وەفدێكى زانكۆى شەهيد بەهەشتى وڵاتى ئێران سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد
News #02, Issue 15, March 2016 | Núcey #02, Jhimarey 15, Mangí 3 Sallí 2016 | نوچەی 2، ژمارەى 15 مانگی 3 ساڵی 2016
وەفدێكى زانكۆى شەهيد بەهەشتى وڵاتى ئێران بە سەرۆكايەتى جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى پەيوەنديە نێودەوڵەتيەكان ، بە مەبەستى پەرەپێدانى پەيوەنديەكانيان سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد.
رۆژى چوارشەممە ٢ / ٣ / ٢٠١٦ كاتژمێر ٣ى عەسر وەفدێكى زانكۆى شەهيد بەهەشتى بەسەرۆكايەتى دكتۆر محەمەد ڕەزا قەلەمبوريان جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى پەيوەنديە نێودەوڵەتيەكان گەيشتنە سەرۆكايەتى زانكۆ و لە لايەن بەڕێزان پ.ى.د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى و پ.ى.د.تەها جەلال ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى و د.ڕۆستەم سەلام بەڕێوەبەرى سەرچاوە مرۆييەكان و م.هاوكار باپير مامۆستاى فەكەڵتى ئەندازيارى و حازم عەلى بەڕێوەبەرى ڕاگەياندن پێشوازيان لێكرا.
لە هۆڵى كۆبوونەوەكانى ئەنجومەنى زانكۆ ديدارى نێوان زانكۆى كۆيە و زانكۆى شەهيد بەهەشتى دەستى پێكرد، سەرەتا بەڕێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح حەمەدەمين بەناوى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيەوە بەخێرهاتنى ئەندامانى وەفدەكەى كرد و خۆشحاڵى پێشاندا بە ديدارەكە. دواتر باسى زانكۆى كۆيەى كرد و وتى "لەگەڵ ئەوەى زانكۆى كۆيە ساڵى ٢٠٠٣ دامەزراوە و تەمەنێكى كورتى هەيە بەڵام توانيويەتى بەرەوپێش چوونێكى گەورە بەدەست بهێنێت و لە ڕێزبەندى نيشتمانى زانكۆكانى كوردستاندا يەكێك بێت لە زانكۆ پێشەنگەكان" هەروەها باسى پێكهاتەى زانكۆى كۆيەى بۆ ئامادەبووان شيكردەوە بە ئاماژەكردن بە بوونى پێنج هەزار خوێندكار و ٤٠٠ مامۆستا كە سەرقاڵى كارى ئەكاديمين "لە هەموو بوارەكاندا بەشمان هەيە و لەم ڕووەوە لە پێگەيەكى بەرزداين، هەروەها بەشى ناوازە و تايبەتمەندمان هەيە كە لە كوردستان تەنها لە زانكۆى كۆيە بوونى هەيە" وێڕاى ئاماژەدان بە دۆخى خوێندنى باڵا لە زانكۆمان "ئێمە ژمارەيەك كادرمان لە زانكۆكانى دەرەوە دەخوێنن يەكێك لەوانە زانكۆكانى وڵاتى ئێرانە"
هەروەها باسى پێگە و مێژووى شارى كۆيەى كرد لە ڕووى سياسى و هونەرى و ڕۆشنبيرى و زانستيەوە، وێڕاى ئاماژەدان بە بوونى ژمارەيەكى زۆرى ئەديب و شاعير و سياسەتمەدار كە لەم شارەدا هەڵكەوتوون.
لە كۆتايى وتەكانيدا بەڕێز جێگرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى هيواى خواست ئەم پەيوەنديە زياتر بەرەو پێشەوە بچێت و بەرهەمى زانستى و ئەكاديمى هەبێت لە نێوان هەردوو زانكۆدا.
دواتر بەڕێز قەلەمبوريان وتى " كە هاتينە شارى كۆيە هەستمان بە غەريبى و نامۆيى نەكرد چونكە سروشتێكى هاوشێوەى هەيە لەگەڵ ئەو ناوچەيەى كە زانكۆمانى لێيە لە باكورى شارى تاران" ئاماژەى بەوەدا كە ئەوان زانياريان هەيە دەربارەى زانكۆى كۆيە و پێگە و تايبەتمەنديەكانى " هيوادارين ئەم دانيشتنە، دانيشتنى هەردوو سەرۆكى زانكۆى لێ بەرهەم بێت " لە ميانەى قسەكانيدا باسى زانكۆى شەهيد بەهەشتى كرد كە لە ٢٨ فەكەڵتى و ١٥ سەنتەرى توێژينەوە پێك دێت، هەروەها ٢٠ هەزار خوێندكارى هەيە كە زۆربەيان خوێندكارى ماستەر و دكتۆران و هەموو بەشە زانستيەكانيان هەيە جگە لە بەشى پزيشكى، ئەمەش لەبەر ئەوەى سەر بە وەزارەتى تەندروستيە.
هەروەها باسى تايبەتمەنديەكانى زانكۆى شەهيد بەهەشتى كرد و وتى" لە بوارەكانى نەوت و ئاو و كارەبا و سەرچاوە سروشتيەكان زانكۆى شەهيد بەهەشتى تايبەتمەندە، هەروەها خاوەنى ئەزمونێكى دەوڵەمەندن لە بابەتە مرۆڤايەتيەكان و زمان و بابەتە كۆمەڵايەتييەكان"
لە چوارچێوەى قسەكانيدا تيشكى خستە سەر خاڵە هاوبەشەكان و وتى " گرنگە بە لامانەوە هەماهەنگى لە نێوانماندا هەبێت، لەبەر ئەوەى لە بوارەكانى فەرهەنگى و كۆمەڵايەتى و سياسى خاڵى هاوبەشمان زۆرە، ئەمەش خاڵى هاندەرە تاوەكو بتوانين لەم ڕوانگانەوە پەيوەنديەكانمان پەرە پێ بدەين"
لە كۆتاييشدا وتى " خۆشحاڵ دەبين كە بتوانن سەردانمان بكەن تاوەكو لە نزيكەوە زياتر گفتوگۆ لەم بابەتە بكەين" لە بەرامبەريشدا بەڕێز د.سەعيد وتى " ئێمەش هيوادارين و ئامانجمانە پەيوەنديەكانمان لەگەڵ زانكۆتان پەرە پێ بدەين بە مەبەستى گەشەپێدانى هاوكارى زانستى و ئەكاديمى لە نێوانماندا"