ڕێكخراوى سيد دوو ۆركشۆپى بۆ مامۆستايانى بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆجى ڕێكخست

News #02, Issue 32, Augest 2017| Núcey #02, Jhimarey 32, Mangí 8 Sallí 2017| نوچەی 2، ژمارەى 32 مانگی 8 ساڵی 2017

ڕێكخراوى سيد كە پاڵپشتى سەنتەری خزمەتگوزاری دروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی دەكات لە زانكۆى كۆيە، دوو ۆركشۆپى بۆ مامۆستايانى بەشى كلينيكەڵ سايكۆلۆجى زانكۆمان كردەوە.

رۆژى پێنج شەممە ٢٠١٧/٧/٢٧ بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا لە دوايين رۆژى ۆركشۆپەكەدا بەشداربوون.

وۆركشۆپى يەكەم

بەڕێز فريشتە كاوە بەرێوەبەرى سەنتەرەكە دەلێت" ۆرکشۆپی یەکەم لەبەرواری ٧/١٦ دەستی پێکرد و بەناونیشانی سەرپەرشتیاری کلینیکی (Clinical Supervision) بوو ١٠ مامۆستای بەشی کلینیکەڵ سایکۆلۆجی زانکۆی کۆیە تیایدا بەشداربون و لەگەڵ یەک کارمەندی ڕێکخراوی وچان"

بابەتەكانى ئەم وۆركشۆپەكە هەروەك بەڕێز فريشتە دەلێت "بابەتەکان بریتی بون لە پێناساندنی سەرپەرشتیاری کلینیکی و ئەرکەکانی سەرپەرستیاری کلینیکی، پەیوەندی سەرپەرشتیاری، ڕێکخستن و دیزاینکردنی ئەزمونی سەرپەرشتیاری وەکو: گرێبەستی سەرپەرشتیاری، ئامانجەکانی فێربون، هەڵگرتنی تۆمار، هەڵسەنگاندن، هەروەها لایەنە تەکنیکیەکانی سەرپەرپەرشتیاری لەخۆگرتبوو لەوانە؛ سەرپەرشتیاری تاکی و سەرپەرشتیاری بەکۆمەڵ، لەگەڵ هەندێک بابەت سەبارەت بە کێشە ئێتیکیەکانی سەرپەرشتیاری کلینیکی"

ئەم ۆرکشۆپە لە بەرواری ١٩/٧ کۆتایی هات.

ۆركشۆپى دووەم

لەبارەى ۆركشۆپى دووەمەوە دەڵێت " ۆرکشۆپی دووەم لەبەرواری ٧/٢٣ دەستی پێکرد بەناونیشانی (تراوما) کە تیایدا ١١ مامۆستای بەشی کلینیکەڵ سایکۆلۆجی بەشداربوو لەگەڵ ٣ ستافی ڕێکخراوی سید. ئەم ۆرکشۆپە بە پێداچونەوەی کۆرسی تراوما کە لە ژێر چاودێری کۆمەڵێک شارەزای بیانی و ناوخۆیی زیادکرا بۆ مەنهەجی بەکالۆریۆسی بەشی کلینیکەڵ سایکۆلۆجی دەستی پێکرد"

بابەتەکانى ئەم ۆركشۆپەش پێکهاتبون لە: کاریگەرییە دەرونی کۆمەڵایەتیەکانی تراوما، کێشەکانی هەڵسەنگاندن، مۆدێڵەکانی چارەسەری تراوما، بنەماکانی چارەسەرکردن، کێشە ئێتیکیەکانی تراوما، تراومای دووەمی و ئاگا لەخۆبوون، تراوما لای ئاوارەکان، کاریگەرییە دەرون کۆمەڵایەتیەکانی تراومای ئاوارەکان و ڕێبازی چارەسەری نوێ لە کارکردن لەگەڵ ئاوارەکان، چارەسەر لەکاتی قەیران، هەڵسەنگاندنی خۆکوشتن و پلانی سەلامەتی، فریاگوزاری سەرەتایی دەرونی. کە لەتەواوی هەفتەکەدا باسکران.

ئەم ۆرکشۆپە لە ٢٧/٧ کۆتایی هات.

بەڕێوەبەرى سەنتەری خزمەتگوزاری دروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی ئاماژە بەوە دەكات كە " تەواوی بابەتەکانی ئەم ۆرکشۆپە بەسوودبوون بۆ بەشداربووان و یارمەتیدەر بو بۆ دەوڵەمەند کردنی زانیاری بەشداربووان و بەدەستهێنانی کارامەیی زیاتر لە پیشەکانیان. وەسەرجەم ۆرکشۆپەکان پاڵپشتی دارایی و مەعنەوی لەلایەن ڕێکخراوی سیدەوە کرا".

سەنتەرى خزمەتگوزاری دروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی

ڕێكخراوى سيد بە واژۆكردنى ڕێككەوتننامەيەك لەگەڵ زانكۆى كۆيە و هاوكارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمريكا سەنتەرى خزمەتگوزاری دروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی لە زانكۆى كۆيە بونيادنا.

كارى سەنتەرەكە بريتيى يە لە ڕاهێنانى كەسانى ئەكاديمى بۆ پێشكەشكردنى باشترين خزمەتگوزارى دەروونى بە نەخۆشيە دەروونييەكان.

ڕۆژى ٣١ى جانيوەرى ٢٠١٧ لە سەرۆكايەتى زانكۆ، بەڕێزان جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەرێم ووەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و وەزيرى تەندروستى و كونسوڵى گشتى ئەمريكا لە هەولێر، ئەندامانى پەرلەمان و قايمقامى كۆيە و ژمارەيەكى زۆرى ئەندامانى زانكۆى كۆيە ئامادەى كردنەوەى سەنتەری خزمەتگوزاری دروستی دەروونی و پاڵپشتی دەروونی بوون.

زانيارى زياتر لەم بارەيەوە بخوێنەوە. كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ

وێنەكان : دڵشاد كاكەڕەش