نامەيەكى ماستەر لە زمانى كوردى تاوتوێ كرا
News #15, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #15, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ١٥، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015
دياردە مۆرفۆلۆجيەكان لە نێوان زمانى كوردى و ئينگليزيدا ناونيشانى نامەى خوێندكارى ماستەر نيسار فەتاح عەبدوڵايە؛ رۆژى يەك شەممە ليژنەيەكى پسپۆر و ئەكاديمى لە زمانى كوردى نامەكەيان هەڵسەنگاند و بە كەمێك دەستكاريەوە پەسەنديان كرد. نيسار لە نامەكەيدا پەيڕەوى لە سيستمى هارڤارد كردبوو بۆ نوسينى پەراوێز و ڕێككارەكانى پەيوەست بە سەرچاوەكانى توێژينەوەكەى، ئەمەش يەكێكە لە گرنگترين سيستمەكان و لە زانكۆى كۆيەدا پشتگيرى تەواوى لێ دەكرێت.
رۆژى يەك شەممە ڕێكەوتى ١٣ / ١٢ / ٢٠١٥ لە هۆڵى مامۆستا تاهير بەكر لە فەكەڵتى پەروەردە كاتژمێر ٩ى بەيانى گفتوگۆيەكە دەستى پێكرد، سەرەتا سەرۆكى ليژنەكە بەڕێز پ.د.بەكر عومەر عەلى دەستپێكردنى گفتوگۆى ڕاگەياند و خوێندكار پوختەيەكى لە ڕێوشوێنەكانى نوسين و ئامادەكردنى نامەكەى باسكرد، پاشان ئەندامانى ليژنەكە سەرنج و تێبينيەكانيان دەربارەى نامەكە خستە ڕوو و گفتوگۆيەكى ئەكاديمى لە نێوان شارەزايانى زمانى كوردى بۆ ماوەى زياتر لە سێ كاتژمێر بەردەوام بوو، گشت لايەنەكانى نامەكەيان شەن و كەو كرد.
بابەتێكى نوێ بوو
لە گفتوگۆكاندا تەواوى ئەندامانى ليژنە جەختيان لە گرنگى و پێويستى نامەكە كردەوە و وەك دەستكەوتێكى زانستى گرنگ باسيان كرد، لەم بارەوە بەڕێز پ.ى.د.عومەر محمود كريم مامۆستاى بەشى زمانى كوردى زانكۆى كۆيە دەڵێت "نامەيەكى زۆر باش بوو، چونكە تا ڕادەيەك بابەتێكى نوێ و هەنووكەيى بوو" هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە بابەتەكە توێژينەوەى ديكە هەڵدەگرێت و دەتوانرێ بابەتەكە دەوڵەمەندتر بكرێ، پ.ى.د.عومەر زياتر جەخت لە لايەنە سينتاكسيەكانى نێوان هەر دوو زمانەكە دەكاتەوە و دەڵێت "ئەم توێژينەوەيە لايەنە مۆرفۆلۆجييەكانى هەردوو زمانەكەى بەراورد كردبوو، بەڵام بۆ زياتر دەوڵەمەندكردنى بابەتەكە پێويستمان بە توێژينەوەيەكى ترە كە لايەنە سينتاكسيەكانيان بەراورد بكات ".
بێ گومان هەر توێژينەوەيەك سوودى هەيە و بە ئامانجى چارەسەركردنى كێشەيەك ئەنجام دەدرێ، بۆ ئەم توێژينەوەيە بەرێز پ.ى.د.عومەر دەڵێت" ئەم توێژينەوەيە لە ڕووى زمانەوانى و كۆمەڵايەتييەوە سوودى هەيە و دەكرێت ئەنجامەكانى و ناوەڕۆكەكەى بەهەند وەربگيرێت" هەر لەبەر ئەمەشە كە بەڕێزيان جەخت لە شێوازەكانى ئەنجامدانى ئەم توێژينەوەيە دەكاتەوە و لە پەيامێكدا بۆ خوێندكارانى داهاتوو دەڵێت "گرنگە خوێندكارى ديكە هەمان ڕێچكە بگرنە بەر بۆ بەراوردكردنى ڕێزمانى كوردى لەگەڵ ڕێزمانى زمانەكانى ديكە بەتايبەتى زمانى ئينگليزى"
عومەر مەحمود كەريم، نازناوى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە و پسپۆرە لە پراگماتيك، چوار توێژينەوەى بڵاوكراوەى هەيە و مامۆستايە لە بەشى زمانى كوردى لە زانكۆى كۆيە. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.
ئەنجامى نوێى هەبوو
خاتوو نيسار فەتاح عەبدوڵا، ماوەى زياتر لە ساڵێكە خەريكى توێژينەوەكردنە لە بابەتێكى ڕێزمانى لە نێوان دوو زماندا، دەبارەى هۆى هەڵبژاردنى ئەم بابەتە دەڵێت "دياردە مۆرفۆلۆجييەكان " بابەتێكى نوێ و گرنگ بوو و كەمتر لەسەر نووسرابوو لە زمانى كورديدا، بۆ ئەوەى زۆرتر ئاشناى ئەم بابەتە ببم و زانيارى پێويست لەبارەيەوە بەدەست بهێنم و وەك پێويستيەكى هەنووكەييش بە گونجاوم زانى لەسەر ئەم بابەتە توێژينەوە بكەم" دواتر گرنگترين ئەنجامەكانى توێژينەوەكەى باس دەكات و دەڵێت " لە كۆتايى توێژينەوەكەماندا ژمارەيەك ئەنجاممان بۆ دەركەوت كە نوێ بوون لەوانە ئەو ئەلۆمۆرفۆمانەى كە بە هۆكارى دەنگى دێنەكايەوە زۆر دەوڵەمەندترن لەوانەى زمانى ئينگليزى. هەروەها دياردەكانى هاپۆلۆجى و پۆرتمانتيو لە زمانى كوردى دەركەوتنيان زياترە بەهۆى ئەوەى ئەسڵى دياردەكان بە لايەنى ڕەفتارى لكاوى زمانەكان پابەند دەبێت، كە ئەمەش كۆتبەندى فەرهەنگى ڕێكيان دەخات. جگە لە مانە لە زيادكردنى گيرەكەكاندا زمانى كوردى گۆڕانكارى دەنگى بەسەر دوا بڕگەدا ناكات، بەڵام ئەم دياردەيە ڕوو دەدات لە زمانى ئينگليزيدا" ئەم ئەنجامانە بە لاى نيسارەوە ئەنجامى گرنگن و دەكرێ بۆ بابەتى رێزمانى دياردە مۆرفۆلۆجيەكان پشتى پێ ببەسترێت.
ئاستى توێژينەوەكان پێشكەوتنى بەخۆوە بينيوە
خاتوو نيسار توێژينەوەكەى لە ژێر سەرپەرشتيارى و چاودێرى بەردەوامى بەڕێز پ.ى.د.صەباح ڕەشيد ئەنجامداوە؛ هەر بۆيە پەسنى كارەكانى نيسار دەكات و وەك خوێندكارێكى پابەند و جددى وەسفى دەكات. لەبارەى توێژينەوەكەوە كە لە ژێر سەرپەرشتيارى خۆيدا ئەنجامدراوە دەلێت " لەبەر ئەوەى بابەتێكى نوێ و پێشتر نەكراو بوو بۆيە ئاستى توێژينەوەكە باش بوو " .
پ.ى.د.صەباح دەربارەى هەندێك كێشە و ئاڵۆزى دەدوێت كە ئێستا هەيە لە هەندێك لە دياردەكان لە ئاستى مۆرفۆلۆجى، بەڵام بە گەشبينيەوە دەربارەى ئەنجامەكانى دەڵێت" ئەم توێژينەوەيە توانى چارەسەر هەندێك لەو كێشە و گرفتانە بكات و يەكلايان بكاتەوە، وەڵامى هەندێك پرسيار بداتەوە كە تاوەكو ئێستا وەڵاميان نەدرابۆوە"
دەربارەى ئاستى توێژينەوەكانيش بەراورد بە ساڵانى پێشتر، بەڕێز پ.ى.د.صەباح ڕەشيد دەڵێت توێژينەوەكان ئاستيان باشتر بووە " بەهۆى بوونى سەرچاوەى زياتر و ئاسانى لە دەستكەوتنيان و گەيشتن بە سەرچاوەى بەنرخ، ئاستى توێژينەوەكان باشتر بووە و بەرەو پێشتر چووە"
صەباح ڕەشيد، پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە، پۆستى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆى ڕاپەڕينى هەيە بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، خاوەنى ١٥ توێژينەوەى بڵاوكراوەيە و سەرپەرشتى ژمارەيەكى زۆرى خوێندكارى ماستەر و دكتۆراى كردووە.
ليژنەى گفتوگۆى نامەى ماستەر خوێندكار نيسار فەتاح عەبدوڵا لەم بەڕێزانەى خوارەوە پێك هاتبوو:
پ.د.بەكر عومەر عەلى سەرۆكى ليژنە
پ.ى.د.عومەر مەحمود كەريم ئەندام
د.نەوزاد ئەنوەر عومەر ئەندام
پ.ى.د.صەباح ڕەشيد ئەندام و سەرپەرشتيار
ئامادەكردنى : محەمەد مەغديد
وێنەكان : دڵشاد كاكەڕەش