زانكۆى كۆيە نامەى لێك گەيشتن لەگەڵ زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانى واژۆ دەكات
News #11, Issue 11, 2015 | Núcey #11, Jhimarey 11, Mangí 11 Sallí 2015 | نوچەی ١١، ژمارەى ١١ مانگی ١١ ساڵی 2015
بە مەبەستى لێك نزيك كردنەوەى زانكۆكانى عێراق و ئەڵمانيا، بۆ جارى دووەم وۆك شۆپى (Iraq German Universities network symposium ) لە زانكۆى سەڵاحەدين لە شارى هەولێر ڕێكخرا، وەفدێكى زانكۆى كۆيە بەشداربوون لەو وۆرك شۆپە.
رۆژانى ١٦ و ١٧ / ١١ / ٢٠١٥ لە زانكۆى سەڵاحەدين لە شارى هەولێر بۆ جارى دووەم وۆك شۆپى (Iraq German Universities network symposium ) بە ئامادەبوونى شەش زانكۆى عێراقى بەڕێوەچوو، هەريەك لە زانكۆكانى (كۆيە، سەڵاحەدين، تەكنۆلۆژى بەغدا، پۆليتەكنيكى هەولێر، كەركوك، جيهان) بەشداربوون تێيدا، ئامانجى سەرەكى ديدارەكە لێك نزيك كردنەوەى زانكۆكانى عێراق و ئەڵمانيايە بۆ پەيوەندى ئەكاديمى و توێژينەوەى زانستى لە نێوان زانكۆكان.
ناوەرۆكى ئەم نامەيە چى يە؟
بەڕێز دكتۆر محەمەد حەسيب ڕاگرى فاكەڵتى ئەندازيارى كە بەشداربووە لە وۆرك شۆپەكە لەم بارەيەوە دەلێت" ساڵانە زانكۆى زياتر بەشدار دەبن لەم وۆرك شۆپە كە لە لايەن ڕێكخراوى دادى ئەڵمانيەوە پشتيوانى دارايى دەكرێت، ئەمساڵ يەك لەو زانكۆيانەى بەشداربوو زانكۆى كۆيە بوو لە ڕێى واژووكردنى نامەى لێك گەيشتن لەگەڵ زانكۆى فرايبێرگى ئەڵمانى، خاڵەكانى لێك گەيشتنەكە جەخت دەكاتەوە لە پەيوەندى و هاريكارى هاوبەش لە نێوان هەردوو زانكۆدا لە بوارى ئەكاديمى و توێژينەوەى هاوبەش و هاوكارى زانستيى"
وەفدەكەى زانكۆى كۆيە پێك هاتبوون لە بەڕێزان پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە و د.ديلان مەجيد رۆستەم ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا، د.محەمەد حەسيب ڕاگرى فاكەڵتى ئەندازيارى و بەڕێزان دكتۆر باسل و مامۆستا بروسك و مامۆستا پەيمان صحبە لە فاكەڵتى ئەندازيارى.
دكتۆر محەمەد حەسيب چالاكيەكانى وۆرك شۆپەكەى ڕوون كردەوە كە پێك هاتبوو لە ديراسەكردنى زانكۆكانى ئەڵمانيا و كوردستان لە ڕووى پرۆگرام و بەشەكان و بابەتەكانى فێركارى، كە لە ڕێگەيەوە خاڵە هاوبەش و جياوازەكان ڕون دەبێتەوە ئەمەش لە ڕووى ئەكادميەوە كاريگەرى دەبێت لەسەر پێشكەوتنى بەشە هاوشێوە و جياوازەكان، وە زانكۆكانى بەشدار لە وۆرك شۆپ لە پێشينەى زانكۆكاندا دەبن بۆ بەدەست هێنانى پشتيوانى دارايى لە لايەن رێكخراوى دادەوە بۆ پرۆژە زانستيەكان كە خوێندكاران و ستافى ئەكاديمى زانكۆكان دەتوانن تێيدا سوودمەند دەبن.
وۆرشۆپەكە تايبەتمەند بوو
وۆرك شۆپى ئەمجارەى نێوان زانكۆكانى عێراق و ئەڵمانيا تا ڕادەيەك تايبەتمەند بوو بە ئەندازيارى ميكانيكى و بابەتەكان و پرۆگرامەكانى، بە وتەى دكتۆر محەمەد حەسيب گفتوگۆيان كردووە بۆ ئەوەى لە وۆرك شۆپەكانى داهاتوودا بابەتەكانى نەوت و كيمياوى و بەشەكانى ديكەش بەشداربن و سوود لە ئەزموونيان لەم بوارانەدا وەربگرين.
لە بارەى مێوانداريكردنى زانكۆى كۆيە بۆ خولێكى ئەم وۆرك شۆپە ڕاگرى فاكەڵتى ئەندازيارى دەڵێت " گفتوگۆ دەكەين و هەوڵ دەدەين خولێكى ئەم وۆرك شۆپە بهێنينە زانكۆى كۆيە تاوەكو خوێندكاران و ستافى ئەكادمى زانكۆى كۆيە لە نزيكەوە گفتوگۆ لەگەڵ زانكۆ بەشداربووەكاندا بكەن"
ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ