ئاهەنگى دەيەمين خولى دەرچووانى زانكۆ بەڕێوەچوو
رۆژى يەك شەممە ١١ / ١٠/ ٢٠١٥ كاتژمێر ٤ى عەسر لە هۆڵى چالاكيە وەرزشيەكانى سكوڵى پەروەردەى وەرزش، بە ئامادەبوونى نوێنەرى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى و ژمارەيەكى زۆر لە مێوانانى شارى كۆيە و كەس و كارى خوێندكاران، ئاهەنگى دەيەمين خولى دەرچووان بە سەركەوتويى بەڕێوەچوو.
سەرەتاى ئاهەنگ بە هاتنە ژوورەوەى ئاڵاى عێراق و كوردستان و زانكۆ و فاكەڵتيەكان دەستى پێكرد، پاشان خوێندكاران هاتنە هۆڵى ئاهەنگ و دواى گوێگرتن لە سروودى نەتەوەيى ئەى ڕەقيب و سروودى زانكۆ، بەڕێز پ.ى. سەعيد ساڵح حمدامين سەرۆكى ليژنەى باڵاى ئاهەنگ وتەيەكى پێشكەش كرد، دواتر بەڕێز پ.ى.د. وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەى پێشكەش كرد، هەر لەو بابەتە د.كەريم عەبدول وتارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى پێشكەش كرد.
وتەى سەرۆكى ليژنەى باڵاى ئاهەنگ
ميوانە بەڕێزەكان
ستافى مامۆستايانى زانكۆمان
خوێندكارە ئازيزەكان
بەناوى ليژنەى ئاهەنگى دەرچووانى ساڵى (٢٠١٤-٢٠١٥) خولى (١٠)دەيەم بەخێرهاتنى گەرمتان دەكەين و سوپاسى ئامادەبوونتان دەكەين بە بۆنەى ڕێ و ڕەسمى بەخشينى بڕوانامە بە خوێندكارە دەرچووەكان.
بەم بۆنەيەوە لە ناخى دڵمانەوە جوانترين پيرۆزبايى لە گشت خوێندكارە دەرچووەكان دەكەين، كە دواى هەموو هەوڵ و كۆششيان لە ماوەى خوێندندا وە بە پشت بەستن بە ئەركى پيرۆزى گشت مامۆستايانى زانكۆمان بە لێبوردەيى و هەست بە بەرپرسيارێتى لە ئاست بڕوانامەكانيان توانرا خزمەت بەو پۆلە خوێندكارە و كۆمەڵگەكەمان بكەين، بۆيە سوپاسى يەكە بە يەكەى مامۆستايانمان دەكەين.
هەروەها سوپاسى هەموو ئەو كەسايەتى و لايەنانە دەكەين كە هاوكاريان كردين بۆ ئەنجامدانى ئەم ئاهەنگە.
هەر سەرفراز و سەركەوتووبن و بەرەو كوردستانێكى ئازاد.
پ.ى.د.سەعيد ساڵح حمدامين
سەرۆكى ليژنەى باڵا ئاهەنگى دەرچووان
٢٠١٥/١٠/١١
وتارى بەڕێز سەرۆكى زانكۆ
بە ناوى خواى گەورە و ميهرەبان
ئامادەبووانى بەڕێزى ئاهەنگى دەرچووانى خولى دەيەمى زانكۆى كۆيە
مامۆستايانى خۆشەويست
كارمەندانى زانكۆ
خوێندكارانى دەرچوو
سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە خوشحاڵە كەوا ئەمڕۆ رێكەوتى 11/10/2015 خولى دەيەمى دەرچووانى خۆى بەرێ دەكا بۆ بوارەكانى كار و خزمەتگوزارى بە ناوى ئەنجوومەنى زانكۆوە پيرۆزبايى گەرم لەم خوێندكارانە دەكەم كە بڕوانامەكانيان بەدەست هێناوە و پيرۆزبايى لە كەس و كاريان دەكەم كە ماندوو بوونيان ئەنجامێكى هەبووە، دەست خۆشيش لە مامۆستايان و كارمەندانى زانكۆ دەكەم كە هەوڵى زۆريان داوە لەگەڵيان.
بەڕێزان...
ئاهەنگى دەرچوون كە دەيەمين خولى دەرچووان بەرێ دەكات هاوكاتە لەگەڵ يادەى 12 ساڵەى زانكۆى كۆيە كە بەردى بناغەى بە دەستى مامى گەورە و سەروەرمان (مام جەلال) دانراوە. سڵاو بۆ مام جەلال هيواى چاكبوونەوە و شيفاى بۆ دەخوازين.
راستە سەرەتا كە بڕيارى كردنەوەى زانكۆى كۆيە درا زۆر كەس بەلايانەوە نيمچە مەحاڵ لەكردن نەهاتوو بوو وە پێشيان وابوو بەردێكى گەورە هەڵگيراوە لە ئاست توانستى كۆيە و ناوچەكە و حكومەت و كوردستان (ئيدارەى سلێمانى ئەو كات نيە). يەڵام هەموومان دەبينين كە زانكۆكە هەنگاوى جيددى و كردەيى بەرە و پێش ناوە، و ئەمڕۆ يەكێكە لە زانكۆ سەركەوتووەكانى كوردستان بەم تەمەنە كورتەى خۆيەوە.
خوێندكارانى دەرچوو ...
راستە لە ئێستادا كوردستان و حكومەت و خەڵكەكەى بە چەندان گرفت و قەيران دا تێپەر دەبن( گرفتى دارايى، شەڕى داعش، نێوانى حكوومەتى هەرێم و بەغدا و پلاني ترى نێونەتەوەيى و دژايەتى ئەزموونەكەمان و بەگشتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پڕيەتى لە ئاژاوە)، ئێوە خوێندنى بەكالۆريۆس تەواو دەكەن و لە دڵەراوكێى هەلى بەدەستكەوتنى كارن بۆ خۆتان و بژێوى و ئايندە، بەڵام دڵنياتان دەكەينەوە كە لەسەر دەستى ئێوە و رۆڵەكانى ميللەتەكەمان ئەم لەمپەرانە تێك دەشكێنين و ئايندەيەكى روون چاوەڕوانتانە، بەڵام ئيرادە و مرۆڤ دۆستى و وڵات خۆشەويستى لێتان دەوێت.
تەنها لە ساڵى (2015) و لەگەڵ بوونى ئەم هەموو قەيرانە زانكۆكەتان توانيويەتى چەندان پەيوەندى ئاكاديمى و زانستى لەگەڵ زانكۆكانى دەرەوە و دونياى پێشكەوتوو واژۆ بكات، لەوانە يادداشتنامە و لێكتێگەيشتن لەگەڵ زانكۆى ئاركانساسى ئەمريكي و زانكۆى ئەسفەهانى تێكنۆلۆجى و زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانى و چەندان خوێندكارى بەكالۆريۆس و ماستەر و دكتۆرامان هاوبەش لەگەڵ زانكۆكانى ئەوروپا و ئاسيا و وڵاتى عەرەبى و ئێران لە خوێندن و توێژينەوەى هاوبەشن.
زانكۆكەتان و سەرۆكايەتى زانكۆ شەرەفمەندن كە لەم ساڵەدا وەك وەفاييەك بۆ دامەزرێنەرەكەى و وەك رێزلێنانێك لە خەبات و زيرەكى و توانستى (هەڤاڵ مام جەلال) بڕوانامەى دكتۆراى فەخرى لە بوارى ياساى گشتى بەخشيە بەرێز (مام جەلال) كە يەكێكە لە كارە جوان و گەورەكانى ئەم زانكۆيە لە مێژوودا دەمێنێتەوە، چونكە چەندە خوێندكاران سەريان بڵيندە و دڵخۆشن بە زانكۆكانيان و شوێنى خوێندن و بەدەست هێنانى بڕوانامەكانيان، ئەوندەش زانكۆكان فەخر بە خوێندكارە باش و زيرەكەكانيان دەكەن و كە بڕوانامەكانى ئەوان هەڵدەگرن.
لە كۆتايى دا دووبارە دەستخۆشى لە هەموو لايەك دەكەم و لە تەواوى بەشداربووانى سەرخستنى ئەم ئاهەنگە و پيرۆزبايش لە سەرجەم خوێندكارانى دەرچوو دەكەم.
هەر سەركەوتوو بن
پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد
سەرۆكى زانكۆ
٢٠١٥/١٠/١١
لەم خولەى دەرچوواندا، زانكۆمان وەك ئەمەكدارى و ڕێزگرتن لە خەبات و ماندووبوونى بەڕێز مام جەلال ، بڕوانامەى دكتۆراى فەخرى بە بەرێزيان بەخشى.
دواى سوێندخواردنى ياسايى و پێ بەخشينى بڕوانامەى بەكالۆريۆس لە لايەن بەرێز سەرۆكى زانكۆوە،
كۆتايى بە ئاهەنگەكە هێنرا.