سەرۆكى زانكۆى كۆيە وێنەى مەڕاسيم و دكتۆراى فەخرى مام جەلالى بەخشيە هۆڵى تايبەتى مام جەلال
News #8, Issue 11, 2015 | Núcey #8, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ٨، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
زانكۆى كۆيە بە فەرمانى زانكۆيى ژمارە ١٦ لە بەروارى ٢٩/ ٩ / ٢٠١٥ دواى ڕەزامەندى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى دكتۆراى فەخرى بەخشيە بەڕێز هەڤاڵ مام جەلال بەرامبەر ئەو خزمەتە درێژە ياسايى و سياسيەى كە بەڕێزيان بە پرۆسەى سياسى و كۆمەڵايەتى كوردستانى گەياندوە، وەك سەركردەيەكى كاريگەر و كارا لە بزاڤى سياسى و نيشتمانى كوردستان.
رۆژى ١١ / ١٠ / ٢٠١٥ لە دەيەمين خولى دەرچووانى زانكۆمان لە مەڕاسيمێكدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە ئامادەبوونى ئەنجومەنى زانكۆى كۆيە دكتۆراى فەخرى لە بوارى ياسا بەخشيە بەڕێز حسام الدين نورالله تاڵەبانى - مام جەلال، وەك ئەمەكدارى و وەفاداريەك بەرامبەر هەوڵە بەردەوامەكانى لە پێناو سەروەرى ياسا و گەيشتنى كوردستان بە مافى چارەى خۆنوسين.
رۆژى پێنج شەممە ١٢ / ١١ / ٢٠١٥ لە سەرۆكايەتى زانكۆ لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وێنەيەك لە مەڕاسيم و دكتۆراى فەخريەكەى مام جەلالى پێشكەشى هۆڵى مام جەلال كرد لە قوتابخانەى يەكەمى كۆيە و لە لايەن مامۆستا ئاشتى ڕەفيق عەبدولقادر سەرپەرشتيارى هۆڵەكەوە وەرگيرا.
لە قوتابخانەى يەكەمى كۆيە هۆڵێكى تايبەت بەناونيشانى هۆڵى مام جەلال رۆژى ٢٥ / ١٠ / ٢٠١٥ كرايەوە لە لايەن بەڕێز خاتوو هێرۆ ئيبراهيم ئەحمەد هاوسەرى بەڕێز مام جەلال كە تێيدا وێنە و بەڵگەنامەكانى خوێندنى تێدا پارێزراوە، ئەمرۆش لە لايەن سەرۆكى زانكۆى كۆيەوە وێنەيەك لە مەڕاسيم و دكتۆراى فەخرى كە بەخشرايە بەڕێزيان لە لايەن زانكۆى كۆيەوە لەو هۆڵە دانرا.
بەڕێز ئاشتى ڕەفيق كە سەرپەرشيارى هۆڵەكەيە پيشەى مامۆستايە و بەڕێوەبەرى خوێندنگەى بنەڕەتى گەشتياريە لە پەرۆشى و هاوسۆزى بۆ بەڕێز مام جەلال ئەم هۆڵەى كرۆدتەوە و خۆبەخشانە خزمەتى دەكات.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
فۆتۆگراف: دڵشاد كاكەڕەش