سەرۆكى زانكۆ لەگەڵ مامۆستايانى فەكەڵتى زانست و تەندروستى كۆبۆوە

News #04, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #04, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٤، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016

بە مەبەستى گفتوگۆكردن دەربارەى كێشەكانى ئێستاى هەرێمى كوردستان و كاريگەرى لەسەر پرۆسەى خوێندن، سەرۆكى زانكۆى كۆيە لەگەڵ مامۆستايانى فەكەڵتى زانست و تەندروستى كۆبۆوە.

پەيامێك بۆ مامۆستايان

دواى ئەوەى پەيامێكى ئاراستەى مامۆستايانى زانكۆى كۆيە كرد دەربارەى هەڵوێست وەرگرتنيان لە بەرامبەر درەنگ دابەشكردنى مووچەكانيان (لێرە كليك بكە بۆ خوێندنەوەى پەيامەكە)، ڕۆژى سێ شەممە ٢ / ٢ / ٢٠١٦ بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ لە هۆڵى سميناراتى فەكەڵتى زانست و تەندروستى لەگەڵ مامۆستايانى فەكەڵتيەكە كۆبۆوە.

لەسەرەتادا بەڕێز پ.ى.د.تەها جەلال ڕاگرى فەكەڵتى، بە ناوى مامۆستايانەوە بەخێرهاتنى بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كرد و مەبەستى سەردانەكەى ڕوون كردەوە.

بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە سەرەتاى قسەكانيدا ئاماژەى بەسەختى قۆناغەكە كرد و ڕوونى كردەوە كە دۆخى ئابوورى هەرێمى كوردستان دۆخێكى ناسكە و گرنگە هەموو لايەك لەوە تێبگەين، هەروەها ئاماژەى بە بارودۆخى تايبەتى مامۆستاياندا و وێڕاى بەرزنرخاندنى هەڵوێستەكانيان لە پابەندبوونيان بە دەوامەوە وتى "بارودۆخى مامۆستايانيش جياوازە بەگوێرەى توانا و تايبەتمەنديەكانيان لە ڕووى شوێنى نيشتەجێ بوون و هاتوچۆكردن و پلەى زانستى و بارى مادديان."

لە چوارچێوەى وتەكانيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ جەختيكردەوە كەوا بايكۆت كردن و جێهێشتنى دەوام بەهيچ شێوەيەك چارەسەر نييە، وە داواشى لە ڕاگر و سەرۆكى بەشەكان كرد ئاسانكارى زياتر بكەن، هەروەها وتى " سەرۆكايەتى زانكۆ لەگەڵ مامۆستايان هاوسۆزە و خۆمان جياناكەينەوە لێتان، هەموومان بەشدارين تێيدا و داواى مافەكانتان دەكەين"

سوپاسى مامۆستايانى كرد

لە ميانەى قسەكانيدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ وتى "من لە ناڕەحەتى و ئازارى دەروونى ئێوە تێدەگەم كاتێك نەتوانن بەشە وانەكانتان بەباشى بڵێنەوە و بە ئەركى سەرەكى خۆتان هەڵنەستن. وە هەموومان دەزانين كە پرۆسەى پەروەردە و خوێندنى باڵا بەرپرسياريەتێكى گەورەيە و گرنگە بتوانين ئەركەكانمان جێبەجێ بكەين، من سوپاسگوزارى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيەتان پێ ڕادەگەيەنم كە توانيوتانە هاوشان لەگەڵ مامۆستايانى ديكەى زانكۆمان بەردەوام بن لەسەر ئەركى وانەوتنەوە و پابەندبوونتان بە دەوامەوە "

لە كۆتاييدا بەڕێز سەرۆكى زانكۆ ئەوەى بيرى مامۆستايان هێنايەوە كە زانكۆى كۆيە يەكێكە لە زانكۆ پێشەنگەكانى هەرێمى كوردستان و ئەمەش بە هەوڵ و كۆششى مامۆستايان بەدى هاتووە، بۆيە پێويستە مامۆستايان پارێزگارى لەم پێگە بەرزەى زانكۆ بكەن و بەردەوام بن لەسەر وانەوتنەوە بە منداڵانى شەهيد و پێشمەرگە .

پاشان مامۆستايان گفتوگۆيان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكى زانكۆ كرد دەربارەى تەوەرى سەرەكى كۆبوونەوەكە.

فەكەڵتى زانست و تەندروستى:

فەكەڵتى زانست و تەندروستى يەكێكە لە فاكەڵتييە سەرەكيەكانى زانكۆى كۆيە لە ساڵى ٢٠١٠ لە ئاوێتەكردنى كۆلێژەكانى زانست و كشتوكاڵ پێكهاتووە و حەوت بەشى گرنگى لەخۆگرتووە، بەشەكانى : بايۆلۆجى، كيميا، ماتماتيك، فيزيا، كلينيكەڵ سايكۆلۆجى، مێديكەڵ مايكرۆبايۆلۆجى. بۆ زانيارى زياتر كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : سەيران حوسێن