بانگەوازێك لە سەرۆكى زانكۆى كۆيەوە

News #03, Issue 14, Jan 2016 | Núcey #03, Jhimarey 14, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ٣، ژمارەى ١٤ مانگی 1 ساڵی 2016

بانگەوازێك لە سەرۆكى زانكۆى كۆيەوە

بۆ سەرجەم مامۆستايانى خۆشەويستى زانكۆى كۆيە

لە هەفتەى ڕابردوو ژمارەيەك لە مامۆستايانى زانكۆ بڕيارى بايكۆتيان دابوو، بەڵام بە سوپاسەوە دواى دانيشتن بە يەكەوە و گفتوگۆى برايانە بڕيارياندا بگەڕێنەوە هۆڵەكانى خوێندن. بەداخەوەم لەم هەفتەيەدا ژمارەيەك لە مامۆستايان واژۆى بايكۆتكردنيان كۆ كردۆتەوە و بايكۆتى دەواميان كردووە، بەڵام خۆشبەختانە لە زۆرينەى بەشەكانى زانكۆمان دەوام ئاساييە و مامۆستايان بەردەوامن لە ئەركى خۆيان. هەروەكو پێشتريش ڕامگەياندووە لەگەڵ تەواوى مافەكانى مامۆستايانم، وە چاك دەزانم كە بەشێكى زۆريان لە ئێستادا ئەم قەيرانە كارى تێكردوون، بەڵام هەموومان دەزانين كە بايكۆت كردن هيچ چارەسەرى ئەم بارودۆخە ناكات، وە ئۆباڵى گەورەى كوڕ و كچى پێشمەرگە و شەهيدان و ميللەتەكەمان لە ئەستۆمانە، وە بە باوەڕى من بە بەردەوام بوونمان لە ئەرك و وانە وتنەوە و جێنەهێشتنى هۆڵەكانى خوێندن، فشارێكى دەروونى و ئەخڵاقى دەخەينە سەرشان و ئەستۆى بەرپرسە باڵاكانى هەرێم. با دروشمى ئێمە نەبێت كە داواى لێبووردن لە هيچ كەس بكەين بەڵكو با داواى لێبوردنمان لێ بكرێت. بۆيە داواتان لێدەكەم كە پشوو درێژتر بن و دەستتان بخەنە سەر ويژدانتان، وە بگەڕێنەوە هۆڵەكانى خوێندن و با دروشمى مامۆستايانى زانكۆمان ئەوە بێت كە جوانترين شوێن و شياوترين شوێن هۆڵى خوێندن و وەستانە لەبەردەم خوێندكارانمان .

هەر شادبن.

پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد

سەرۆكى زانكۆى كۆيە

١ / ٢ / ٢٠١٦