ساڵى ٢٠١٥ ، بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن زياتر لە ١٦٠ نووچەى بڵاوكردۆتەوە

News #01, Issue 13, Jan 2016 | Núcey #01, Jhimarey 13, Mangí 1 Sallí 2016 | نوچەی ١، ژمارەى ١٣ مانگی 1 ساڵی 2016

بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندنى زانكۆى كۆيە لە ماوەى ساڵى ٢٠١٥ زياتر لە ١٦٠ نووچەى دەربارەى چالاكى و جوڵانەوە ئەكاديميەكانى زانكۆى كۆيە بڵاوكردۆتەوە، وێراى ئەنجامدانى چەندان چالاكى تر.

بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن لە ڕووى كارگێڕيەوە ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێرى و دەسەڵاتى بەڕێز سەرۆكى زانكۆدايە، بەڵام هەماهەنگى و كار و چالاكيەكانى لەگەڵ تەواوى پێكهاتەكانى كۆمەڵگەى ئەكاديمى زانكۆى كۆيەيە ، لەو چوارچێوەيەشدا نوێنەرى لە گشت فەكەڵتيەكان و سكوڵەكاندا هەيە بۆ مەبەستى ڕووماڵكردنى كردنى چالاكيەكانيان.

بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن لە كارەكانيدا توانى پێشكەوتنى بەرچاو بەدەست بهێنێت بەتايبەت لە چوار مانگى كۆتايى ساڵى ٢٠١٥.

لە ماوەى ساڵێكدا بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن چالاكانە توانيويەتى ژمارەيەكى زۆرى نووچە دەربارەى زانكۆى كۆيە بڵاوبكاتەوە كە ڕەنگدانەوەى چالاكيەكان و جوڵانەوەكان و كارايى سەركردە و مامۆستا و فەرمانبەر و خوێندكارانى بووە.

زانكۆى كۆيە لە نووچەنامەدا پێشەنگە

زانكۆى كۆيە كە ساڵى ڕابردوو وەك يەكێك لە زانكۆ پێشەنگەكانى هەرێمى كوردستان دياريكرا، لەڕووى چالاكيەكانى پەيوەست بە ڕاگەياندنيشەوە پێشەنگە و تەنيا زانكۆيە لە هەموو كوردستان كە توانيويەتى مانگانەيەكى ئەليكترۆنى تايبەت بە زانكۆ بە هەردوو زمانى كوردى و ئينگليزى بڵاوبكاتەوە و ببێتە كۆگايەكى دەوڵەمەند و ژێرخانێكى پتەوى نووچەى ئەكاديمى لە كوردستان بونياد بنێت.

بەڕێز د.ديلان مەجيد ڕۆستەم جێگرى سەرۆكى زانكۆى كۆيە بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا لە ڕووانگەى گرنگى و پێويستى نووچەى ئەكاديمى، هەروەها ئاركايڤ كردنى چالاكيەكانى زانكۆى كۆيە، بەهاوكارى لەگەڵ بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن كاريان كرد بۆ دروستكردنى نووچەنامەيەكى ئەليكترۆنى مانگانە بۆ بڵاوكردنەوەى تەواوى جوڵانەوەكانى زانكۆى كۆيە ، بە ئامانجى بەرهەمهێنانى نووچەى ئەكاديمى كە بارى زانيارى ئەكاديمى هەبێت بۆ لێكۆڵينەوە و ئامانجى زانستى لە دوارۆژ وەك شێوازێكى سەركەوتووانەى ڕووماڵ كردنى چالاكى پەيوەست بە دەزگا زانستيەكان.

سەرچاوەيەكى زانيارى بەنرخە

ساڵى ٢٠١٥ ساڵێكى گرنگ بوو بۆ بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندنى زانكۆى كۆيە كە تێيدا توانى نووچەنامەى ئەليكترۆنى دروست بكات و بڵاوى بكاتەوە، تا هەميشە خوێنەران بتوانن سوود لە زانياريەكان وەربگرن و ئامرازێكى هەميشە بەردەست بێت. ئێستا بەرهەمى ساڵێكى ماندووبوونى ستافێكى پێنج كەسى لە بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندن بەهاوكارى بەڕێز د.ديلان لەبەر دەستە و دەتوانرێت سوودى لێوەربگيرێت .

نووچەنامە شێوەيەكى ئاسانكارى هەيە و خوێنەر دەتوانێت بە ئاسانى نووچەكانى هەر مانگێك بخوێنێتەوە و لاى خۆى هەڵى بگرێت؛ ئەمەش سوودى هەيە بۆ توێژەران و خوێنەران كە بتوانن كەڵك لە زانياريەكانى وەربگرن و ببێـتە سەرچاوەيەكى زانيارى گرنگ و بەنرخ بۆيان. هەروەها زمانحاڵى فەرمى زانكۆيە و دەتوانرێت وەك سەرچاوە بەكاربهێنرێت. ئەوەى ئێمە بەديمان هێناوە بۆ پاڵپشتى كۆمەڵگەيەكى ئەكاديمى زيرەكە كە هەموو ئەندامان بە شێوەيەكى ڕوون، دەتوانن زانيارى پێويست بۆ پرۆسەى كارابوون لە كاروبارى خۆيان لەبەر دەستيان بێت. هاوكارانى ئێمە لە زانكۆ بۆ خۆدەرخستنى ئەكاديمى دەتوانن ئێمە وەكو پلاتفۆرم بەكاربهێنن.

بەرهەمى سالێك بخوێنەوە!

لە ساڵى يەكەمى نووچەنامەى زانكۆى كۆيە دا توانراوە ١٢ ژمارە بڵاوبكرێتەوە كە زياتر لە (١٦٠) نووچە دەگرێتەخۆ، خوێندەوانان دەتوانن گشت نووچەكانى ساڵى ڕابردوو بخوێننەوە و كەڵك لە زانياريەكانى وەربگرن.

لێرە كليك بكە بۆ خوێندنەوەى نووچەكان

نووچەنامە

بڵاوكراوەيەكى مانگانەيە ، تەواوى نووچەكانى مانگێك لەخۆ دەگرێـت كە بريتى يە لە چالاكى و جووڵانەوە ئەكاديميەكانى زانكۆى كۆيە كە لە لايەن سەركردەكان و مامۆستايان و فەرمانبەران و خوێندكارانەوە ئەنجام دەدرێت. شێوازێكى سەركەتووى نووسينە لە بوارى ميدياى ئەكاديمى و بەرهەمهێنەرى ئاركايڤێكى بەنرخە بۆ خوێنەران و سەرچاوەيەكى گرنگى زانياريە دەربارەى زانكۆى كۆيە.

لە ديدى ئێمەدا مامۆستايان و خوێندكاران بزوێنەرێكى چالاك و هۆشيارن و دەتوانن ببنە هاوكار لەگەڵ ڕاگەياندنى زانكۆى كۆيە ، بۆ ئەم مەبەستە هەمووكات دەتوانن پەيوەنديمان پێوە بكەن تا ئاگادارمان بكەنەوە لە جوڵانەوەكانيان و چالاكيە بەرهەمدارەكانيان بەدەربخەن، جگە لە پەڕەى فەرمى زانكۆى كۆيە لە تۆڕى كۆمەڵايەتى فەيسبووك، دەتوانن ئەم ئيمەيڵە بەكاربهێنن (pressroom@koyauniversity.org) ؛ هەروەها دەتوانن سەردانمان بكەن لە سەرۆكايەتى زانكۆ، نهۆمى يەك، ژوورى ژمارە يەك.