مەلەوانگەى زانكۆى كۆيە كرايەوە

News #4, Issue 30, June 2017 | Núcey #4, Jhimarey 30, Mangí 6 Sallí 2017 | نوچەی 4، ژمارەى 30 مانگی 6 ساڵی 2017

مەلەوانگەى زانكۆى كۆيە بە ستافێكى شارەزا و پسپۆرى مەلەوانى و چاودێرى تەندروستيەوە دواى پشوويەكى كورتى كاركردنى زستانە دووبارە كرايەوە.

مەلەوانگەى زانكۆى كۆيە دەكەوێتە ناو كەمپەسى زانكۆوە و لە چوارچێوەى سكوڵى پەروەردەى وەرزشدايە، پێكهاتووە لە مەلەوانگەيەكى گەورە و شوێنى خۆگۆرين و وەرزشكردن.

بەڕێز د.نەبەز عەبدولا بەرپرسى ليژنەى كارگێڕى مەلەوانگە بە نووچەنامەى وت " بە گوێرەى پلانمان لەسەرەتاى ئەم مانگەوە كە وەرزى گەرما و هاوين دەست پێدەكات مەلەوانگە دەكەينەوە، وە لەبەر ئەوەى لە ئێستادا لە مانگى ڕەمەزانى پيرۆزداين بۆيە كاتى كردنەوەى مەلەوانگە دەكەوێتە شەوان"

مەلەوانگە لە ماوەى مانگى ڕەمەزاندا جگە لە شەوانى هەينى هەموو شەوێك كراوەيە لە كاتژمێر ٩ تاوەكو ١١ى شەو ئەمەشە بە مەبەستى پێدانى دەرفەت بە ئارەزوومەندانى مەلەوانى.

بەڕێز د.نەبەز دەلێت " لە وەرزى زستانە و لەم وەرزشەدا ژمارەيەكى زۆرى هاوڵاتى سەردانى مەلەوانگەيان كردووە، ئێمە جگە لە ئاسانكارى لە ڕووى نرخەوە بۆ فەرمانبەران و مامۆستايانى زانكۆمان، نرخێكى گونجاويشمان داناوە بۆ هاوڵاتيانى شارى كۆيەش، ئەمە جگە لەوەى ئەوانەى بە گروپ بەشدارى دەكەن و كاتى دياريكراويان هەيە داشكانيان بۆ دەكەين"

لە مەلەوانگەى زانكۆى كۆيە خولى فێركردنيش هەيە بۆ هەموو تەمەنەكان.

مەلەوانگەى زانكۆى كۆيە بە ستافێكى شارەزا و پسپۆرى مەلەوانى و بە چاودێرى ڕاستەوخۆى بەرێوەبەرايەتى تەندروستى و سەلامەتى زانكۆ كارەكانى ئەنجام دەدات.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ