وۆركشۆپێك بە ناونيشانى ژنان و كچان لە بوارى زانستيدا ئەنجامدرا
News #12, Issue 50 , Jan 2019 | Núcey #12, Jhimarey 50, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 12، ژمارەى 50 - مانگی 02 ساڵی 2019
ڕۆژى دووشەممە ٢٠١٩/٢/١١ لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، لە لايەن ليژنەى چالاكيەكانى فەكەڵتى زانست و تەندروستيەوە وۆركشۆپێك ئەنجامدرا سەبارەت بە ڕۆڵى ژنان و كچان لە بوارى زانستيدا.
وۆركشۆپەكە كاتژمێر ٩:٣٠ خولەك دەستى پێكرد بە وتارى بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە كە ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى.
بە ناوى خواى گەورە و ميهرەبان
ئامادەبوانى خۆشەويست
ميوانانى بەڕێزى زانكۆمان
بەناوى خۆم و ئەنجومەنى زانكۆ بەخێرهاتنتان دەكەم، سوپاسى ئامادەبوونتان دەكەم لەم وۆرك شۆپەى زانكۆمان كە لە رۆژى (جيهانى ژنان و كچان لە بوارى زانست) دا بەڕێوەدەچێ بەهاوكارى هاوبەشانمان لە ڕێكخراوى ئێمەو، WOLA , WEO وە سەنتەرى پەرەپێدانى جێندەر ناسى لە زانكۆى ئەمريكى سلێمانى و ڕێباز فاوندەيشن. بە مۆڵەت وەرگرتن لە ئێوە سوپاسى ليژنەى ئامادەكارى و سەرپەرشتى ئەم وۆرك شۆپە دەكەم كە پێم وايە زانكۆى كۆيە لە تەمەنى (١٥) ساڵەى دامەزراندنى خۆى ئەمە يەكەم جارە لەم بۆنە و لەم ڕۆژە جيهانيە بەم كارە هەڵدەستێ. بۆيە مايەى دەست خۆشى لێكردنن كە بيرۆكەى ئەم چالاكيە يان خستە بەردەستى ئێمە و ئەمڕۆ خۆشبەختانە ئەنجامى دەدەين.
بەڕێزان:-
باس كردن لە ڕۆڵى ژن لەم شارە و لەم دەڤەرە هيچ دوو دڵى و هەڵوەستە و سەبرگرتنى ناوێ چونكە جەنابى مەلاى گەورەى كۆيە لە بيستەكانى سەدەى ڕابردوو هەر لەم شارە نەجيبەخانى كچى خۆى لەگەڵ نێرينەكان ناردۆتە خوێندن، كە ئەوكات بەشى هەرە زۆرى مەلاكان و پياوانى ئاينى دژى وەستاونەتەوە، خەڵكى سادەش بەلايانەوە زۆر ناوازە و سەير بووە كە مەلايەك لەو پايە ئايينيە كچى خۆى تێكەڵ بكات لەگەڵ كوڕان وە بنێرێتە خوێندن. بۆيە باسى ژن و گرنگى و ژن و زانست ئەگەر بۆ ناوچەيەكى ترو شارێكى تر وە دەڤەرێكى تر هەندێك نامۆ بێ و شرۆڤەى زياترى بوێ ئەوە لە كۆيەى شارى شارستاتى و شاعيران و سياسەت مەداران و مەلاى زانا هيچ نامۆ و نوێ نيە.
شاعير دەڵى:
نێرو مێ هەردوو بەجووتە بۆ وەتەن هەوڵى نەدەن دوورە دەرچوونى لە ديلى مەل بەبارێ نافڕێ
پەروەردگار هەر لەيەكەم دروست كردنى مرۆڤى (پياو) (ژنێكى)شى خەلق كرد بۆيە ئەم زەويە موڵكى هەردوو ڕەگەزە، ناكرێت وە ناگونجێت جياوازى ڕەگەزى حوكم بەسەر توانا و عەقڵى ڕەگەزێكيان بدات و بەناڕەوا پێشى تواناكانى لێ بگرێت. ڕاستە لە ڕووى جەستەيى هەندێك جياوازى ڕواڵەتى هەيە وە هيچ گرفتێك يان كەم و كوڕيەك نيە كەلە هەستەوەرەكان و لێكدانەوەكانيش و بۆ چوونەكانيش جياوازى هەبێ بەڵام تواناكان و زاڵ بوون بەسەر گرفتەكان بۆ هەردوو ڕەگەز هەم مافە وە هەم ئەركە. دەمێكە وتويانە (لەپشت هەر پياوێكى مەزن ژنێكى مەزن هەيە).
ئەمە واتاى ئەوەيە كە مێژوو ڕووداوەكان ئەمەيان سەلماندوە كە پياوە گەورەكانى مێژوو ژنێكيان لە پشتە، بەڵام بەداخەوەم تا ئێستاش مرۆڤايەتى دەيەوێ بەڕادەيەك لە شاراوەيى ڕۆڵى ئەم ڕەگەزە بهێڵێتەوە. ژنى زاناش لەسەرتاسەرى دونيا هەن لەوانە زاناى بەناوبانگى بوارى فيزيا (مەدام كۆرى) كە لە ساڵى (١٩٠٣) خەڵاتى نۆبڵى لە فيزياوە بەدەست هێناوە لەگەڵ هاوسەرەكەى هاوبەش بووە. وە بەردەوام لە خەڵاتەكانى زانايانى دونيا ژنيش پشكى خۆى هەيە و پشكى باشى بەردەكەوێ بۆ نمونە خەڵاتى نۆبل ... (تا ئێستا ٢١ ژن لەسەرتاسەرى دونيا ئەم خەڵاتەيان لە بوارى زانست بەدەست هێناوە)وە تەنها (٤) كەس بە درێژايى بەخشينى خەڵاتى نۆبڵ (٢) جار خەڵاتەكەيان بەدەست هێناوە كە يەكێكيان ژنە ئەويش مەدام كۆرى يە).
ئامادەبوانى خۆشەويست.
دەبێ هەمووشمان ئەو ڕاستيەمان بيرنەچێ كە ژن (دايكە) ديارە ڕۆڵى سەرەكى دايكايەتى و بەخێوكردنى منداڵ بەڕوونى ديارە هەربۆيەش ژنان ناتوانن هەموو كاتەكانى خۆيان بۆ لێكدانەوە و كارە زانستيەكان تەرخان بكەن، لەگەڵ ئەوەش (مرۆڤى كەم تەمەن واتە منداڵ لە بێ هێزترين گيانلەبەرەكانى سەر زەمينە) بوونى شەڕ و شۆرى زۆرى نێوان ميللەتان و نەتەوەكان بە درێژايى مێژوو واى كردووە ژن پارێزەرى منداڵ و بێ هێز و كەم تەمەنەكان بێ هەر كاتێكيش ميللەتەكەيان نەتەوەكەيان شكستى هێنابێ غەزەب و توڕەيى لايەنى بەرامبەر (سەركەوتوو) بەسەر ژنان و ڕەگەزى مێينە داباريوە و قوربانى گەورەبوون. بۆيەش بەبۆچوونى من يەكێك لە هۆكارە كاريگەرەكانى كە تائێستا لە بەراوردى توانستى زانستى لەنێوان هەردوو ڕەگەز دەكرێت ئەمەيە.
بە ووردبوونەوە و سەيركردنى داتاكانى دونيا ئەو وڵاتانەى كە لە ڕووى ئابوريەوە پێش كەوتوون وە خۆش گوزەرانترن لە جيهان ئەو وڵات و نەتەوانەن كە ژنان تەواو ئازادن وە هاتونەتە مەيدانى زانست. چونكە لە دونيادا ئەمڕۆ زانست و توێژينەوەى زانستى تەنها پارەى تيا خەرج ناكرێت بەڵكو سەرچاوەيەكى گرنگى داهات و (وە بەرهێنانە). هەر چەندە بابەتەكە بينى و بيبەى وە گفتوگۆ و دەمەتەقێ بكەى لەگەڵ ئەوانەى كە خۆيان لە ناخى خۆشيان باوەڕيان بە تواناى زانستى ژنان و كچان نيە، زۆر بە ئاسانى دەتوانى بەڵگەى قەناعەت پێ كەريان بخەيتە بەر دەست (چۆن دەكرێ نيوەى كۆمەڵگايەك بەشدار نەبێ لەبەرهەمى زانست و زانيارى مرۆڤدا) وەك ئەوە وايە كە مرۆڤێكى ئاسايى كە هەردوو قاچەكانى ساغ بن مرۆڤێكى تر قاچێكى ناتەواو بێ، وە كێ بڕكێ يان پێ بكرێت بۆ ئەوەى بەڕاكردن دووريەك ببڕن ديارە كە كامەيان خێراتر دەكات بە ئامانج و خاڵى دياريكراوى كێ بڕكێ يەكە. ئێمە لە زانكۆى كۆيە وەك ژمارەى خوێندكار و فەرمانبەر و مامۆستا هەست بە بوونى جۆرێك هاوسەنگى دەكەين لەنێوان هەردوو ڕەگەز. بەڵام هێشتا لە پۆستە كارگێرى و بەرپرسياريەتيەكان ئەم هاوسەنگيە (تاڕادەيەك لاسەنگە). بۆيە هەمووان دڵنيا دەكەينەوە كە ژنان و كچان هيچ هۆكارێكى ڕێگرتنى بێ بنەما لەبەر دەميان دانيە بۆ بينينى ڕۆڵى زياتر و هاتنە پێش بۆ وەرگرتنى پۆستەكان بەمەرجى حەز و توانا و ڕێگرى نەبوونى ياسايى.
وە لەم بۆنە و مەراسيمە ڕايدەگەيەنين خۆشبەختانە لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوو زانكۆمان (بڕيارى كردنەوەى سەنتەرى يەكسانى جێندەرى دەركردووە وە بەرپرسەكەشى ژنێكى مامۆستاى زانكۆمانە) هيوادارين بەڕۆڵى خۆيان هەڵسن و ئەم ئەركە بەباشى ببينن.
لە كۆتاييدا سوپاسى هەموو ئەو لايەنانە دەكەم كە بەشدارن لەگەڵمان هەر يەك لە:-
2- Women Empowerment organization (WEO)
3- Center of Gender and Development studies (CGDS) / American university - sulaimany
4- Womens legal assistance organization (WOLA)
5- Rebaz foundation / Erbil
ئێوەش دووبارە بەخێربێن سەرچاومان
بەڕێز د.سامان جەلال مامۆستا لەبەشى ڕاگەياندنى زانكۆى سەلاحەدين يەكێك بوو لە ئامادەبووانى وۆرك شۆپەكە دەڵێت" لەم وۆرك شۆپەدا و لەڕێى پرێزنتيشنێكدا پرۆژەيەك خرايەروو لەسەر ئينسكلۆپيدياى ژنان بەناوى پەيامى ميديايى و ئينسكلۆپيدياى ژنانى هەولێر وەك نمونەيەك باسى لێوەكرا كەتێيدا پەيامى ميديايى بە شێوەيەكى زانستى بەكارهاتووە و ئەم پرۆژەيەش لەلايەن (لاڤە فاروق جەميل) ئمادەكراو ماوەى يەك ساڵ و نيوە لەڕێگاى ڕێباز فاوندەيشنەوە دەستى پێكراوە و تيشك دەخاتە سەر ژنانى سنورى پرێزگاى هەولێر بە گشتى بە شارى (كۆيە)شەوە."
هەروەها دەڵێت " لە پرۆژەكە هەموو ئەو ژنانە ناويان هاتووە و باسين لێوەكراوە كە خەباتيان كردووەو هەوڵ و قوربانييان داوە لە بوارەكانى( ئابورى، بازرگان، هونەرى، ئەدەبى، سياسى، كارى حكومى ، پيشەيى ، ڕێكخراوەيى ، دەست ڕەنگينى و ڕۆژنامەنووسى و.....هتد) بۆئەوەى سوود لە ئەزمنى كاركردن و چۆنيەتى بەكارخستنى تواناكانيان وەربگيرێت لە ئێستاو لە ئايندەدا."
د. سامان ئەوەشى ووت" ئەم وۆرك شۆپە زەمينە سازييە بۆ دەرخستنى هێز و توانا شاراوەكانى ژنان و سوپاسى سەرۆكى زانكۆى گۆيەشى كرد بۆ پشتيوانى كردنى لەبەرەو پێش بردنى ئەم پرۆژەيە بۆ ساڵى داهاتوو بە جۆرێك بكرێت بە كۆنفرانسێكى گەروە و لە ئاستێكى بەرز و بەرفراوانتر"
رۆژی١١ی شوبات وەک رۆژی جیهانی ژنان و کچان لە بواری زانستیدا دانراوە لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوبەشەکانی لە سەرانسەری دونیادا. ئەم رۆژە دەرفەتێکە بۆ پاڵپشتی کردنی ژنان و کچان لە بواری زانستی، هەروەها بۆ شکاندنی ئەو وێنانەی کە لە بایەخی ژنان و کچان کەم دەکەنەوەو دەیانەوێت بیانوەستێنن. بوارەکانی پەیوەست بە زانست زۆر گرنگن بۆ ئابوری جیهان وە بۆ بە دەستهێنانی پێشکەوتنی زیاتر لە بواری زانستیدا زۆر گرنگە جیاوازی نێوان رەگەزەکان نەهێڵدرێت ، هەر چەندە لە زۆرینەی وڵاتانی دونیادا نەیانتوانیوە تاوەکو ئێستا یەکسانی نێوان رەگەزەکان دەستەبەربکەن لە بواری زانستدا.
لێژنەی چالاکیەکانی فەکەڵتی زانست و تەندروستی لە زانکۆی کۆیە ئەم وۆرک شۆپەی رێکخستبوو بە هاوکاری و بەشداری هەر یەکە لە رێکخراوی (Emma organization ) و Women Empowerment Organization (WEO)) و (سەنتەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بەجێندەرو گەشەپێدانی زانکۆی ئەمریکی CGDS)،( Rebaz Foundation ) و ڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA).
ئا:محەمەد مەغديد، سامان نەسرەدين.
وێنەكان: كامەران ئەبووبەكر