(14) ئەنجومەنى زانکۆ لەگەڵ پرۆفیسۆری یاریدەدەرەکانی زانکۆ کۆبۆوە

بە مەبەستى بیروڕا ئاڵوگۆڕکردن لەنێوان دەستەى کارگێڕیی زانکۆ و ئەو مامۆستایانەى کەوا پلەى زانستییان بۆ پلەى (پرۆفیسۆری یاریدەدەر) بەرزبۆتەوە، ڕۆژى سێشەممە، ڕێکەوتى ١٨/ ٢/ ٢٠٢٠ ئەنجومەنى زانکۆى کۆیە، کاتژمێر ١٢ى نیوەڕۆ، بە سەرۆکایەتیى بەڕێز پ.د. وەلى مەحمود حەمەد (سەرۆکى زانکۆى کۆیە)، لە هۆڵى وۆرکشۆپەکانى فاکەڵتیى ئەندازیارى، لەگەڵ سەرجەم ئەم مامۆستایانەى فاکەڵتیی ئەندازیاری و زانست و تەندروستی کۆبۆوە، کەوا پلەى زانستییان گەیشۆتە پلەى زانستیى (پڕۆفیسۆری یاریدەدەر).

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکى زانکۆ دواى بەخێرهێنانى ئامادەبووان، ئاماژەى بەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە کرد، کەوا دەکەوێتە ئەستۆی ئەو مامۆستا بەڕێزانە، کە زانکۆ بە هەوڵ و ماندووبوونى ئەو مامۆستایانە زیاتر دەچێتە پێش و سەرۆکایەتیى زانکۆ و ئەنجومەنى زانکۆ هەموو پشتیوانییەکى ماددى و مەعنەوى بۆ ئەم مامۆستایانە فەراهەم دەکەن، بۆ ئەوەى بەشدارییەکى زیاتر لە چالاکییە زانستى و ئەکادیمییەکاندا بکەن و بەشدار بن لە بەرەوپێشبردنى زیاترى زانکۆکەمان.

لە بەشێکى تری کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆرە یاریدەدەرەکان سەرنج و ڕەخنە و پێشنیازەکانى خۆیان خستە ڕوو بۆ ئەنجومەنى زانکۆ و بەڕێز سەرۆکى ئەنجومەنى زانکۆش، بەڵێنیان دا بەپێی توانا هەوڵى جێبەجێکردنیان بدەن.

ئامادەکردن: بەڕێوەبەرایەتیى ڕاگەیاندن

وێنە: دڵشاد کاکەڕەش