چالاكيى هەموومان قەرزارى پێشمەرگەين
News #11, Issue 04, April 2015 | نوچەی ١١، ژمارەی 4، مانگی 4 ساڵی 2015 | Núcey #11, Jhimarey 04, Mangí 4 Sallí 2015
زانكۆى كۆيە چالاكيى هەموومان قەرزارى پێشمەرگەين بەرێوەچوو
لە پاركى ناوەندى زانكۆى كۆيە, رۆژى يەكشەممە ١٢/٤/٢٠١٥ كاژێر ١٠ى بەيانى بەشى ماتماتيكى فاكەڵتى زانست و تەندروستيى زانكۆمان بە مەبەستى كۆكردنەوەى داهات بۆ خێزانى پێشمەرگە, چالاكيەكى بەناونيشانى( هەموومان قەرزارى پێشمەرگەين)ى بەرێوەبرد.
بە ئامادەبوونى بەرێز دكتۆر وەلى مەحمود سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرانى سەرۆكى زانكۆ و ڕاگرى فاكەڵتييەكان و مامۆستايان و خوێندكاران و فەرمانبەران و ميوانانى شارى كۆيە, لە لايەن بەشى ماتماتيكى فاكەڵتى زانست و تەندروستيى زانكۆمان چالاكيى هەموومان قەرزارى پێشمەرگەين بەرێوەچوو, چالاكييەكە, چالاكييەكى كۆمەڵايەتى و كۆكردنەوەى داهات بوو بۆ خێزانى ئەو پێشمەرگانەى بەشداريان كردوە لە شەرى دژى داعش, كە ئێستا ژمارەيەكيان لە بارودۆخێكى خراپى داراييدان و بۆ ئەو مەبەستە ئەم چالاكييە ئەنجامدرا. مامۆستا ئاراس (بەجل و بەرگێكى كوردييەوە كە سەرۆكى بەشى ماتماتيكە و گەنجێكى بزێوە) هاوكات سەرپەرشتيارى گشتيى چالاكيەكەيە بە نوچەنامەى زانكۆى ڕاگەياند " سەرنجمانداوە كە ژمارەيەك خێزانى پێشمەرگە لە كۆيە لە بارودۆخێكى سەختى داراييدا دەژين بۆيە بيرمان لەوە كردەوە كە چۆن بتوانين هاوكارييان پێشكەش بكەين چونكە ژمارەيەك لەوانە خاوەنى پێشمەرگەى بريندار و شەهيديشن, ئيتر ئەنجامدانى ئەو چالاكييەمان بەگرنگزانى كە بتوانين بەهاوكارى هەموو لايەك برێك كۆمەكى ماددى پێشكەش بەو خێزانانە بكەين". مامۆستا ئاراس ئاماژەى بەوەدا كە ١٠٠ خوێندكارى بەشەكەيان بەشداريان لە چالاكيەكە كردە وێڕاى مامۆستايان و فەرمانبەرانى بەشەكە.
يەكێك لەوان رۆژ هيمدادە كە خوێندكارى قۆناغى چوارەمە, رۆژ بۆ نوچەنامەى زانكۆ وتى "هەستێكى زۆر خۆشم هەيە كە دەتوانم ئەمرۆ كەمێك هاوكارى پێشكەش بكەم تا بتوانين يارمەتي و كۆمەكى ژمارەيەك خێزانى پێشمەرگە بكەين" رۆژ وتيشى "خواردنەكان هەمەچەشنن و خۆمان دروستمان كردوون, داهاتەكەشى بە هيواين كە بڕێكى زۆر بێت پێشكەشى خێزانى پێشمەرگە قارەمانەكانى دەكەين" سەرپەرشتيارى گشتيى چالاكى(مامۆستا ئاراس) ووردەكارى چالاكييەكەى باس كرد "چوار خێمەمان داناوە لە پاركەكە ناويشمان لە خێمەكان ناوە لەسەر بنەماى بەركەوتنى زۆرترين زيان بەو شوێنانە لەوانە خێمەى كەركوك و مەلا عەبدوڵا و شەنگال و گوێر كە تێيدا لە لايەن خوێندكارانەوە خواردنى جۆراوجۆر بە پارەيەكى ڕەمزى بە مێوانان و خوێندكاران و مامۆستايان و فەرمانبەران دەرفرۆشرێت." هيواشى خواست لە ساڵانى ئاييندە وەك فێستيڤاڵێكى بەردەوام بتوانن ئەنجامى بدەن و هەر ساڵێك داهاتەكەى بەگوێرەى پێويست و هەلومەرجى تايبەت بەسەر خاوەن پێويستيەكان دابەش بكرێت. سەبارەت بە شێوازى دابەشكردنى داهاتەكەش وتى "لە ڕێى ليژنەيەكى باڵاوە و بەئاشكرا هاوكاريەكە دەگەيەنينە ئەو خێزانانەى كە پێويستيان بە كۆمەكەكە هەيە".
. ئەركان لوقمان مێوانى بەشداربووى چالاكييەكە بۆ نوچەنامەى زانكۆ وتى"زۆر خۆشحاڵم كە بەشدارم لە چالاكييەكى وەها كە شتێكى ناوازەيە و سيمايەكى جوانى تێكەڵكردنى زانست و زانكۆيە بەكۆمەڵگە و ئاوێتەكردنى يەكترە كە بەهۆكارى تايبەت لێكتر دابڕێنراون, بەگوێرەى توانا بەشداريم كرد لە پێكهێنانى داهات بۆ خێزانى پێشمەرگەكان" ئەركان وێڕاى دەستخۆشى لە ئەنجامدەران و ڕێكخەرانى چالاكييەكە, هيواى خواست و داواشى كرد كە ئەمانە دووبارە بكرێنەوە و لينكى پەيوەندى زياتر لەنێوان زانكۆ و كۆمەڵگە دروست بكرێت. لاى خۆشيەوە كامەران محەمەد وەك براى پێشمەرگەيەك سەبارەت بەم چالاكييە بۆ نوچەنامە وتى"كۆكردنەوەى داهات بۆ خێزانى پێشمەرگە كەمدەرامەتەكان ئەركى هەموولايەكە و ناونيشانى چالاكييەكەش ئەو ئەركە دووپات دەكاتەوە" ئێستا براكەى كامەران لە شەرى دژى داعشە لە كەركوك, كامەران دەڵێت "بەشداريكردنى ئەو ژمارە زۆرە لە خوێندكاران و مێوانان دڵخۆشيكردين كە هێشتا پێشمەرگە پێگەيەكى تايبەتى هەيە لاى خەڵك, وەك چۆن پێشمەرگە هى خەڵكە, پێشمەرگەش خەڵك بە پارێزەرى خۆى دەزانێت, هيوادارم چالاكيى لەم شێوەيە بەردەوام ببێت و هەر كارێك بۆ پشتيوانى پێشمەرگە لەدەست دێت, بكرێت." مامۆستا ئاراسى سەرۆك بەش و سەرپەرشتيارى چالاكيى ئەو كەسانەى بيرنەچوو كە هاوكارييان كردون, ئەو وتى "سوپاسى بەرێزان د.وەلى سەرۆكى زانكۆ و د.رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێرى و دارايى و كۆگاى زانكۆى كۆيە و ستافى سەرۆكايەتى زانكۆ و مامۆستايان و فەرمانبەران و خوێندكارانى بەشى ماتماتيك دەكەم كە ئەگەر هاوكارى هەمووان نەبوايە نەماندەتوانى ئەم كارە بكەين" بەشى ماتماتيك لە فاكەڵتى زانست و تەندروستى يەكێكە لە بەشە چالاكەكانى زانكۆ و تاوەكو ئێستا چەندان چالاكى جۆراوجۆرى زانستى و هيديكەى ئەنجام داوە.
(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى Press Room و زانينى هەواڵى زياترى زانكۆى كۆيە)