سمينارى بەڕێوەبردنى گۆڕانكاريەكان پێشكەشكرا

News #16, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #16, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ١٦، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

بە مەبەستى كۆكردنەوەى ئەزموونەكان و بەشداريكردنى هەمووان، نوسينگەى جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا ، بە ئامادەبوونى ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستايان، سمينارێكى دەربارەى بەڕێوەبردنى گۆڕانكاريەكان و كاردانەوەى مرۆڤەكان بۆ گۆڕانكاريەكان بەڕێوەبرد.

رۆژى دوو شەممە ١٤ / ١٢ / ٢٠١٥ لە هۆڵى LT1000ى سەرۆكايەتى زانكۆ كاتژمێر ١٢-١:٣٠ خولەكى پاش نيوەڕۆ لە لايەن بەڕێزان د.ديلان مەجيد رۆستەم جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و د.سەڵاح يەحيا بەڕێوەبەرى دڵنيايى جۆرى بە هاوبەشى سمينارێكيان پێشكەش كرد دەربارەى خۆدەرخستنى ئەكاديميانە و هەنگاوەكانى ئامادەكارى بۆ بەرزكردنەوەى پێگەى زانكۆى كۆيە ،هەروەها چۆنيەتى بەڕێوەچوونى پرۆسەى ريزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستان.

خۆتان دەربخەن!

سەرەتا بەڕێز د.ديلان باسى خۆدەرخستنى ئەكاديميانەى كرد كە توانيويەتى سەركەوتنێكى مەزن بۆ زانكۆى كۆيە بەدەست بهێنێت، ئەمەش بە دانانى ئامانجێك بۆ سەرخستنى كۆمەڵگەى ئەكاديمى زانكۆى كۆيە بە بەشدارى هەمووان بۆ جێ بە جێ كردنى بيرۆكەكانى گەشەسەندنى زانكۆى ئەليكترۆنيى زيرەك.

د.ديلان بە مامۆستايانى وت دروستكردنى ناسنامە ئەكاديميەكانتان لە سايتى زانكۆ و هەگبەى ئەليكترۆنى زانكۆدا بەشێكە لە پرۆسەى خۆدەرخستنى ئەكاديمى و پێويستە بەردەوام لە پەيوەنديدابن لەگەڵيدا، ئامانجەكەش تەنيا دروستكردنى شوێن پێيە

(FootPrint) لە پێگەتان وەك مامۆستاى زانكۆ، ئێوە دەبێت شوێن پێتان ديار بێت، ببنە پێگەيەكى خاوەن كاريگەر لە ڕێگەى چالاكيە ئەكاديميەكانتان لە توێژينەوە و بەشداريكردن لە كۆنفرانس و چالاكيە زانستيەكان و لە كۆتاييشدا ئەركى وانەبێژى.

پاشان بەرێز د.سەڵاح يەحيا لە ڕێگەى داتاشۆوە بۆ ماوەى ٣٠ خولەك ، هەنگاوە وردەكانى جێ بە جێ كردنى پرۆسەى ڕيزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستانى بۆ ئامادەبووان شيكردەوە، جەختى كردەوە لە پێوەرە سەرەكى و لاوەكييەكانى ڕيزبەنديەكە.

بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە سمينارەكەدا ئامادەبوو و وتەيەكى پێشكەش كرد؛ ئاماژەى بەوەدا مامۆستايان و ئەكاديميانى زانكۆى كۆيە بەشێكى زۆر گرنگى ئەم پرۆسەيەن، گلەييەكان بەر لە هەر كەس دەبێـت لە خۆمان بێت وەك مامۆستاى زانكۆ كە چيمان كردووە و چيمان پێشكەش كردووە ، چۆن توانيومانە خۆمان دەربخەين و هاوكارى ئەم پرۆسە گرنگەبين لە زانكۆدا، بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە دەلێت " ئەو كەسانەى لەسەرەتاوە بڕوايان بەم پرۆسەيە هەبوو و كاريان تێدا كردووە، ئێستا ئاسوودە و دڵخۆشن بە بينينى ئەنجامەكان و چنينەوەى بەرهەمەكەى" بەڕێز سەرۆكى زانكۆ بە مامۆستايانى بەڕێز دەڵێت ئێوە خۆتەرخانكردنى زانكۆييتان هەيە و داواتان لێدەكەم لە ژێر ئەم ناونيشانەدا زۆرترين كاتەكانتان بدەن بە زانكۆ و پرۆسەى زانيارى و خوێندن و فێربوون، بەردەوام لەگەڵ سستمەكە لە پەيوەنديدا بن و سايتەكانتان نوێ بكەنەوە، بە بەشدارى هەمووان دەتوانين سەركەوتنى گەورە بەدەست بهێنين و دەستكەوتەكانيش بۆ هەمووان بێت".

ڕێزبەندى زانكۆكان (ڕانكينگ)

ڕێزبەندی ئەکاديمی پرۆسەی پلەبەندی زانکۆکانی جيهانە بۆ دەرخستنی ئاست و بایەخی ئاکادمییان. ريزبەندیەکان لە لایەن چەندین بنکەی ڕيزبەندی ئەکاديمی بە بەردەوامی ئامادە و پێشکەش دەکرێت، وەکو ڕێزبەندی شانگهای (Shanghai Ranking shanghairanking.com)، تایمز هایر ئێدوکەیشن (Times Higher Educationtimeshighereducation.com)، سەنتەری ڕێزبەندی جیهانی (Center for World University Rankings cwur.org. بەهەمان شێوە هەندێ پەیجی جيهانی هەن کە بە شێوەی ڕێزبەندی ئەليکترۆنی بۆ هەموو زانکۆکانی جيهان پرۆسەکە جێ بە جێ دەکەن، وەکۆ وێبۆمترێکس (Webometrics webometrics.info). هەموو ئەم بنکانە پێوەرەکانیان بە شێوەی شەفافە و ڕەچاوی ئەو دياردانە دەکەن کە زانکۆ بە شێوەی گشتی دەردەخات، وەکو ئاستی خوێندکارن، پەیوەندی زانکۆ و بازاری کار، توێژینەوە و داهێنان، ئاستی مامۆستا، ئاستی بەرچاوی زانکۆ لە رووی ئاکادیمی، کارایی زانکۆ لە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و... هەر بە هەمان شێوە وڵاتان خۆیان هەڵدەستن بە پرۆسەی ڕێزبەندی بۆ بەدواداچونی ئاستی ئاکاديمی و بایەخی ئاکاديمی خۆیان؛ وەک پرۆسەی ڕيزبەندی نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان (NUR) کە وەکو دەستکەوتی مێژوویی لە کوردستان بۆ سەرخستنی پەروەردەی ئاکاديمی لە کوردستان رێک خراوە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ