زانكۆى كۆيە، خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە دەكاتەوە

News #11, Issue 18, June 2016 | Núcey #11, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 11، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016

بە گوێرەى ڕێنماييەكانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى، زانكۆى كۆيە خولى ڕێگاكانى وانە وتنەوە دەكاتەوە، بە ڕەچاوكردنى ئەم خاڵانەى خوارەوە:

١- ڕاسپاردنى بەڕێز (د. جوان نورى رسول) بە سەرپەرشتيكردنى خولى ڕێگاكانى وانەوتنەوە لە زانكۆى كۆيە.

٢- خولەكە لە رۆژى سێ شەممە (٢٠١٦/٧/٢٦) دەكرێتەوە كاتژمێر (٩) ى بەيانى لە كتيبخانەى ناوەندى زانكۆى كۆيە.

٣- دوا رێكەوت بۆ ناونووسين رۆژى دوو شەممە (٢٠١٦/٧/٢٥) كاتژمێر (١) ى دوانيوەڕۆ دەبێت لە يەكەى فێركردنى بەردەوام.

٤- بەشداربوو دەبێت پێداويستييەكانى تەواوبێت بۆ ئەوەى بەشداربێت لەخولەكەدا، كە بريتين لە: (بڕوانامە و فەرمانى زانكۆيى) بۆ ئەوانەى ماستەريان لەناو هەرێم يان ناو عێراق تەواو كردووە، و (بڕوانامە و فەرمانى يەكسانكردنى بڕوانامە لە وەزارەتەوە) بۆ ئەوانەى لە دەرەوەى هەرێم ماستەريان تەواو كردووە.

٥- بەشداربووى ناو زانكۆى كۆيە بڕى (١٠٠) سەد هەزار دينار دەدات لە برى بەشداربوون لە خوولەكەدا.

٦- بەشداربووى دەرەوەى زانكۆى كۆيە بڕى (٢٥٠) دوو سەد و پەنجا هەزار دينار دەدات لە برى بەشداربوون لە خوولەكەدا.

٧- بەشداربووى ناو زانكۆى كۆيە دەبێت نووسراوێك لە بەش و پاشان فاكەڵتييەوە بهێنێت، كە ئاڕاستەى نووسينگەى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا كرابێت و تيايدا داواى بەشداريكردنى لە خولەكەدا بكرێت.

٨- بۆ بەشداربووى دەرەوەى زانكۆش كۆيەش بە هەمان شێوە دەبێت نووسراوێك لە فەرمانگەكەيەوە بهێنێت كە ئاڕاستەى نووسينگەى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا كرابێت و تيايدا داواى بەشداريكردنى لە خوولەكەدا بكرێت.

٩- خولەكە (١٢٠) كاتژمێرە و نەهاتن تەنها بۆ يەك رۆژە، دواى ئەوە بەشداربوو مافى بەشداريكردنى نامێنێت.

دواى ناو تۆماركردن، پێويستە خوازيار گشت بەڵگەنامە پێويستيەكان كە لەسەرەوە ئاماژەى پێدراوە پێشكەشى يەكەى فێركردنى بەردەوام بكات لە سەرۆكايەتى زانكۆ.

بۆ ناو تۆماركردن لێرە كليك بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ