وەفدێكى زانكۆى فيردەوسى وڵاتى ئێران سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد
News #01, Issue 21, Sep 2016 | Núcey #01, Jhimarey 21, Mangí 9 Sallí 2016 | نوچەی 1، ژمارەى 21 مانگی 9 ساڵی 2016
بۆ دروستكردنى پەيوەندى و هەماهەنگى لە ئاييندەدا، وەفدێكى زانكۆى فيردەوسى وڵاتى ئێران سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد.
ڕۆژى چوارشەممە ٣١ى ئابى ٢٠١٦ وەفدەكەى زانكۆى فيردەوسى گەيشتنە زانكۆى كۆيە، ڕاستەوخۆ سەردانى فەكەڵتى ئەندازياريان كرد و لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.محەمەد حەسيب زەنگەنە و ستافێكى فەكەڵتيەكەوە پێشوازى كران، لەو ديدارەدا كە بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا ئامادەى بوو، هەردوو زانكۆ توانا و كارامەييەكانيان بۆ يەك خستەڕوو، وێڕاى پێشاندانى ئامادەيى بۆ هەماهەنگى و پەرەپێدانى پەيوەنديەكان لە داهاتوودا.
د.محەمەد حەسيب زەنگەنە ڕاگرى فەكەڵتى ئەندازيارى باسى فەكەڵتيەكەيانى كرد لە پەيكەرى فەكەڵتيەكانى زانكۆى كۆيە و تواناكانى، هاوكات بە وردى پێكهاتەى فەكەڵتيەكەى بۆ ئامادەبووان ڕونكردەوە.
لەو دانيشتنەدا هەردوولا ڕوانگەيان دەربارەى چۆنيەتى پەرەپێدانى پەيوەنديەكانيان خستە ڕوو.
دواى چاوپێكەوتنەكە وەفدەكە تاقيگەكانى فەكەڵتيەكە و تواناكانيان بينى .
پاشان وەفدەكە سەردانى سەنتەرى توێژينەوەى زانستى و تەندروستيان كرد و زانيارى پێويستيان لەبارەى ئامێر و كاراييەكانى، وەرگرت.
دواتر سەردانى سەرۆكايەتى زانكۆيان كرد و لە لايەن بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ و جێگرانى سەرۆكى زانكۆ پێشوازيكران.
بەڕێز د.وەلى باسى زانكۆى كۆيەى بۆ كردن لە ڕووى پێكهاتەى كارگێڕى و لايەنى زانستيەوە، هەروەها ڕانكى زانكۆى كۆيە لە ڕێزبەندى جيهانيدا " بەهۆى بوونى خاڵە لێكچووەكانەوە دەمانەوێت سوود لە ئەزموونى زانكۆكانى وڵاتى ئێران وەربگرين، لە ڕووى گەشەپێدانى زانكۆكان و توێژينەوەى زانستى، وێڕاى ئاڵوگۆڕى فەرهەنگى و زانستى لە نێوانماندا"
پاشان بەڕێز ئاغاى هاشميان سەرۆكى وەفدەكە وتى "زۆر سوپاس بۆ قبوڵكردنى ئەم ديدارە، سەرۆكى زانكۆمان سڵاوى هەبوو بۆتان، خۆشحاڵە بە بوونى پەيوەندى لە نێوانمان " پاشان بەرێز باسى لە زانكۆى فيردەوسى كرد كە تەمەنى نزيكەى ٧٠ ساڵە و ١٣ كۆلێژى هەيە، زانكۆكە لە توانايدايە ٢٠٠ پسپۆڕى ببەخشێت. "ئێمە ياداشتنامەى لێكگەيشتنمان لەگەڵ زۆر زانكۆى جيهانيدا هەيە، بەڵام حەز دەكەين لەگەڵ زانكۆى كۆيەش ئەو پەيوەنديەمان هەبێت و بەخۆشحاڵيەوە ئامادەين بۆ ئەوە"
هەر لە ديدارەكەدا بەڕێز هاشميان بانگهێشتى وەفدى زانكۆى كۆيەى كرد بۆ زانكۆى فيردەوسى مەشهەد، بۆ پتەوكردنى پەيوەنديەكان و گەشەپێدانى. هەردوو لا ڕێككەوتن لە ئاييندەيەكى نزيكدا بە كردار كار بۆ ئەم بابەتە بكەن.
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ
وێنەكان : بەندى لوقمان ، دڵشاد كاكەڕەش، محمد مغديد