خولى ئامادەكارى بۆ خوێندكارانى قۆناغى يەكەمى زانكۆى كۆيە بەڕێوەچوو

News #07, Issue 48, Dec 2018 | Núcey #07, Jhimarey 48, Mangí 12 Sallí 2018 | نوچەی 07، ژمارەى 48 مانگی 12 ساڵی 2018

زانکۆی کۆیە خولێکی چەند ڕۆژەی بۆ قۆناغی یەکەمی سەرجەم بەشەکان کردەوە بەناوی (خولی ئامادەکاری خوێندکارانی قۆناغی یەکەمی زانکۆ) ڕاستەوخۆ لەلایەن به‌رێز پ.ى.د.حه‌یده‌ر له‌شكری، ياريدەدەرى سه‌رۆكی زانكۆ بۆ كاروباری زانستی و خوێندنی باڵا سەرپەرشتی و چاودێری دەکرا.

لە ڕێكەوتى ۲۰۱۸/۱۱/۱۹خولی ئامادەکردنی خوێندکارانی قۆناغی یەک لەزانکۆی کۆیە دەستی پێ کرد، بابەتەکانی ناو پڕۆگرامی خولەکە لەلایەن هەردوو بەرێز( د. تارا فوئاد د. ئارەزوو ڕەشید) دەگوترایەوە.

بيرۆكەكە چۆن بوو؟!

بابه‌تی کردنەوەی خولێکی لەم شێوەیە یه‌كێكه‌ له‌ بابه‌ته‌ گرنگه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌یه‌ به‌ دروستكردنی كه‌سایه‌تی و ئاشنا کردنی خوێندکارە بەناوەندێکی گەورە کە زانکۆیە، بەرچاو ڕونکردنی بەر لەهەنگاونان و دەست پێ کردن بۆقۆناغێکی نوێ.

د. تارا فؤاد طاهر، مامۆستا لە بەشی میدیکەڵ مایکرۆبایۆلۆجی لە فاکەڵتی زانست و تەندروستی بۆ نوچەنامەی زانکۆی کۆیە دەڵێت" سەرەتای بیرۆکەی بەئەنجام گەیاندنی خولێکی لەم شێوەیە، لەوە هاتووە کە خوێندکاری قۆناغی یەکەمی زانکۆ زانیاری نییە لە سەر ژیانی ئەکادیمی زانکۆ لە ڕووی ڕێنماییەکان و خوێندنی زانکۆ و سزاکان کە تووشی دەبێت ئەگەر سەرپێچی بکات و چۆنیەتی زاڵبوون بە سەر ئەو دڵەڕاوکێیەی تۆشی دەبێت و زۆرجار دەبێتە هۆکاری وازهێنانی لە خوێندنی زانکۆ"

لە بارەى گرنگى ئەم خولەوە دەلێت" لەڕاستیدا گرنگی کردنەوەی ئەم خولە بریتێ بوو لە ئاشناکردنی خوێندکاری قۆناغی یەکەم بە ڕێنماییەکانی زانکۆ، پارستنی خوێندکار لە سزادان بەهۆی نەزانینی سەرپێچییەکان کە دەبێت نەیکات، چۆن دەبێت بخوێنێت لە زانکۆ بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنیت. زاڵبوون بە سەر دڵەڕاوکێ کە خوێندکاری قۆناغی یەکەم بە تایبەتی تووشی دەبێت لە بەر ئەوەی دەست دەکات بە قۆناغێکی تازەی ژیانى"

لەهەمان کاتدا م.ئارەزوو ڕەشید عثمان، سەرۆکی بەشی زمانی ئینگلیزی لە فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان کەیەکێک بوو لە رێکخەرانى خولەکە و مامۆستای وانەی خولەکە، لەپاڵ باس کردنی بیرۆکەو گرینگی خولەکە، داواکاری کرد لە بەشداربووانی خول" خوێندکارانی بەشداربوو ئەو بابەتانە بە هەند وەربگرن کە لەو سیمینارانەدا پێشکەشیان کراو لە ماوەی خوێندنەکەیان بە جدی پراکتیکی بکەن"

خولەكە چۆن بەڕێوەچوو؟

م. ئارەزوو ڕەشید عثمان باسی لە کات و شوێن و بەشداربووانی خولەکەکرد بەم شێوەيەى خوارەوە بوو:

کۆی گشتی ڕۆژەکانی خول: ١٠ ڕۆژ

کۆی گشتی کاژمێرەکانی خول: ٨٨ کاژمێر

شوێن:فاکەڵتی ئەندازیاری (گشت بەشەکانی) ١٩، ٢١، ٢٢ ی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨.

• فاکەڵتی زانست و تەندروستی، بەشەکانی( میدیکڵ مایکرۆبایۆلۆجی، کلینیکڵ سایکۆلۆجی، فیزیا و ماتماتیک) ٢٥، ٢٦ ی مانگی تشرینی دووەم ٢٠١٨ .

• سکوڵی پزیشکی ٢٧ و ٢٨ و ٢٩ی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨.

• سکوڵی وەرزش ٢٧ و ٢٨ مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ .

• بەشەکانی ئینگلیزی فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان و فاکەڵتی پەروەردە ٢٨ و ٢٩ی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ .

• فاکەڵتی زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکان (گشت بەشەکانی، جگە لەبەشی ئینگلیزی) ڕۆژانی ٢ و ٣ی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨.

• فاکەڵتی پەروەردە (گشت بەشەکانی) ٢ و ٣ی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨.

ناوەڕۆكى، ئەم بابەتە کۆمەلێک باس لەخۆدەگرێت کەئەمانەن:

• ماڵپەری زانکۆی کۆیە و ڕێنماییەکانی زانکۆ و فاکەڵتی.

• هەڵسوکەوتی خوێندکار، بەکارهێنانی ئیمێڵ و فیدباکی خوێندکار.

• پۆشاک پۆشین و ڕێکخستنی کات.

• کتێبخانە: بەکارهێنان و گرنگی.

• پەرەپێدان بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی و چۆنیەتی نووسینی ڕاپۆرت و بەکارهێنانی سەرچاوە.

• دڵەڕاوکێ و خواردن و وەرزش.

• تۆمارکردنی تێبینی و تاقیکردنەوەکانی زانکۆ.

خوێندكاران چى دەڵێن؟

فاتیمه مستەفا عسمان خوێندكارى قۆناغی یەکی میدیکەڵ مایکڕۆبایۆلۆجی یەکێک بوو لەبەشداربووانی خولەکە دیدگای خۆی لەسەر خولەکە خستەڕوو، فاتیمە بەدەست خۆشی کردن و بەرز نرخاندنی خولەکە و هەردوو مامۆستای خولەکە دەستی پێ کرد" بێگومان ئەم جۆرە خولانە سوودێکی زۆرییان بۆ خوێندكاران هەیە بەتایبەتی خوێندكارانى قۆناغی یەکەم چونکە لە ژینگەیەک کە قوتابخانەیە کە ۱۲ ساڵە لەیەک ژینگەو لەسەر یەک یاسا پەروەردە کراون هاتوونە ژینگەیەکی جیاوازتر کە زانکۆیە زۆر جار قوتابی توشی دڵەڕاوکێیەکی زور دەبێ ئەتوانین بڵێین توشی شۆک ئەبێت، ڕەنگە زانکۆ بەو شێوەیە نەبێت کە ئەو بیری لێکردۆتەوە بۆیە پێویستە کەسێک ڕێنمایی بکات و بەرچاو ڕونیەکی پێبدات لەسەر ئەو ژینگە نوێیە"

هەروەها دەڵێت"لەڕاستيدا ئەو خولە زۆر سوودی هەبوو بۆم ئەتوانم بڵێم ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانم هەبوو لە چۆنیەتی خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی کاتەکانمان دڵنیام خوێندکارانی تریش سودیان لێبینیوە، چونکە خولەکە زۆر بەسوود بوو یانی وەکو ڕێنیشاندەرێک بوو بۆمان"

فاتيمە دەلێت " پەیامی سیمینارەکە زیاتر هۆشیارکردنەوەی خوێندکار بوو لە زانکۆدا کە جیاوازە لە قوتابخانە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەو ژینگە نوێیەدا چۆن بتوانن پلانێک دابنێن و تێدا سەرکەوتوو بن، بێگوومان ئەو کەسانەی کە سیمینارەکەش پێشکەش ئەکەن ڕولی سەرەکیان هەیەلە گەیاندنی پەیامەکە جێگەی دەست خۆشیە. پەیامەکەیان زۆر بەباشی گەیاند کە زانکۆ جیهانێکی تەواو جیاوازە لە ۱۲ ساڵەی ڕابردوویان .هەركاتێک دەرفەت برەخسێت و لەو جۆرە سیمینارانە هەبن بەشدار ئەبم چونکە بەتەکید سوودی هەیە بۆ ژیانی زانکۆ وڕاستەڕێکردنی خوێندکاران."

دانا احمد سەرکەوت کەقۆناغی یەکەمی بەشی ئینگلیزی و یەکێکە لەبەشداربووەکانی خولەکە باسی لەبەرێوە چون و گرینگی خولەکە کرد بۆ نوچەنامەی زانکۆی کۆیە " خولەکە زۆر بەشێوەیەکی ئەکادیمی و ڕێک و پێک و بەرنامە بۆ داڕێژڕاو بەڕێوەچوو ، ئەمەش بووە مایەی خۆشحاڵی زۆرێک لە بەژداربووانی سیمنارەکە و وای کرد کە سیمنارەکە لەیەک کاتدا سوود و چێژی خۆی هەبێت ئامانجەکانی بپێکێت، سوودێکی یەکجار زۆری هەبوو "

دانا پێشنيازێك بۆ سەرۆكايەتى زانكۆ دەكات " بۆ جاری داهاتوو بابەتی یەکەم دەربارەی زانکۆی کۆیە کە پێموابێت سوودی تەواوی هەبوو نەک بۆ من بەڵکو و بۆ گشت قوتابییەکان ، بکرێت بە نامیلکەیک ساڵانە بدرێت بە گشت خوێندکارانی زانکۆ، داواشی کرد کەئەم جۆرە خولانە بەردەوام بێت و زیاتڕ بکرێت."

ئامادەكردنى: كامەران ئەبووبەكر