ياريدەدەرى نوێى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى دەست بەكاربوو

News #02, Issue 13, Jan 2016 | Núcey #02, Jhimarey 13, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٢، ژمارەى ١٣ مانگی 1 ساڵی 2016

لە مەڕاسيمێكدا، ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردەى زانكۆى كۆيە وەك ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى دەست بەكاربوو

دواى كۆتايى هاتنى ماوەى ياسايى بەڕێزان (ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى ، ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى ، ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى) لە پۆستەكانيان ، وە دوا بە دواى ڕاگەياندنى ئەم سێ پۆستە لە ڕێگەى وێب سايتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و پێگەى زانكۆمانەوە، ڕۆژى چوار شەممە ٧/ ١٠/ ٢٠١٥ لە سەرۆكايەتى زانكۆ بە ئامادەبوونى لێژنەى پەيوەنديدار بە گوێرەى فەرمانى وەزارى ژمارە (ن/١٠٩٩ لە ٢٣/ ٨/ ٢٠١٥ )، چاوپێكەوتن بۆ كانديدانى پۆستەكانى ئاماژەپێكراو لەسەرەوە بەڕێوەچوو؛ لەم چوارچێوەيەشدا پۆستى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى ئاڵوگۆڕ كرا.

ڕۆژى يەك شەممە ٣ / ١ / ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و بەڕێزان لە ئەنجوومەنى زانكۆ و سەرۆكى بەشەكانى فەكەڵتى پەروەردە و مامۆستايان و فەرمانبەران، بەرێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين دەست لەكارترازاندنى ئەنجامدا وەك ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردە و لە پۆستى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى دەست بەكاربوو.

لەسەرەتاى مەڕاسميەكەدا كە بەم بۆنەيەوە لە هۆڵى فەكەڵتى ناوبراو ڕێكخرابوو، بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ لە بەرامبەر ئامادەبوواندا وتى "ئەمرۆ بەڕێز د.سەعيد وەك ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردە بەرپرسيارێتى تەواو دەبێت، بەڵام لە پێگەيەكى ديكەى زانكۆمان دەست بەكاردەبێت و بەردەوام دەبێت لەكارەكانيدا" بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لەباسى فەكەڵتى پەروەردە وتى "يەكێكە لە فەكەڵتيە سەرەكيەكانى زانكۆى كۆيە، لەسەرەتاى دامەزراندنى زانكۆوە بوونى هەبووە و يەكێكە لە كۆنترين كۆليژەكان كە بەش و پسپۆرى گرنگى لە خۆگرتووە "

بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لەبارەى ڕاگرى پێشووى فەكەڵتى پەروەردە وتى "بێگومان لەو ماوەيەدا بەگوێرەى توانا بەردەستەكان كاريكردووە و رۆڵى لە فەكەڵتيەكەدا ديارە " هەر لەميانەى قسەكانيدا چەمكە كارگێڕى و زانستى و كۆمەڵايەتيەكانى بۆ ئامادەبووان شيكردەوە.

دەربارەى كارەكانى داهاتووشى وتى "هيوادارين لە پێگەى تازەيدا سەركەوتوو بێت و هەموو هەوڵ و كۆششى خۆى بەكاربهێنێت بۆ خزمەتكردنى زانكۆمان" هەر لەو چوارچێوەيەدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ڕۆڵى بەڕێز د.ڕۆستەم سەلام عەزيزى بەرزنرخاند كە لە ماوەى ڕابردوو لە پۆستى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى خزمەتى كردووە، هەروەها هيواى بەردەوام بوون و سەركەوتنى بۆ خواست لە كارەكانيدا وەك بەڕێوەبەرى سەرچاوە مرۆييەكانى زانكۆ.

بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد تەمەنى ٥٢ ساڵە و سەرۆكى زانكۆى كۆيەيە، پسپۆرى لە زانستى كيميا هەيە و شەش توێژينەوەى بڵاوكراوى هەيە، هەروەها خاوەنى سێ پەرتوكى چاپكراوە، يەك لەوانە پەرتوكێكى زانستى يە بەناوى (Statistical Thermodynamics). بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

دواتر بەرێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح لە وتەيەكدا تيشكى خستە سەر كارەكانى كە لە ماوەى ڕابردوو وەك ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردە ئەنجامى داوە و داواى لێ بووردنى لە مامۆستايان و فەرمانبەران كرد كە لە ماوەى كاريدا لە هەڵوێستێكى نيگەران بووبێتن؛ هەروەها وتى " بەڵێن دەدەم لە كارەكانى داهاتوومدا هەوڵ و كۆششى خۆم بەكاربهێنم بۆ خزمەتى زانكۆ و داواشم لە سەرۆكايەتى زانكۆ هەيە هاوكار و يارمەتيدەرمان بن لەم ڕووەوە، چونكە خزمەتى زانكۆى كۆيە هەمووانى كۆكردۆتەوە"

بەڕێز سەعيد ساڵح حەمەدەمين، پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە، پسپۆڕە لە ڕێگاكانى وانە وتنەوە، خاوەنى ٢٦ توێژينەوەى بڵاوكراوەيە و تەمەنى ٤٩ ساڵە. ماوەى چوار ساڵ وەك ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردە كاريكردووە.

دەربارەى فەكەڵتى پەروەردە:

فا‌که‌ڵتی په‌روه‌رده‌ له‌ زانکۆی کۆیه‌ ناوه‌ندێکی نایابه‌ بۆ خوێندنی پێشکه‌وتوو له‌بواری په‌روه‌رده‌دا. له‌ساڵی 2003 دا به‌ناوی کۆلێژی په‌روه‌رده‌ کرایه‌وه‌ و دواتر کرا به‌فاکه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ که‌ له‌ 7 به‌ش پێکدێت: به‌شه‌کانی (زمانی عه‌ره‌بی، زمانی کوردی، مێژوو، جوگرافیا، خوێندنی ئایینی، باخچه‌ی ساوایان و په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش)ئه‌م فه‌که‌ڵتیه‌ ئامانجی دابینکردنی خوێندنێکی ئاست به‌رز و نمونه‌ییه‌ بۆ ئاماده‌کردنی ده‌رچوانی تاکو ببن به‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌ر له‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌دا. بۆ زانيارى زياتر دەربارەى ئەم فەكەڵتيە كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : كاردۆ محەمەد