ئەو خوێندكارانەى ئەمساڵ زانكۆ جێدەهێڵن، چى دەڵێن؟!

News #14, Issue 18, June 2016 | Núcey #14, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 14، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016

خوێندكارانى دوا قۆناغى زانكۆمان كە ئەمساڵ خوێندنى زانكۆيى تەواو دەكەن، سەبارەت بە ژيانى زانكۆييان و بەجێهێشتنى زانكۆ، هەستەكانيان دەردەبڕن، وەرگرتنى بڕوانامە و نازناوە ئەكاديميەكانيان يەكێك لە دڵخۆشيەكانيانە. ئەوان هەندێكيان لە فەيسبووك لە گەڵ وێنەيەك پەيامێكيان نووسيوە و ئاڕاستەى هاوڕێكانيان كردووە، هەندێكيشيان بە تايبەت بۆ نووچەنامە قسەيان كردووە.

يادگارى خۆش و ناخۆشمان هەيە

فرمێسك مستەفا دەرچووى بەشى كوردى لە فەكەڵتى پەروەردە دەڵێت " زانکۆی كۆیە لەچاو زۆرێک لە زانکۆکانی تری کوردستان لە ئاستێکی باشتردایە، ئە وەی ئەم ناوەندی خوێندنە پێیبەخشیم، کۆمەڵیک هاوڕێ وکەسانی باشن کە ژیانیان جوانترکردم، بە هيوای دوبارە پێکشادبونەوەیانم."

ئيسماعيل گەردى دەرچووى بەشى ياسا لە فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان دەڵێت " بێگومان زانکۆ بەرزترین ناوەندی ئەکادیمییە لەسەر ئاستی وڵات، بۆیەش خوێندن تێیدا جێگای شانازیە، دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک بەجیاوازتر لەکەسانی ئاسایی تر لێتەوە بڕوانن، بەجۆرێک وات لێ دەکا هەست بەشانازییەکی گەورە بکەی کەوا تۆ گەیشتووی بەو ئاستە، تا ئەو قۆناعە هاتووی. بەڵام ئەوەی وات لێ دەکا ببێتە هۆی بێزاربوونت، بارودۆخی سیاسی و حکومدارییە،بێجگە لە بوونی لێشاوێکی زۆر لەفێرخواز کەوا چەند ساڵێکە تەواویان کردووە و دانەمەزراون ."

ئەگەرچی لەگەڵ بوونی ئەو هەموو بێزاریەش کە دەگەی بەقۆناغی کۆتایی، لە چرکەکانی کۆتاییدا گەردەن ئازادی و ماڵئاوایی لەهاوڕێکانت دەکەی، ئەوکات حاڵت باش نابێ دەدەی لەپڕمەی گریان، زۆر بەتوندی باوەشیان پێدا دەکەی و ماچیان دەکەى ، بۆیە کە زانکۆ تەواو دەکەین ناوی زانکۆ و هەنێک هاوڕێ لەبیر و خەیاڵمان دەمێننەوە، کەوا چەند ساڵێک بەیەکەوە ژیاوین، کۆمەڵێک یادگاری خۆش و ناخۆشمان لەگەڵ یەکتردا تۆمار کردوون. "

كۆيە لە يادەوەرى خوێندكاراندا

هاوژين كەريم لە بەشى بايۆلۆجى فەكەڵتى زانست و تەندروستى دەڵێت " کۆیە ئەو شارەی چوارساڵی ئەزموون ودنیابینی منی گۆڕی، دڵخۆش دەبووم بە جوڵەی ئەو خەڵکانەی سادەیی ژیان هێشتا لە ژێر پێستیان لێدەدا، بەو کۆڵانانەی کە مەگەر تەنیا خودا بزانێ ژیان چەندە پیری کردوون وەلێ چەندە پیرتر دەبن جوانتر و جوانتر دەنوێنن، بۆنی کولێرەی گەرمی ئێوارانت وەختێ پیاوێک پڕ بە دەستی بەشەقامەکانی ئازادی بەبەردەم مزگەوتی مەلای گەورە دا تێدەپەڕێ و بەخۆشییەوە سڵاو لەو پیرانە دەکا کە بەڕیز هەر یەکە و ئاوێنەی زەمەن و چەندین سەربردەن .

بیری ئەو هاوڕێیانەی زانکۆ کە چوار ساڵ کەس بوون بۆ من، پێکەنینمان خۆشی و کەیفمان بە تەنیایی لە خۆمان ڕەوانەدەدی.

بیرتان دەکەم دەزانم کە ئیدی ژیان بۆ هەر یەکێکمان کلیلێک و دەرگایەکی تازەی پێیە، بەڵام لە یادەوەری مندا هەمیشە دەمێننەوە."

هەروەها عەبدوڵا عەبدال دەرچووى بەشى كوردى دەڵێت " چوار ساڵی ژیانی زانكۆ، كۆچێكی سەرەتا دیار و كۆتاییەكی دیاریكراو بوو. هەر لەسەرەتای هەنگاوەكانی زانكۆ، تا ئەو كاتەی گەیشتم بە كۆتا چركەساتی خوێندن، بینیم، بەشێكی زۆر لەخوێندكاران تەنها بۆ جلوبەرگ و شێوازە جۆراوجۆرەكانی قژداهێنان و دانیشتن هۆشیارییان لەوپەڕی وریاییدایە، كەچی ئەو كاتانەی لەهۆڵی خوێندن ئامادەگیان دەبوو، ئەوا بەئەستەم بیریان ئاوێتەی وانەكە دەبوو، جا بەهەر هۆیەك بێ.

ژمارەی ئەو خوێندكارانەی ئارەزووی خوێندن و گوێگرتنی وانەكانی هەبوایە لەپەنجەی دەست تێپەڕی نەدەكرد . ئەركی خوێندكاران دوای هەر وانەیەك خوێندنەوەی دەرەكی بوو سەبارەت بە وانەی خوێنراو و زیادكردنی ئاستی مەعریفی خۆیان، بەڵام بەداخەوە ئێمەی خوێندكاران بەشێوەیەكی گشتی بەهۆی كەمتەرخەمى بەو ئەركە هەڵنەدەستاین و كەمتەرخەم بووین لەزۆربەی بابەتەكان بۆ خوێندنەوەی دەرەكی.

من لەو چوار ساڵەدا بەهۆی هەندێك خوێندنەوە و گوێگرتن لەو بابەتانەی ئارەزووم لێیان هەبوو، توانیم زانیارییەكی زۆر دەستەبەربكەم، كە زۆرێك لەخوێندكاران لەو زانیارییانە بێبەش بوون و ئێستاشی لەگەڵدابێ تێینەگەیشتن و هەوڵی تێگەیشتن و فێربوونیان نەدا.

لەكۆتایی ئەم ڕۆژەدا بەخەنینەوە هاوڕێیانم جێهێشت و تابلۆی بەنیازی دیدارم لە ئەنی خۆم نەخشاند و هیوای بینینەوەم بۆیان هەبوو، پێمخۆشبوو گەیشتم بە كۆتایی و قۆناغێكی تری ژیان، سەرەڕای هەستكردنم بەوەی كە ''دەزانم من نەزانم'' لە زۆر لایەنی پسپۆڕیەتی خۆم."

ژيانى بەشى ناوخۆيى

ژاڵە ڕەشاد دەرچووى بەشى بايۆلۆجى لە پەيامێكيدا بۆ هاوڕێكانى لە فەيسبووك دەڵێت " قورسە دوای چوارساڵ ژیان لەگەڵ ئێوە ئێستا بەبێ ویستی خۆمان باوەشی ماڵئاواییکردن لەیەک بكەین، هەموومان کە دەستمان پێکرد سەرەتا بیرمان لای کۆتاییەکەی نەبوو، کەسمان بیرمان لەوە نەدەکردەوە رۆژێک دێت هێندە بەتامەزرۆوە باوەش بۆ یەکتر دەکەینەوە کە حەز دەکەین لەناو یەکتر بتوێینەوە، ئەگەر بیرمان لەو رۆژە کردبایەوە دڵنیام نەمان دەهێشت بەقەد گەردێک دڵمان لەیەکتر بشکێت! "من دڵم لەکەستان نەشکاوە و ئێوە نزیکترینەکانی منن"، گەشبینم بەوەی ئێستا ماڵئاوایی یەکجاری نییە و دەکرێت لەهەر کات و ساتێک بێت چاومان بەیەک بکەوێتەوە و باوەش لەیەکتر بدەین.

چوار ساڵە لەگەڵ ئێوە پێکەنیوم و شەوەهای شەو بەیەکەوە رۆژمان کردۆتەوە و گوێمان لە گۆرانی گرتووە، دەردە دڵییەکانمان لەناخی یەکتر حەشارداوە و دەکرێت بەیەکەوە بۆ ساتە لە دەستچووەکان گریا بین.

ئاسان نییە بتوانین وا سانا ئەو رۆژانە لەبیر بکەین، دەزانم ئەوانەش نۆستالۆژیان بۆ ژیانی داهاتوومان.

دڵنیام زۆر دوای ماوەیەکی تر خۆزگە بۆ ئەو رۆژانە دەخوازین کە گوزەشتن.

بەهیوام بڕوانامەکانتان ببێتە رێگەی خۆشبەختی وهەموو کۆسپ و ناخۆشییەکانی ژیان لەسەر رێگەتان لاچێت و بە ئاواتەکانتان بگەن، خۆشمدەوێن و ئێوە جێگەی شانازی منن.

داوای لێبوردن لەهەموو ئەو کەسانە دەکەم ئەگەر رۆژێک دڵم شکاندبن، خۆشمدەوێن و ئێوە لە گلێنەی چاوانم هەڵدەگرم."

ئامادەكردنى : ژورى هەواڵ

وێنە: كاردۆ محەمەد