گواستنەوە و دابەزين لە نێوان زانكۆكان دەستى پێكرد

News #01, Issue 19, July 2016 | Núcey #01, Jhimarey 19, Mangí 7 Sallí 2016 | نوچەی 1، ژمارەى 19 مانگی 7 ساڵی 2016

بەڕێوەبەرايەتى تۆمارگاى گشتى زانكۆى كۆيە ڕايدەگەيەنێت، بە گوێرەى ڕێنماييەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لە ئێستادا دەرگاى گواستنەوە و دابەزين لە نێوان سەرجەم زانكۆكان كراوەتەوە.

بەڕێز د.شوان عومەر بەڕێوەبەرى تۆمارگاى گشتى زانكۆى كۆيە بە نووچەنامەى وت " بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، له‌ ئێستادا ده‌رگای گواستنه‌وه‌ و دابه‌زین له‌نێوان سه‌رجه‌م زانكۆكان كراوه‌ته‌وه‌، واتا خوێندکاران دەتوانن خوێندنەکەیان لە زانکۆیەکەوە بگوازنەوە بۆ زانکۆیەکی تر بە پێی هەمان مەرج و ڕێنماییەکانی ساڵانی ڕابردوو. هەر خوێندکارێک مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت داوای گواستنەوە بکات، وه‌ هەر خوێندکارێکیش مەرجەکانی تێدا نەبێت، دەتوانێت بە شێوەی پارالێڵ خوێندنەکەی بگوازێتەوە بۆ هەر زانکۆیەک کە بیەوێت. "

بەڕێز بەڕێوەبەرى تۆمارگاى گشتى دەڵێت " پێويستە خوێندكاران ئەم تێبينيانە لەبەرچاو بگرن:

١- كاتی گواستنه‌وه‌ له‌ ڕۆژی دوو شەممە ۲۰۱٦/۷/۱۸ ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو ڕۆژی ۲۰۱٦/۹/۱٥ .

٢- كاتی دابه‌زین له‌ ڕۆژی دوو شەممە ۲۰۱٦/۷/۱۸ ده‌ست پێده‌كات تاوه‌كو ڕۆژی ۲۰۱٦/١٠/٦ .

٣- ئه‌و خوێندكاره‌ی ده‌یه‌وێت گواستنه‌وه‌ یان دابه‌زین بكات ده‌بێت یه‌كه‌مجار بجێته‌ به‌شه‌كه‌ی خۆی، واتا راسته‌وخۆ داواكاری پێشكه‌شی به‌شه‌كه‌ی ده‌كات و ئه‌وانیش كاری پێویستی بۆ ئه‌نجام ئه‌ده‌ن و به‌رزی ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ تۆمارگای گشتی.

٤- ئەو خوێندكارانەى تاقيكردنەوەى خولى دووەميان هەيە دەتوانن داواكارى گواستنەوە يان دابەزين بكەن.

٥- بۆ زانینی وورده‌كاری مه‌رج و ڕێنماییه‌كانی گواستنه‌وه‌ و دابه‌زین خوێندكار ده‌توانێ سه‌ردانی به‌ش یان تۆمارگای گشتی له‌ زانكۆكه‌ی خۆی یان هه‌ر زانكۆیه‌كی تری نزیك بكات."

سەبارەت بە گواستنەوە و دابەزين بە شێوازى پارالێڵ بەڕێز بەڕێوەبەرى تۆمارگاى زانكۆى كۆيە دەڵێت " بەگوێرەى بڕيارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، هەر خوێندكارێك يەكێك يان زياترى لە مەرجەكانى گواستنەوە يان دابەزين تێدا نەبوو، دەتوانێت بە شێوازى پارالێڵ خوێندنەكەى بگوازێتەوە، بۆ زانينى وردەكارى بڕى پارەكە و شێوازى پێدانى بە زانكۆ، پێويستە خوێندكار سەردانى تۆمارگاى گشتى بكات بۆ وەرگرتنى ڕونكردنەوەى پێويست لەو بارەيەوە"

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ