هەواڵى چوارەم

چەندین بڕیارى پێویستى لەبارەوە درایاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانست و خوێندنى

باڵا لەگەڵ سەرۆکى بەشەکانى زانکۆ کۆبوویەوە

کاژێر (9:30) ى بەیانى ڕۆژى یەکشەممە (16/11/2014) لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە بەڕێز (د. دیلان مەجید ڕۆستەم) یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانست و خوێندنى باڵا لەگەڵ سەرۆکى بەشەکانى زانکۆى کۆیە کۆبوویەوە، سەرەتاى کۆبوونەوەکە بەڕێزیان باسیان لە ڕێکخستنى پڕۆگرامەکانى خوێندن کرد. بۆ ئەوەى هۆڵەکانى خوێندن فریاى ئەو ژمارە زۆرەى خوێندکاران بکەوێت بەتایبەت کە قۆناغى یەکەم بۆ خوێندن دێن، بۆیە سەرۆکى بەشەکانى ڕاسپارد کە کاتى دەوام درێژ بکرێتەوە تاکو (3)ى ئێوارە، بەجۆرێک هەندێک قۆناغ لە دواى کاژێر (11) بێنە دەوام.

دواتر بەڕێزیان بە وردى جارێکى دیکە تیشکى خستە سەر پڕۆژەى مەرحەبا و هەنگاوەکانى پڕکردنەوەى فۆڕمەکە بۆ سەرۆکى بەشەکان شیکردەوە بۆ ئەوەى بە وردى و بەڕاستى پڕى بکەنەوەو بەشەکان کارى جدى بکەن بۆ پڕکردنەوەى فۆڕمەکە، ڕاشیگەیاند کە ئۆفیسى نوسینگەى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانست و خوێندنى باڵا هەمیشە کراوە دەبێت بۆ پێدانى هەرزانیارییەک و ئەم پڕۆژەیەى بە پڕۆژەیەکى گەورە. ەستکەوێتى مەزن بۆ کوردستان بە گشتى و بۆ زانکۆى کۆیە بە تایبەتى ناوبرد.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند کە بڕیارمانداوە بە هاوکارى بەشى کوردى زانکۆى کۆیە خوولى فێر بوونى زمانى کوردى بۆ هەموو بەڕێزانە بکەینەوە کە لە زانکۆى کۆیەن و زمانى کوردى نازانن، بە تایبەتى بۆ ئەم مامۆستایانەى وانە دەڵێنەوە.

هەروەها سەرۆکى بەشەکانى ڕاسپارد کە بەردەوام پڕۆپۆزەل پێشکەش بکەن بۆ کردنەوەى خوێندنى باڵاو لە پڕۆپۆزەڵەکانیش دیاردەکان و گرفتەکانى کۆمەڵگاى کوردى لەبەرچاو بگرن و بیکەنە بابەتى توێژینەوەى ئەکادیمى، وتیشى بابەتە مەیدانییەکان باشترین توێژینەوەى سەردەمن و چارەسەرکەرى گرفتەکانیشن.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: هەوڵدانى هەمووان زانکۆى کۆیە بەرەو پێشکەوتن دەبات، بەتایبەتى هەوڵەکانى سەرۆکى بەشەکان، بۆیە پێشکەوتنى زانکۆى کۆیە پێویستى بە کارى هەرەوەزى و هاوبەش هەیە. بۆیە پێویستى بەردەوام بین لەسەر ئەم هەوڵانە.

لە تەوەرێکى دیکەدا ڕایگەیاند کە پەیجمان بۆ سەرجەم مامۆستایانى زانکۆ داناوە، بۆ ئەوەى بەرهەم و زانیارییەکانى خۆى لەو پەیجەدا بڵاوبکاتەوەو خوێندکاران بەرهەم و بابەتەکانى ببینن، هەروەها ئیمەیل بۆ سەرجەم مامۆستایان و خوێندکارانیش هەیە، لەهەوڵى بەردەوامى ئەوەداین زانکۆ بە ئەلکترۆنى بکەین، بۆ ئەوەى بە گەڕان لە ناو تۆڕەکانى ئینتەرنێت زانیارییەکانى زانکۆى کۆیە بە ئاسانى دەستکەون، وتیشى بڕیارمانداوە باشترین سایدى مامۆستایان خەڵات بکەین و لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوى بکەینەوە.

لەبەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا وتى: بۆ ڕایى کردنى کاروبارى فاکەڵتییەکان و چارەسەرکردنى گرفتەکان، بڕیارمانداوە ژورێکى هاوبەش بۆ (پڕۆگرام و خوێندن، دڵنیایى جۆرى، ئاى تى، خوێندنمى باڵا، ڕاگەیاندن) لەسەرجەم فاکەڵتیەکان بکەینەوە، بۆ ئەوەى وەکو تیمێکى هاوبەش کاربکەین.

لە کۆتایشدا ئامادەبووان چەندین پرسیاریان ئاراستەى بەڕێزیان کرد و ئەویش وەڵامى سەرجەم پرسیارەکانى دایەوە

(گەڕانەوە بۆ لاپەڕەى سەرەكى)