بۆ ڕوونكردنەوەى پرۆژەى مەرحەبا سمينارێك بەڕێوەچوو

News #13, Issue 11, 2015 | Núcey #13, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ١٣، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015

زانكۆى كۆيە يەكێكە لە چوار زانكۆى هەرێمى كوردستان كە بەشدارن لە پرۆژەى مەرحەبا بۆ ئاڵوگۆركردنى كانديدى خوێندن لە نێوان هەژدە زانكۆى جيهان بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتورى و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لەو وڵاتانەى زانكۆكانيان بەشدارە ، ئەم پرۆژەيە لە لايەن يەكێتى ئەوروپا پشتيوانى دارايى دەكرێت .

رۆژى سێ شەممە ٢٤ / ١١ / ٢٠١٥ كاتژمێر ١١ى پێش نيوەرۆ لە هۆڵى LT1000 ى سەرۆكايەتى زانكۆ، بەرێز دكتۆر ديلان مەجيد ڕۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا سمينارێكى بۆ روونكردنەوەى پرۆژەى مەرحەبا پێشكەش كرد بۆ خوێندكاران و فەرمانبەران و مامۆستايانى زانكۆ بە مەبەستى سوود وەرگرتن لە پرۆژەكە.

پرۆژەى مەرحەبا چى يە؟

ئيراسمۆس مۆندس ناسراو بە مەرحەبا، پرۆژەيەكى ئەكادميە لە لايەن يەكێتى ئەوروپاوە پشتيوانى دارايى دەكرێت، لە بازنەى مەرحەبادا ١٨ زانكۆى جيهان بەشدارن، ئەم پرۆژەيە بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتور و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لە زانكۆ بەشداربووەكاندا ڕاگەيەندرا، بۆ زانيارى زياتر لەسەر مەبەستەكان و ئامانجەكانى ئەم پرۆژەيە كليك لێرە بكە.

بەڕێز دكتۆر رۆشانى لە دەستپێكى سمينارەكەيدا بۆ ئامادەبووان جەختى لە مەبەستەكانى پرۆژەى مەرحەبا كردەوە و وتى" ئەم پرۆژەيە لە لايەن يەكێتى ئەوروپا و بازارى ئەوروپاوە بەڕێوەدەبرێت بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەندى كلتورى و ئەكادمى لە نێوان زانكۆكانى خۆيان و زانكۆكانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" بەڕێز ڕۆشانى ڕوودەكاتە ئامادەبووان و دەڵێت"ئەمە يارمەتيتان دەدات بۆ كردنەوەى بازارى كار و پەرەپێدانى تواناكانتان، بەسوود وەرگرتن لەم پرۆژە دەتوانن توانا ئەكادميەكانتان بەشێوەيەكى بەرچاو ببەنە ئاستێكى تر و شێوازى نوێى فێربوون و خوێندن تاقى بكەنەوە و كەڵك لە ئەزموونەكانى زانكۆكان وەربگرن"

بەڕێز دكتۆر ديلان لە سمينارەكەيدا پێداگرى كرد لە پێگەى زانكۆى كۆيە وەك زانكۆيەكى بەشدار لە پرۆژەكەدا و ئاماژەى بەوەدا دواى ئەم قۆناغەى پرۆژەكە، زانكۆى كۆيە دەچێتە قۆناغێكى پێشكەوتوو ترەوە ، بەڕێز ڕۆشانى دەڵێت "ئێستا ١٨ زانكۆ بەشدارن لەم خولەى مەرحەبا، لە ماوەى چوار ساڵدا ١٢٥ سكۆلەرشيب ئامادەكراوە و بەكالۆريۆس، ماستەر و دكتۆرا و خوێندنى دواى دكتۆرا دەگرێتە خۆ، ئەو كەسانەى لە ماوەى پێنج ساڵى ڕابردوو تێكڕا ١٢ مانگ لە يەكێك لە وڵاتە ئەوروپيەكان مابێتەوە ناتوانێ سوود وەربگرێت و لەم دەرفەتە كەڵك وەربگرێت، هەروەها ئەم پرۆگرامە دڵنيايى و شوێنى مانەوە و بيمەى تەندروستى و دەرماڵەيەكى مانگانە دەگرێتەخۆ "

چۆنيەتى پێشكەش كردنى داخوازينامە

لە چوارچێوەى سمينارەكەيدا بەڕێز ڕۆشانى بۆ ئامادبووان ژمارەى كورسيە تەرخانكراوەكانى ئەم ساڵى پرۆگرامەكەى ئاشكرا كرد "ئەمساڵ ٤١ كورسى تەرخانكراوە بۆ هەر چوار شێوازى خوێندنەكە ، ئێستا پرۆسەى پێشكەش كردنى داخوازينامە كراوەيە و رۆژى ١٨ مانگى يەكى ٢٠١٦ دادەخرێت، دواى پرۆسەيەكى ووردبينى تەواو لە مانگى پێنج دا ئەنجامى بەرايى ڕادەگەيەندرێت و لە مانگى ٩ى ساڵى داهاتوو خوێندن دەست پێدەكات"

بەڕێز دكتۆر ديلان مەجيد ڕۆستەم، نازناوى زانستى مامۆستايە و ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆى كۆيەيە بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا ، بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

هەنگاوە كردەييەكانى پێشكەش كردن بەم شێوەيە دەبێت:

سەرەتا لە سايتى پرۆژەى مەرحەبا كە لە لايەن نوسينگەى بەڕێز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا كراوەتەوە بە زمانى كوردى و ئينگليزى، بە وردى ڕێنماييەكان و مەرجەكانى پێشكەش كردن بخوێنەوە بۆ سەردانى ئەم سايتە كليك لێرە بكە، پاشان فۆرمى پرۆژەكە بە وردبينيەكى تەواوەوە ئامادەبكە و كاربكە بۆ بەدەست هێنانى پشتگيرى زانكۆ، هەروەها ژمارەيەك ڕێ و شوێنى ديكە بە هەماهەنگى نوسينگەى بەڕێز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا.

خوێندكارێك : داخوازينامە پێشكەش دەكەم

دانەر جەبار خوێندكارى قۆناغى دوو لە بەشى ئەندازيارى دروستكردن دواى كۆتايى هاتنى سمينارەكە بۆ نوچەنامە وتى"بەرنامەيەكى زۆر باش و گونجاوە، سەبارەت بە ڕێ و شوێنەكانى چۆنيەتى پێشكەش كردنى پرۆژەكە ڕونكردنەوەى تەواوى خستە ڕوو ، ئەم پرۆژەيە دەرفەتێكى گونجاوە بۆ بەرزكردنەوەى توانستە زانستيەكانى خوێندكاران و مامۆستايان " باوان لە بارەى هەڵوێستى خۆى بە پێشكەش كردن يان نەكردنى پرۆژەكە دەڵێت "بڕيارمداوە فۆرمى پێشكەش كردن پڕبكەمەوە و هەموو هەوڵێكى خۆم دەخەمەگەڕ كە بتوانم تێيدا سەركەوتوو بم"

لە خولى ڕابردووى مەرحەبادا چوار خوێندكارى زانكۆى كۆيە لە فاكەڵتى ئەندازيارى – بەشى ئەندازيارى دروست كردن توانيان سوود لە پرۆژەكە وەربگرن و ساڵێكى ئەكادمى بە تەواوى مافە داراييەكان و زانستيەكانەوە لە زانكۆى مينهۆ لە وڵاتى پرتوگال بەسەر ببەن، بۆ زانيارى زياتر دەربارەى ئەم چوار خوێندكارە كليك لێرە بكە.

هەروەها بەڕێز دكتۆر فەهمى فەريق لە تەواوى سمينارەكەدا ئامادەيى هەبوو و گوێى لە گفتوگۆى ئامادەبووانيش گرت سەبارەت بە پرۆژەكە، لە كۆتاييدا د.فەهمى دەڵێت " لەم بارودۆخە داراييەدا ئەمە پرۆژەيەكى گونجاو و گرنگە بۆ پەرەپێدانى پرۆسەى خوێندن و هێنانەوەى ئەزموون و شارەزايى لە وڵاتانى دەرەوە، هەرچەندە من بڕيارى كۆتاييم نەداوە لە بارەى بەشداريكردن تێيدا، بەڵام ئەمە دەرفەتێكى زێڕينە بۆ ئەو كەسانەى مەرج و ڕێنماييەكان ڕێگەى بەشداربوونيان پێ دەدات "

دكتۆر فەهمى فەريق محەمەد، نازناوى زانستى مامۆستايە و پسپۆريەكەى وزەى خۆرە، سەرۆكى بەشى فيزياى فاكەڵتى زانست و تەندروستيە، خاوەنى ١٥ توێژينەوەى بڵاوكراوەيە و تەمەنى ٣٣ ساڵە، بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى :ژورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد

بۆ خوێندنەوەى هەواڵى زياتر كليك لێرە بكە.