سەرۆكى زانكۆ داواى مامۆستايان و فەرمانبەران دەگەيەنێتە وەزارەت

News #09, Issue 10, 2015 | Núcey #09, Jhimarey 10, Mangí 10 Sallí 2015 | نوچەی ٩، ژمارەى ١٠ مانگی ١٠ ساڵی 2015

گروپى داكۆكى لە مافى مامۆستايان و فەرمانبەران، رۆژى يەك شەممە ١٨ / ١٠ / ٢٠١٥ لەبەردەم بيناى كتێبخانەى زانكۆ گردبوونەوەيەكى بۆ مامۆستايان و فەرمانبەران ڕێكخست، گروپەكە لە بەياننامەيەكدا داواى پێدانى مافەكانيان لە موچە و خەرجكردنى شايستە داراييەكانيان و كردنەوەى مۆڵەتى خوێندنيان كرد. بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ بەشداربوو لە گردبوونەوەكە و گوێ بيستى داواى مامۆستايان و فەرمانبەران بوو و بەڵێنيشيدا داواكانيان كە لە بەياننامەكەدا خستيانە ڕوو بەرز بكاتەوە بۆ وەزارەت، بۆ ئامادەبووان بەرێز سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەش كرد.

وتەى سەرۆكى زانكۆ

مامۆستايان، فەرمانبەران و خوێندكارانى خۆشەويستى زانكۆمان

لە هەموو دنيادا دەزگاكانى خوێندنى زانستى و مەعريفى بەشدار و هاوكارن لە چارەسەركردنى كێشە و گرفتەكان و قەيرانەكان، بەڵام بەداخەوە لە ماوەى ڕابردوو ئەم دەزگايانە نەيانتوانيوە ئەو ڕۆڵە بگێڕن ئەمەش لەبەر ژمارەيەكى زۆر هۆكار و بارودۆخى تايبەت.

لەم هەلومەرجانەدا كە زانكۆكان تێكەڵ بوون و بوون بە بەشێك لە ململانێ و كێشە سياسيەكان ، گەورەترين گورز بە پرۆسەى زانستى دەكەوێت و هێندەى ديكە سەربەخۆيى زانكۆكان دوور دەخاتەوە، بەداخەوەش كە حكومەتى هەرێمى كوردستان خەمساردە لە دابين كردنى شايستە داراييەكان و مافى فەرمانبەران.

ئێمە لە نيگەرانى مامۆستايان و فەرمانبەران و خوێندكارانى زانكۆمان تێدەگەين و ئەم ياداشتەى بەڕێزتان بە فەرمى ئاڕاستەى بەڕێز وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى دەكەين و بەرزى دەكەينەوە بۆ وەزارەت، هيوادارين ئەم دۆخە بەرەو چارەسەربوون بچێت و كۆتايى بەو كێشە و گرفتانە بێت، پێشتان ڕادەگەيەنين و داواكارى خۆشتانە كە لەم ڕۆوە دەوامى فەرمى خوێندن لە زانكۆمان ئاساييە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ