردووەو دوایى لە ساڵى 1961 چۆتە قوتابخانەى ناوەندى کۆیە. لەهەمان ساڵدا بووەتە ئەندامى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان.

- ساڵى 1963 بەهاتنى بەعس بۆ سەر حوکم و داگیرکردنى کۆیە دەبێتە پێشمەرگەو لەگەلڕ باوک و خێزانەکەیان ڕوو لە شاخ دەکەن و بەدەستپێکردنى گفتوگۆ لەنێوان میرى و شۆڕش لە ساڵى 1964 دەگەڕێتەوە کۆیە. لەهەمان ساڵدا باوکى وەفات دەکات.

- لەساڵى 1965 قۆناغى ناوەندى تەواو دەکات.

- بەهۆى وەزعى نالەبارى سیاسى کۆیەو دەستپێکردنەوەى شەڕ لەگەڵ خێزانەکەیدا ساڵى 1965 دەچنە بەغداو لە خوێندنگاى (النچال) دەست بەخوێندن دەکات لەساڵى 1967 تەواوى دەکات بە پلەیەکى بەرز.

- بۆ خوێندنى زانکۆ ساڵى 1967 دەچێتە وڵاتى میسر لە فاکەڵتى پزیشکى زانکۆى قاهیرە دەست بەخوێندن دەکات و بڕوانامەى بەکالۆریۆس لە زانستى پزیشکى لە ساڵى 1973بەدەستدەهێنێت.

- لەساڵى 1974 دەچێتە ڕیزى شۆڕش دەبێتە لێپسراوى لقى (2)ى تەندرووستى لە شێروانى مەزن لە ناوچەى بادینان.

- لەدواى نسکۆى شۆڕش لە ساڵى 1975 ڕوو لەبەریتانیا دەکات بۆ تەواوکردنى خوێندنى باڵا لەهەمان کاتدا پەیوەندى بەردەوام دەبێت لەگەڵ بەڕێز (مام جەلال) بۆ ڕێکخستن و هەڵگیرساندنى شۆڕش.

- بەدامەزراندنى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەگەڵ هەڤاڵانى یەکەم بەیانى دامەزراندنى یەکێتییان لەبەریتانیا بڵاوکردەوەو دەستیان کرد بەڕێکخستن و کۆکردنەوەى هەڤاڵان لەدەورى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

- لەساڵى 1975 لەسەر داواى بەڕێز (مام جەلال) دێتە سوریا بۆ ڕێکخستن و ئامادەکردن بۆ گەڕانەوە بۆ کوردستان و بەمەش خوێندنەکەى بەجێدەهێڵێت. لەسەرەتاى شۆڕش لەگەڵ هەڤاڵانى لەمەفرەزە سەرەتاییەکان دەگەڕێنەوە کوردستان.

- لەساڵى 1977 دادەنرێت بە لێپسراوى لقى هەولێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان.

- لە ساڵى 1978 دەبێتە ئەندامى سەرکردایەتى و لێپسراوى لقى (3)ى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لەهەمان کاتدا لێپسراوى بەشى تەندرووستى و نەخۆشخانەى شۆڕش و سەرپەرشتى بەکارهێنانى ئێستگەى (دەنگى گەلى کوردستان) بووە. هەروەها سەرپەرشتى ڕێکخستنەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان کردووە.

- لە ساڵى 1981 بووەتە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى ڕۆژانەى مەکتەبى سیاسى و پەیوەندییە نیشتمانییەکان.

- لە 11/9/1982 ڕۆڵێکى گرنگى گێڕا لە دامەزراندنى یەکێتیى شۆڕشگێڕانى کوردستان، بەیەکگرتنەوەى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان - هێڵى گشتى لەگەڵ بزووتنەوەى سۆسیالیستى کوردستان.

- لە ساڵى 1983 ئەندامى وەفدى یەکێتیى بوو لەگەلڕ بەڕێز (مام جەلال) بۆ دانووسان لەگەڵ حکومەتى عێراق.

- لە ساڵى 1986 بۆ درێژەپێدان بە خوێندن دەگەڕێتەوە بەریتانیاو ژیانى هاوسەرى لەگەڵ کچى خاڵى (د. سیروان عەبدولواحید مستەفا) پێکدەهێنێت.

- لە ساڵى 1987 بڕوانامەى دبلۆمى باڵاى لە نەخۆشى (ناوچە گەرمەکان) لە زانکۆى لیڤەرپول وەرگرتووە.

- لەساڵى 1988 ماجستێرەکەشى لە هەمان پسپۆرى لە زانکۆى لەندەن وەرگرتووە.

- لە ساڵى 1989 لە سکوڵى پزیشکى زانکۆى لەندەن دامەزراوە.

- لەساڵى 1996 دکتۆراى لە (جیناتى پزیشکى) لەزانکۆى لەندەن وەرگرتووە. لەهەمان کاتدا ئەندامێکى کاراى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بووە، چەند ساڵێکیش لێپسراوى ڕێکخستنەکانى دەرەوە بووە.

- لە زانکۆى لەندەن وەکو مامۆستاو لێکۆڵینەرو پزیشک تا کۆتایى ساڵى 2005 کارى تێدا کردووە.

لە مانگى 12ى 2005 لەسەرداوى بەڕێز مام جەلال کارەکەى بەجێهێشتووەو گەڕاوەتەوە کوردستان و بووتە سەرۆکى زانکۆى کۆیە.

- زیاتر لە (50) لێکۆڵینەوەى زانستى لە گۆڤارە بەناوبانگەکانى جیهانیدا هەیە لەبوارى پسپۆریەکەى، لەهەمان کاتدا بە دەیان لێکۆڵینەوەى سیاسى هەیە لە بڵاوکراوەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و ڕۆژنامەو گۆڤارەکان.

- سەرپەرشتى دەیان نامەى ماجستێر و دکتۆراى کردووە.

- (3) مناڵى هەیە بەناوەکانى (ژیلوان، ئالان و دانا).

- ژیلوانى کچى ماستەرى لەمیدیا لە زانکۆى لەندەن بەدەستهێناوە.

- ئالانى کوڕى بەکالۆریۆس و دبلۆمى باڵاى لە پسپۆرى نەخۆشى چاو لە زانکۆى لەندەن بەدەستهێناوە.

- دانا وەکو براکەى بەکالۆریۆسى لە نەخۆشى چاو لە زانکۆى لەندەن بەدەستهێناوە، هەروەها لە تەمەنى (8) ساڵى پاڵەوانى شەتڕەنج بووە لە لەندەن، لەتەمەنى (11) ساڵیش بووەتە پاڵەوانى بەریتانیا لەژێر تەمەنى (18) ساڵیدا، (5) سالڕ نوێنەرى بەریتانیا بوو لە پاڵەوانێتى شەتڕەنجى جیهان، بەڵام بەهۆى چوونى بۆ زانکۆو قورسى خوێندن و گەڕانەوەى باوکى بۆ کوردستان وازى لەشەتڕەنج هێناوە.

(گەڕانەوەى بۆ لاپەڕەى سەرەكى)