ڕێكخراوى مرۆڤدۆستان سەبەتەى خۆراكى بۆ خوێندكارانى بەشە ناوخۆييەكانى زانكۆى كۆيە دابين كرد
News #04, Issue 37, Jan 2018| Núcey #04, Jhimarey 37, Mangí 1 Sallí 2018 | نوچەی 4،ژمارەى 37 مانگی 1 ساڵی 2018
ڕۆژى چوارشەممە ٢٠١٨/١/١٧ ڕێكخراوى مرۆڤدۆستان بۆ هاوكارى مرۆيى سەردانى زانكۆى كۆيەى كرد و لە لايەن بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و ژمارەيەك لە بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرايەتيەكانى سەرۆكايەتى زانكۆوە پێشوازى كران.
ئامانجى سەردانى ڕێكخراوى مرۆڤدۆستان هێنانى سەبەتەى خۆراك بوو بۆ خوێندكارانى نيشتەجێى بەشەناوخۆييەكانى زانكۆى كۆيە.
ڕێكخراوەكە بۆ هەموو خوێندكارانى بەشە ناوخۆييەكانى كچان و كوڕان سەبەتەى خۆراكى ئامادەكردبوو، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژانى پێشتر ئامادەكارى لە نێوان ڕێكخراوەكە و بەڕێوەبەرايەتى بەشە ناوخۆييەكان ئەنجام درابوو.
لەبەرامبەر كارەخێرخوازيەكانى رێكخراوى مرۆڤدۆستان، بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيە لە شوێنى دابەشكردنى خۆراكەكاندا لۆگۆى زانكۆى كۆيەى بەخشى بە بەڕێز سەرۆكى ڕێكخراوى مرۆڤدۆستان و هيواى خواست لەسەر كارەكانيان بەردەوام بن، وێڕاى دووپات كردنەوەى پشتگيرى سەرۆكايەتى زانكۆ بۆ هەموو كارێكى لەم چەشنە.