کۆنفرانسى نێودەوڵەتى مەسعوود محەمەد بەڕێوەچوو

News #2, Issue 28, Apr 2017 | Núcey #2, Jhimarey 28, Mangí 4 Sallí 2017 | نوچەی 2، ژمارەى 28 مانگی 4 ساڵی 2017

لە زانکۆى کۆیە یەکەمین کۆنفرانسى نێودەوڵەتى یادى پازدە ساڵەى کۆچى دوایى ئەدیب و فەیلەسوف و بیرمەندى کورد (مەسعوود محەمەد) بەرێوەچوو.

لە ڕێوڕەسمى کردنەوەى مەراسیمەکەدا، کە ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتى (٢٠١٧/٤/١) لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆى کۆیە بەڕێوەچو، ژمارەیەکى زۆر لە لێپرسراوانى حکومى و حزبى و نوسەران و ڕوناکبیران و مامۆستایانى زانکۆ و توێژەران و خوێندکاران ئامادەیبون چەند وتەیەک پێشکەش کران.

مەسعود محەمەد یەکێکە لە نوسەر و بیرمەندە دەگمەنەکانى گەلەکەمان

د. وەلى مەحمود سەرۆکى زانکۆى کۆیە وتارى بەخێرهێنانى پێشکەشکرد و، دواتریش کورتەیەکى لەسەر گرنگى کۆنفرانسەکە و، کاریگەرى نوسین و تێڕوانینەکانى مەسعود محەمەد لە بوارى ئەدەب و نوسین خستەڕو و، کورتەیەکیشى لەسەر ژیان و ژیارى مەسعود محەمەد باسکرد و، بەیەکێک لە نوسەر دەگمەنەکانى گەلەکەمانى ئەژماریکرد. و، شارى کۆیەى بەشارێکى پر بیرمەند و شاعیر و ئەدیب وەسفکرد و، ڕاشیگەیاند: کە زانکۆکەیان بەردەوام دەبێ لە هەڵسەنگاندنى زانستى و ئەکادیمى بۆ بەرهەمى نوسەر و شاعیر و بیرمەندەکانى شارەکەیان.

وتەى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە :

بەناوى خواى پەروەردگار

مەرگ و ژين ميسلى سێبەروتاوە

ئەوەى باقى بمێنێ هەر ناوە

ئامادەبوانى بەڕێز

ميوانانى كۆنفڕانس

توێژەرانى خۆشەويست

كەس و كارى بيرمەندى گەورە (مسعود محمد) جەلى زادەييەكان بەناوى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە و لێژنەى باڵاى كۆنفڕانس بەخێرهاتنى گەرمتان دەكەين.

زانكۆى كۆيە خۆشحاڵە ئەمرۆ لە كۆنفرانسێكى نێودەوڵەتى دا لەبارەى پياوێكى گەورە و بيرمەندێكى مەزنى گەلەكەمان و شارەكەمان ميواندارى ئێوەى خۆشەويست دەكات.

ساڵێك لەمەوبەر لە كۆنفرانسى شاعيرى نەتەوەيى حاجى قادرى كۆيى لە پەراوێزى كۆنفرانس ڕامان گەياند كە زانكۆي كۆيەو شارى كۆيە قەرزارى شاعيرو نوسەرو سياسەت مەدارو هونەرمەندەكانى خۆيەتى لە حاجى قادرەوە دەستمان پێكرد هيوادارين ئەم ئەركە قورسە تاسەر بەردەوامى هەبێ. شارى كۆيەو دەوروبەرى هێندەى پياوى زيرەك و بەتواناى هەبووە كە كەرەستەيەكى لەبن نەهاتوون تاوەكو زانكۆمان و دەزگاكانى تر هەڵويستەيان لەسەر بكەين و سوديان لێ وەربگرين وە نەوەى نوێيان پێ ئاشنا بكەين.

بيريارى كۆچ كردوو لە ساڵى (1919) لە شارى كۆيە چاوى بە دونيا هەڵێناوە هەزار حەيف و مخابن لە (1/4/2002) لە تەمەنى (83) ساليدا لە شارى هەولێر كۆچى دواى كردووە. بەڕێز مەسعود محمد نازناوى جەلى زادەى وەرنەگرتووە بەلام پێنج پشتى مامۆستا مەسعود بە (جەلى زادە) ناسراون، وە پشتى شەشەمى بە ((كاكى جەلى)) ناسراوە، چونگە مەلا عبدوللا لە گوندى جەلى لەدايك نەبووە بەڵكو لە شيواشانى بتوێنێوە هاتۆتە گوندى جەلى.

واتە مامۆستا مسعود زنجيرەى باوك و باپيرانى تاوەكو كاكى جەلى بەم شێوەيە بووە.

¹ مسعود + ² محمد + ³عبدوللا + ⁴ اسعد + ⁵عبدوللا + ⁶عبدوالرحمن + ⁷⁷ مەلا عبدوللاى (كاكى جەلى)

كاكى جەلى ( جەليزادە)

بەپێى نوسينەكانى مامۆستا مسعود محمد خۆى بنەماڵەى جەلى زادە لەدەوروبەرى 17944ز هاتونەتە كۆيەو تاوەكو ئەمڕۆ نزيك بە (223) ساڵە لەم شارە نيشتەجێن.

ڕاستە لە باوك و باپيرانيەوە هەر مەلازادەو خوێندەوارو ناسراوبوون بەلام ئاوو هەواى چنارۆك و زيرەكى و تواناى مەلاى گەورەى باوكى و شارەكانى هەولێر و كەركوك و بغداد و كاريگەرى يەكجار گەورەيان هەبووە لەسەر ئەم پياوە كە ئەوانى پێشە خۆى تێپەڕاندوە.

ڕاستە ئەو لە بنەماڵەيەكى ناسراوى كۆيە و كوردستان لەدايك بووە لە چنارۆك يەكەم هەناسەى پاكى هەڵمژيوە بەلام هێندە گرياوە كە زۆر جاران گريانى مسعود محمد نەيهێشتوە مەلاى گەورە خوێندنەوەى خۆى بەباشى بكات كە ئەمەش خۆى لەخۆيدا پێمان دەڵێ لە ناخيدا چ تواناو هەستێك قەتيس بووە كە تاكە ڕێگاى دەربڕين بۆ ساوايەك هەر گريانە كە ئەو هيچ نەخۆشيەكيشى لەگەڵدا نەبووە.

ئاخر مسعود محمد لەلايەن باوكيەوە گۆش كرابوو بە ناحەزايەتى كردن لەگەڵ :

1-زۆردارى 2-ئەفسانە پەرستى 3-مێشك ووشكى 4- دوژمنانى كوردايەتى.

مامۆستاى پايە بەرز لە ساڵى (1925)ى ز چۆتە بەر خوێندن لە كۆيە بەلام لە ساڵى دواتر واتە (19266) وەكو خوێندكارى پۆلى يەكەمى سەرەتايى ناوى تۆماركراوە.

دواى تەواوكردنى سەرەتايى چۆتە هەولێر بۆ خوێندن وە لەوێش لەبەر هەبوونى پەيوەندى بەتين لە نێوان مەلاى گەورە و ماڵى مەلا فەندى لە باداوان لەماڵى ئەوان بووە و لەگەڵ منداڵەكانى ئەوان چۆتە خوێندن.

ئامادە بوانى كۆنفرانس ديقەت بدەن لە قۆناغى دووەمى ناوەندى بۆ يەكەم جار پەرتوكێكى يەكجار گرانى خوێندۆتەوە ئەويش بەرگى يەكەمى زنجيرەى ئەو چيرۆكە مێژووييەى ئەسكەندەر دۆماسى گەورە كە بەعەرەبى لە ژێر سەر ناوى (الفرسان الثلاثة) بلاوكرايەوە بەهەر دە بەرگى ئەم پەرتوكە نزيكەى (4500) چوار هەزارو پێنج سەد لاپەرە بووە. وە هەموو ئەو بەرگانەى بە زمانى ئينگليزى خوێندۆتەوە، وە ئەوكات تێگەيشتووە كە بۆچى لە خوێندنگە تەنها بە هەوڵى مامۆستاى زمانى ئينگليزى فێرى زمانەكە نابێت وەك پێويست.

توێژەرانى خۆشەويست مسعود محمد لە ساڵى (1937)دواى تەواو كردنى بەكالورياى سێ ى ناوەندى لە مەعهەدى بريتانيەوە وەك پاداشت بۆ ئاست و توانستى ئەو لە زمانى ئينگليزى پەرتوكێكى بەديارى بۆ دەنێرن بە ناونيشانى Though space and Time وە ئەوكاتە مەلاى گەورەى باوكى داواى لێ كردووە كە پەرتوكەكەى بۆ وەربگێڕێتە سەر زمانى كوردى چونكە زۆر پێويستى بە زانستى فەلەك هەبووە بۆ تەفسيرى ئايەتەكانى قورئان، بەلام بەداخەوە تواناو تەمەنى مامۆستا بۆ ئەوكاتەو گەورەيى پەرتوكەكە ماوەى ئەوەى نەداوە كە وەرى بگێڕێتە سەر زمانى شيرينى كوردى.

_ بەڕێزان با دەرس لە بليمەت و فەيلەسوفى خۆمان مامۆستا مسعود محمد وەربگرين لە دوو شت:

1- هەر كەوتن و سەرنەكەوتنێك كۆتايى ڕێگا نيە ئەوەتا لە پۆلى (55) دواناوەندى لە بەكالوريا دەرناچێت و دەكەوێت لەساڵى (1939)بەلام دواى ئەوە لە ساڵى (1941) جارێكى تر چۆتەوە تاقى كردنەوەى بەكالۆرياو لەساڵى (1941-1942) چۆتە كۆليژى (ماف)ى زانكۆى بغداد).

22- هەرچەند سەير دەكەيت و وورد دەبيتەوە نەگونجاوە كە كەسێكى وەك مامۆستا بەتوانا لە بابەتى مێژوو لە تاقيكردنەوەى بەكالۆرى بكەوێت و دەرنەچێت .( بۆيە دەبێ لە پيشەى مامۆستايەتى و هەڵسەنگاندنى خوێندكاران تا دەكرێ ووردبينە و ماندووبين ئەگەر نەشزانين كەسى وەلام دەرەوە كێيەو لە چ ئاست و توانايەكە) چونكە خەريك بووە بۆ هەتا هەتايە نەچێتە بەر خوێندن بەهۆى ئەو كەوتنەى كە ئەو بەناهەقى زانيوە.

- مامۆستا دەڵێ باوكم هەر كاتێك دۆستێك و خۆشەويستێكى داواى ئەوەى لێ كردبێ كە لەبەغداوە چى بۆ بهێنێ ئەو وتويەتى پەرتوكى چاك.

- بەڕێزان پێتان وانەبێ هەموو ژيانى مامۆستا خوێندن و نوسين و بيركردنەوە و فەلسەفەى وشك بووبێ لە كاتێ خوێندكاربووە لە بغدا و لە شەوێكى غەريبى و تەنهايى لەكاتى خوێندنەوەى ديوانى ناڵى شاعير تاوەكو فرمێسك لە چاوانى وشك بۆتەوە هەر گرياوە چونكە ئەم شيعرەى مستەفا بەگى كوردى خوێندۆتەوە كە دەڵێ:

سەداى كاروانى فيرقەت دێ دەڵێن سەرقافلە چى يارە

زڕەى پێشەنگى ميحنەت دێ دەڵێن كاڵايى غەم بارە

ئەمان سەر قافڵە چى كاروان دەخيل سا چەرخە چى لەشكر

جڵەو هەڵكێشە رەحمێكە كە جارێكەو هەر ئەم چارە

هەورازو نشێوى ژيانى زۆر ديوە سەردەمێك حاكم بووە لە سلێمانى ئەو رەفيقى دلدارى شاعيرو دۆستى كاكە زياد و مامۆستا عەلى عبدوللاو بەرێز مام جەلال بووە.

بەرپرسانى گەورەو بەدەسەلاتى دەوڵەتى عێراق ڕێزيان هەبووە بۆى ئەگەر چى دژايەتيشى كراوە. سەردەمێك زيندانى كراوە سەردەمێك نائب بووە بۆ دوو خول وە پاڕێزەرى كردوە ئەو زۆر دژى خورافات و وشتى نەزەرى ناو پەرتوكان بووە لەگەڵ شتى كردارى و (مەنتقى) بووە، لەم نێوەندەش دا زۆر جار غەدرى لێكراوەو پەلامار دراوە لەسەردەمى خۆيدا.

سەردەمێكى زۆر لە بغداد لە (مجلس الخدمه) بووە كە زۆر جار هاوكارى و يارمەتى خەڵكى هەژار و بێ پشت و پەناى داوە كە ئێستاش ئێمە لە كوردستان پێويستمان بەو دەزگايە گرينگە هەيە بۆ بەرێوەبردنى وولات.

زۆر بە دلسۆزى لە كۆڕى زانيارى كورد لە بغداد كارى كردوە،

هەوڵى داوە لەگەڵ جيهانى ڕۆشنبيرى دەرەوە پەيوەندى توندو تۆڵ پەيدابكات، لە يەكێتى سۆڤيەتەوە بايى يەك پەرتوكخانەى پەرتوك بۆ هاتووە.

من نە دەتوانم باسێكى تەواوى ئەو پياوە بكەم وەك دەبێ بكرێ دڵ و قەڵەم و مێشكيشم مۆڵەتى دەست بەرداربوونم بەهيچ شێوەيەك نادەن، بۆيە دەڵێم گۆڕت پڕ نوور بێ ئەى فەيلەسوف و بيرمەندى گەورە ئەى خاوەنى دەيان پەرتوكى بە پێزو سەدان بابەت و چەندەها ووتارو گوفتارى بەقيمەت و پڕ بەرەكەت.

- لە كۆتايى دا داواى لێبوردن دەكەم ئەگەر كاتم گرتن.

- دووبارە لە ناخى دڵەوە بەخێر هاتنتان دەكەم

- هيواى سەركەوتن بۆ كۆنفرانس دەخوازم

- سوپاسى كاك شێخ لاهور دەكەم لەگەڵ كۆمپانياى كار گروپ كە هاوكارى مادديان كردين.

- سوپاسى لێژنەى ئامادەكارى و لێژنەى زانستى و هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە هاوكارى سەر خستنى كۆنفرانسن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، د.حەیدەر لەشکرى وتارى لێژنەى زانستى کۆنفرانسى خوێندەوە و تێدا ئاماژەى بەلایەنەکانى کۆنفرانسەکە کرد.

وتەى بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى سەرۆكى ليژنەى زانستيى كۆنفرانسى نێودەوڵەتى مەسعوود محەمەد

مەسعوود محەمەد ئەو مرۆڤەی دەیویست حەقیقەت ببینین

بۆچی مەسعوود محەمەد؟

لە ئێستای ئێمەدا، لە کوێدا مەسعوود محەمەد جێگای دەبێتەوە؟ دەبێ لەو جیهانە تا سەرئێسقان ناجێگیرەی ئێمەدا هزری مەسعوود محەمەد شتێکی ئەوتۆی لێ هەڵبکڕێنرێ بە هانای بیری دروست بێت؟ لەوەش گرنگتر، ڕەنگە هێندێک لە خوێنەرانی ئەو بپرسن ئەو شەڕە فیکرییانەی ئەو لە زەمەنی خۆیی و لەگەڵ سیستەمە هزرییە هەمەگیرەکاندا کردویەتی، چ سەدایەکی لەنێو تێز و مشتومڕە سەردەمییەکاندا دەبێت؟ ئاخر بەشی هەرە بنەڕەتی بیرکردنەوەی ئەو، بۆ هەڵوەشاندنەوە گوتاری مارکسیزم و خۆنواندنی تیۆریی و کردەکییانەی ڕەوتی چەپڕەو لە دەرکەوتە ڕۆژهەڵاتییەکەی، تەرخانکرابوو و لە ئێستاشدا، وەک چۆن مەسعوود محەمەد لە پەنجاکانی سەدەی بیستەوە پێشبینی کردبوو، ئەم گوتارە لەبار یەک هەڵوەشاوەتەوە و ڕەوتەکە لە زەمینەی گشتی و زەمینەی کوردیشدا، کاراییەکی ئەوتۆی نەماوە ببینرێ.

بەرلەوەی وەڵامی ئەم تێزە ساکارە بدەینەوە، با ئەوەتان وەبیر بهێنینەوە، کە لە چوارچێوە گشتییەکەدا، مەسعوود محەمەد یەکێکە لە دوایین مرۆڤە ئەنسایکلۆپیدیاکانی ئێمە؛ تاقانە بوو لەوەی، هەم لەفەلسەفە دەدوا هەم لە فۆلکلۆر، هەم کلاسیکناس بوو، هەم ئەدیب، هەم زمانناس بوو هەمیش سیاسەتزان و چەندان بواری تر. بەڵام خۆ لە کۆی بەرهەمەکانیدا هەم هێڵی بیرکردنەوەی ئەو هەڵبەز و دابەزی نییە و هەمیش تەواکارییەەکی سەروو ئاسایی، لە نێوان ئەو کایە مەعریفییاندا هەن، کە ئیشی لەسەر دەکردن و کۆی سیستەمی بیرکردنەوەی ئەو ئاڕاستەی خۆی هەیە. بۆیە باسی حاجی قادری کۆییشت بۆ بکات، شرۆڤەیەکی لێکدانەوەیەکی مەتریاڵی بۆ مێژووت بۆ دەکات..کە لە فەلسەفەش بدوێ، دێرە شیعرێکی نالی یان موتەنەبی دەخزێنێتە نێو تێڕامانکی بۆ ماددە و بە پەندێکی پێشینانیش ڕاڤەیەکی مرۆڤبوون قوڵتر دەکاتەوە..وەک گوتیشم، لە هەموو ئەمانەشدا، تۆی خوێنەری ئەو، لەبەردەم بە سیستەمێکی بیرکردنەوە دەبینیەوە، جڵەوی تەواوی بابەتەکانی گرتووە و بۆ ئەو شوێنەیان دەبات، کە مەسعوود محەمە جیاواز بیری لێ کردۆتەوە و ئیشی لەسەر کردووە، ئەویش بەیانکردنی حەقیقەتی مرۆڤانەیە.

بەڕێزان!

هاوسەردەمبوونی مەسعوود محەمەد لەوەدایە، کە تەواوی پڕۆژەی هزری ئەو دژە دۆگمابوونە، ئەوەتا بە ڕوونی دەڵێ: عەبدی هیچ دۆگمایەکی قەراردادە نیم. دەتوانم لە ترووکەیەکی چاودا واز لە باوەڕم بهێنم، کە بە بەڵگە پووچایەوە.. ئینجا بە توندی دەڵێ:

من باوەڕم بە خزمەتکارم دەناسم، نەک بە ئاغام

ئەمە ڕێک ئەو کراتیریا گرنگەیە، کە مخابن لە گوتاری ڕۆشنبیریی و ئەکادێمی ئێمەدە، زۆر کز دەردەکەوێ. هەر ئەمەشە وایکردووە، حەقیەتناسیی نەبووبێتە خەمێکی مەعریفی ئێمە. ئەمەیە وایکردوە زۆر جار مەسعوود محەمەد وەک بیرمەندێکی تەنیا ببینرێ، لە نێو ئاپۆرەیەک کەس، کە لەنێو دۆگمابووندا هەناسە بڕکێیانە و ئەوەی بەرهەمی دێنن، لە گوتارێکی واعیزییانە زێدەتر نییە و ئیشیشی کوشتنی هەر کاراییەکە، کە لە بیرکردنەوەدا هەیە. مەسعوود نەیویستوە فێرکار بێ، پرۆسێسی لێتوێژینەوە لای ئەو پرۆسێسی بیرکردنەوە بووە. ئەو واعیز نەبوو، بەڵکو بیرکردنەوەی کردبووە پێوەر، تا ئاستی ئەوەی شەرەفی مرۆڤی لە ئازادیی بیرکردنەوەدا دەبینیەوە.

هاوڕێیان!

لێرەوە، لێکۆڵینەوە لە مەسعوود محەمەد و سازدانی کۆنفرانسی ئاوا، تەنیا لەو ڕوانگەیەوە نییە، بمانەوێ مێژووییەک لەسەر ناوی مەسعوود محەمەد بۆ زانکۆی کۆیە تۆمار بکەین، بەڵکو لەوەوە سەرچاوە دەگرێ، کە پێمان وایە لە ڕووی مێژووی هزر و ڕۆشنبیریی کوردیدا ناکرێ و ناشێ مەسعوود تێپەڕێنرێ، ئەگەر جێکەوتەیەکی نەبێت و پڕۆژەیەکی فیکریی بەر مەبنای تێزەکانی ئەو گەڵاڵە نەکرێ.

ئەمە پڕۆژەیەکە، سەرچاوەکەی وەڵامی مەسعوود محەمەدە بۆ پرس گەلێک، ئەو وروژاندوونی و وەڵامێ هێندێکیانی داوەتەوە و لە ئێستای ئێمەشدا هەن و کاریگەریی دوور مەودایان بەسەر شوناس و جیهانبینی ئێمەدا هەیە. ئیتر ئەگەر لە دەمی ئەودا مارکسیزمی پەڕگیر بووبێ، ئێستا ئیسلامی پەڕگیرە، خۆ ئەو بە ڕوونی دەڵێ دین و ئایدۆلۆژیا و ئابوری، هەڵدەگرن ببن بە باوەڕ و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گەل نەمێنێ. هەروەها ئەگەر لەبۆ ئەو مرۆڤ لە دەوروبەرێکی بە ئایدۆلۆژیا تەنراودا دووچاری نامۆبوونێکی وجودیی و کۆمەڵایەتییانە دەکرا، ئێستاش دەوروبەرێکە خەریکە بەتاڵ دەکرێتەوە لەو بەهایانەی مرۆڤبوونی خۆمانی لەسەر بونیادنراوە.

ئیشی ناوازەی ئەو لەسەر ئایدۆلۆژیا و ڕێکهاتنەوە یان نەهاتنەوەی لەگەڵ سروشتی مرۆڤ و ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان، کە لە ئێستادا کڕۆکی ئیشی زانستە مرۆییەکان پێکدێنێ، ئەو دەخاتە؟نێو هەر کایەیەکی زانستی بیەوێ لە دیاردە لۆکاڵییەکان بگات. ئەمە ڕێک ئیشکردن بووە لەسەر پیرۆزکردن و داماڵینی پیرۆزیی، لە نێو گوتاری باوی ڕۆشنبیرییدا، نەک هەر لەو ئاستەی نوخبەی کوردی خۆی تێدا بینیتەوە، بەڵکو لە ئاستە گشتگیرەکەشدا وایکردووە. ئەوەتا فەلسەفە لە ڕوانگەی ئەودا ئەگەر بەرگێکی پیرۆزی بەبەردا کرا و ڕێگر بوو لەبەردەم ڕەهابوونی ئیرادەی مرۆڤانە، دەبێ وەلابنرێ و بە گومانەوە لێی بڕوانین.

ئیتر ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ پیرۆزکراوی ئایدۆلۆژی، کارێکە مامۆستا دەیان ساڵی تەمەنی خۆی لەسەر داناوە. ئەمە ڕێک ئەو تێزەیە کە دەبێ ئەکادێمییانی ئێمە ناچار بەوە بکات لێی ووردببنەوە و دەزگا زانستییەکانی وەک ئەم زانکۆییەی ئێمە بە کۆنفرانس و غەیرەکۆنفرانس خۆی بۆ تەرخان بکات.

میوانانی ئازیزی کۆنفرانس

لەوەتەی دەستمانداوەتە کاری ئەو کۆنفرانسە، تا ئێستاش و بەیانیش و دوو بەیانیش، ڕووبەڕووی ڕەخنەی ئەوە بووینەتەوە، کە ئێمە ناتوانین هەقی مەسعوود محەمەد بدەین و هەرچی لەبواری مەسعوودناسییدا بکەین هەر لاوازە. من بەو کەسانە دەڵێم، ڕاست دەفەرموون.. ئێمەش نەمانگوتووە دەتوانین بەسەر تەواوی جومگەکانی هزر و نوسینی ئەودا ڕادەگەین..وەک خۆشی چەند جارێک، دووپاتی کردۆتەوە، کە ئەو بۆ دەستەبژێری دەستەبژێرانی نوسیوە..دەبێ توێژەرانی ئێمەش، ئەگەر دەخوازن لەو بکۆڵنە، خۆیان بگەیەننە ئەم ئاستە.

ئەمەیە وایکردوە، بۆ هەموو کەسێک نەگونجێ قسە لەسەر مەسعوود محەمەد بکات. ڕەنگە ئەمەش هۆکارێک بێ بۆ درەنگ سازدانی ئەم کۆنفرانسە. بێ ئەوەی ئەم قسەیە بەو مانایە بێ، کۆفرانسەکەی ئێمە دەرەقەتی کەسێتی و هزر و تێڕامانی مەسعوود محەمەد هاتووە. لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزم بۆ توێژەرانی بەشداربوو، کاری ئەوان تەنیا درزێکە لە دەروازەی چوونە نێو جیهانبینی مەسعوود محەمەد و ئیشی زانکۆی ئێمەش تەنیا شڵەقاندنی ئەو گوتارە زانستی و ڕۆشنبیرییەیە، کە کەمترین جەربەزەیی نواندووە لە خوێندنەوەی مەسعوود محەمەد و تەماشاکردنی وەک قۆناغێکی گەڵاڵەبوونی هزر و ڕەخنە و دواجار مەعریفەی مرۆییانەی کوردیدا..زانکۆی ئێمە نایەوێ و ناتوانێ لە دوو ڕۆژدا ئەم ئیشە بکات.هەرگیز ئێمە پێمان وانییە، ئەو توێژینەوانەی هەڵبژێردراون و لەم دوو ڕۆژەدا پێشکەشتان دەکرێ، باشترین کاری زانستی ـ ئەکادێمین لەبارەی مەسعوود محەمەدەوە، بەڵام بەڵام هەنگاوێکی ڕێگای ناسینەوەی ئەون لە زەمینەی ڕۆشنبیری و زانستی ئێمەدا. لەوەش گرنگتر، هەنگاوێکی گرنگی جێکردنەوەی هزر و تێز و ڕوانگەی ڕەخنەییانەی ئەو دەبێ لەنێو کایەی ئەکادێمی چەقبەستووی ئێمەدا. ئێمە لە ئاکامی سازدانی کۆنفرانسێکی ئاوادا، ئەوەندەمان بۆ دەمێنێتەوە، کە مەسعوود محەمەد بە بابەت دەکەینەوە..دەیکەینەوە بوارێکی لێتوێژینەوە، بەوەندە توانایەی هەمانە و لە ڕێگای ئەم توێژەرە بەڕێزانە، با وا هەست بکرێ هێندێک لە بابەتانەی پێشکەش دەکرێن هەن و دووبارەن و لاوازن، بە پانتایی ڕۆشنبیریی و ئەکادێمی کوردی دەڵێین، کە دەبێ و دەشێ مەسعوود محەمەد بناسینەوە..ناکرێ و مەحاڵە کەسێکی ئاوا و هاوشێوەی ئەو، لەژێر پەردەی بێدەنگییدا، لە فەزای گشتیماندا وەلابنرێ و بچێتە شوێنی بیرلێ نەکراوەکانی نێو ئاگاییمان.

ئێمە پێمان وایە ئەگەر دەخوازین ئاگایی کوردانەمان هەبێ، ئەوا مەسعوود محەمەد یەکێکە لەوانەی دەتوانێ دەستمان بگرێ هەم بۆ خۆ ناسینەوە لە ڕێگای ناسینی ئەودا و هەمیش بۆ تێپەڕاندن، لە ڕێگای دیاریکردنی مەوداکانی هزری ئەو.

بێگومان، ئەو قسەیەی ئێمە، لە مەڕ هێنانی مەسعوود محەمەد بۆ نێو کایەی ئەکادێمی، هەرگیز بە مانای سنوربەندکردنی ئاخاوتن نییە لەسەر ئەودا، بەڵکو پێبەخشینی ئەو پێگەیەیە، کە هزری ئەو شایستەیەتی؛ نە کەمکردنەی بەهای هزرەکە و نە بوونیش بە دەروێشێکی دۆگما. دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێ، کە دەزگا ئەکادێمییەکانی ئێمەش، لە ڕووی توێژینەوەی زانستی بوارە مرۆییەکان، نەگەیشتونەتە ئەو ئاستە بڵندەی بتوانن بتوانن، لە ڕووی تیوریی و مێتۆدەوە، قسەکردن لەسەر بابەت قۆرخبکەن، نە بیرکردنەوەی ئاواش لە ئاست پێگەی مامۆستا، لە نێو گوتاری ڕۆشنبیریی کوردیدا گونجاوە.

پیاوە گەورەکانى مێژو بەمەرگیان کۆتاییان نایات

پاشان د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتارێکى گرنگى لەبارەى ژیان و بەرهەمە ئەدەبیەکانى مەسعود محەمەد پێشکەشکرد و ڕایگەیاند: کۆچکردنى مەسعود محەمەد کەلێنێکى گەورەى لە ڕۆشنبیرى کوردى دروستکرد، بەڵام ئەوەى جێگەى خۆشحاڵیە ئەویە ککە پیاوە گەورەکانى مێژو، بەڕۆیشتنیان و مەرگیان بێدەنگ نابن و کۆتاییان نایەت، بەڵکو ئەوان هەمیشە لەناو ویژدان و فکرى کۆمەڵگەدا دەمێننەوە، کە بێگومان مەسعود محەمەد یەکێکە لە دیارترین ئەو کەسانە.

کۆمەڵگەکەمان هەمیشە پێویستى بەبۆچونەکانى مەسعود محەمەدە

لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە گرنگى بۆچونەکانى مەسعود محەمەد کرد و وتى: مامۆستا مەسعود محەمەد هیچ کات لە وتن نەکەوتوە، ڕەخنە و بۆچونە قوڵەکانى، بیرکردنەوە و شیکردنەوە و لێکدانەوە فراوان و هەمەجۆرەکانى، هێشتا لە هەڕەتى لاوێتیدان و کۆمەڵگەى ئێمە بەردەوام پێویستى پێیانە و، دەبێ هەمیشە گۆێیان لێبگرین.

پێشهاتە مێژوییەکان ڕاستى بۆچونەکانى مەسعود محەمەد-یان سەلماند

هەر لە وتارەکەیدا، د.یوسف گۆران باسى لە سروشتى فکرى مامۆستا مەسعود محەمەد کرد و ڕایگەیاند: سروشتى فکرى مەسعود محەمەد وابو، کە خاوەنى بیرکردنەوەیەکى قوڵى جیهانى و گشتى بو، ئەو بایەخى بەکێشەى وجودیەکانى مرۆڤ و فکر و سیاسەت دەدا، لاى ئەو ئەقڵ و وزە دەفرێکى بەتاڵ نین تا مرۆڤ پڕى لە زانست و زانیارى بکات، ئەقڵ لاى ئەو کاتێک بە مەعریفە دەوڵەمەند دەکرێ، کە بتوانێ ببەخشێ و شیبکاتەوە و، دواجار مەعریفەیەکى تازە بەرهەم بێنێ، بۆیە ئەو ڕەخنە لە ئەقڵى ڕۆشنبیرى دەگرت و هەوڵى دەدا جارێکى دیکە ئەپستمۆلۆژیا ئەو ئەقڵە دابڕێژێتەوە، بەجۆرێک کە دوربێت لە ئایدۆلۆژیایى لاسایکردنەوە، وتیشى لاى مەسعود محەمەد ڕاستیەکان لەناو وتراوەکاندا نین، بەڵکو لەناو خودى ژیاندایە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: مەسعود محەمەد لە کۆى پڕۆژەى فکرى خۆیدا هیچ کات خۆى بەیەک قوتابخانەى فکرى و یەک ئاراستەى مەعریفى نەبەستۆتەوە، بگرە ئەو دژى لە قاڵبدانى نوسین بەناوى ئەکادیمى و پۆلینبەندى، د.یوسف گۆران وتیشى ئەو هەمیشە پێیى وابو ڕاستیەکان لەناو قوڵایى ژیاندان و هیشتا بەشێکى زۆریان ئاشکرا نەبون، بۆیە ئەو خاوەنى ئەقڵێکى کراوەى ڕەخنەیى بو، هەر ئەم سروشتەشى وایکردبو کە کەسانیکى زۆر خۆیان بەنەیارى لێکدانەوەى بۆچونەکانیان بزانن، سەربارى روداوە و پێشهاتە مێژوییەکان ڕاستى بۆچونەکانى ئەوى سەلماند، بەشێکى زۆرى ئەوانەشى کە ڕەخنەیان لێدەگرت کەس قسەکانى ئەوانى بیرنەماوە.

بایەخدان بەمەسعود محەمەد بایەخدانە بەپێشخستنى کۆمەڵگەو گەشەپێدانى ئەقڵى ڕەخنەیى

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەشێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ گرنگى ئەو ژینگەیى مامۆستا مەسعود محەمەد تەرخانکرد و ڕایگەیاند: بەشێکى ئەو سروشتە فکرییەى مەسعود محەمەد هەیبو لە کرانەوە و ڕەخنەگرتن و زانستخوازى تا فەلسەفەکارى، پەیوەندى بەهێزى بەو ژینگە ڕۆشنبیرییەوە هەبو کە ئەو هەر لە منداڵیەوە لە شارى کۆیەى ڕۆشنبیرى و نوێخوازى پێی گەیشتوە، سەربارى کاریگەرى ڕاستەوخۆى باوکى و ژینگەى خێزانى، چونکە ئەو کوڕى زانا و مەلا و کەسایەتیەکى هەرە (متنویر) و کراوەى سەردەمى خۆى بو، د.یوسف گۆران وتیشى مەلاى گەورەى کۆیە، ئەو کەسایەتیە ئینى و زانستیە بەرزە بو، کە دژى هەمو ئەقڵێکى ئاینى دواکەوتو بو، ئەو بەچەکى ئاینى دژى دابونەریتى دواکەوتوى کۆمەڵگەو داخرانى ئەقڵى ئاینى وەستایەوە و، لەم ململانێشەدا توانى ببێتە نمونە و سەرمەشقى گوڕانکارى گەورە لەناو شارى کۆیە و کاریگەرى گەورەشى بەسەر کۆى کۆمەڵگەى کوردیەوە دانا، بەو شێوەیە مەسعود محەمەد هەم کوڕی ژینگەى ڕۆشنبیرى کۆیە و بنەماڵەکەیەتى، هەمیش گەشەپێدەر و درێژەپێدەریەتى، بۆیە بایەخدان بەم کەسایەتیە گەورە مەزنە بایەخدانە بەپێشخستنى کۆمەڵگەو گەشەپێدانى ئەقڵى ڕەخنەیى.

مەسعود محەمەد لە کۆڕى خەباتى کوردایەتیدا نمونەى کەسایەتى سەردەمى خۆى بو

لە تەوەرێکى وتارە گرنگەکەیدا، د.یوسف گۆران باسى لە ڕۆڵى مەسعود محەمەد لە کۆڕى خەباتى کوردایەتى کرد و لەو بارەیەوە وتى: مامۆستا مەسعود محەمەد لە کۆڕى خەباتى کوردایەتى و بەدەستهێنانى مافە ڕەواکانى گەلەکەى بەردەوام لە خەباتى سیاسیدا بوە و، بێترس و بەوپەڕى ئازایەتیەوە بەرگرى لە نەتەوەى کورد کردوە و نمونەى کەسایەتى پڕ کاریگەرى سەردەمى خۆى بوە.

کارو بەرهەمانى مەسعود محەمەد شایەنى ئەوەن لە ئاستى خوێندنى باڵا چەندین توێژینەوەى لەبارەوە بنوسرێ

بۆ کارە فکرى و زمانەوانیەکانى مەسعود محەمەد، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: کارە فکرى و زانستیەکانى لە بوارى توێژینەوە زمانەوانیەکانى زمان و ئەدەبى کوردى لە گۆڤارى کۆڕى زانیارى و گۆڤارەکانى دیکە، بەتایبەت کتێبەکانى (زاراوەسازى و پێوانە، لسان الکورد، وردبونەوەیەک لە چەند باسێکى ڕێزمانى کوردى، چەند حەشارگەیەکى ڕێزمانى کوردى..هتد)، وتیشى تەنها شیکردنەوەى زانستى و بێ وێنەى بنچینەى زمانى کوردى و وشەکان و ڕێسا مۆرفۆلۆجى و ڕێزمانیەکان نین، بەڵکو لە تەنیشت ئەوەوە بەرگریە لە کوردبون و وەڵامدانەوەى بەهێزى ئەو تۆمەتانەیە کە ئەوکات لەلایەن داگیرکەرانەوە دەخرایە پاڵ زمانى کوردى، لەگەڵ ڕاستکردنەوەى چەندین دیوى بەهەڵەداچون لە توێژینەوە زمانیەکاندا، حەقى خۆمانە بپرسین بۆچوى مەسعود محەمەد توانیویەتى داکۆکیى زۆر لە زمانى کوردى بکات؟ بێگومان ئەوەش بەهۆى ئەوەى مامۆستا شارەزاییەکى زۆرى لە زمانى عەرەبى و ئینگلیزى هەبوە، هەر بۆیە توانى بەراوردکاریەکى زۆر باش بکات و، بەو مەعریفە فراوانەى هەیبو توانیویەتى ئەوە بسەلمێنێت کە زمانى کوردى زمانێکى سەربەخۆەیە، د.یوسف گۆران وتیشى ئێستا کاتى ئەوەیە سود لەو میتۆدەى مەسعود محەمەد وەربگرین و زیاتر خزمەت بەزمانى کوردى بکەین، د.یوسف گۆران ئاشکراشیکرد کە لەو بوارانەشدا جارێکى دیکە مامۆستا ئەوەى سەلماند کە ئەو کەسێکى یەکجار وردەکار و قوڵ و بەتوانایە لە وردبونەوە نەک هەر لە زمانى کوردى، بەڵکو زمانەکانى دیکەى ئەم ناوچەیە و سەرچاوەو ڕەگ و ڕیشەکانیان لەناو ئەدەبیاتى نوسراو و وتراوى هەرە کۆندا، ئەوە سەربارى توێژینەوەى ئەدەبى و ڕەخنەیەکانى لە بوارى ئەدەبى کلاسیک و شیعرى، بەجۆرێک ئەوەى مامۆستا مەسعود محەمەد لەو بوارانە کردویەتى شایەنى ئەوەیە لە ئاستى خوێندنى باڵادا چەندین بڕوانامەى بەرزى لەبارەوە بنوسرێ، لێرەوە داوا لە زانکۆکانمان دەکەم لە کاتى داڕشتنى پڕۆژەکانى ماستەر و دکتۆرا کارى زیاتر لەسەر بەرهەم و کارەکانى ئەم کەڵە پیاوە بکەن، تەنانەت پڕۆژەى نەتەوەیى ئەکادیمى لەسەر بونیاد بنرێ.

وەزارەتى خوێندنى باڵا لە ڕێگەى چەندین پڕۆژەوە خزمەت بەزمانى ئەدەبى کوردى دەکات

د.یوسف گۆران تەوەرێکى دیکەى وتارەکەى تەرخانکرد بۆ کارو پڕۆژەکانى وەزارەتەکەى بۆ بایەخدان بەزمان و ئەدەبى کوردى و لەو بارەیەوە وردەکارى بەشێک لە پڕۆژەکانى خستەڕ و وتى: وەک وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سیاسەتێکى ڕونمان بۆ برەودان بەزمانى کوردى هەیە و، لەو بوارەدا چەندین پڕۆژەمان لەماوەى ئەم دو ساڵەدا بەو ئاراستەیە جێبەجێکردوە، لەوانە پشتگیریکردنى خوێندنى کوردى لە ناوچە دابڕێندراوەکان و، پاراستنى زمانى کوردى لە فەوتان، ئەوەش بەکرانەوەى تەواوى دەرگاکانى وەرگرتن بەڕوى دەرچوانى خوێندنى کوردى لەو ناوچانە، وتیشى داخڵکردنى بابەتى زمانى کوردى بۆ مامۆستایان و خوێندکارانى دەرەوەى هەرێم کە کوردى زمانى دایکیان نیە وەک وانەیەکى زۆرەکى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان یەکێکى دیکە بوە لە کارەکانمان، ئەوەشى ڕاگەیاندن: کە گرنگترین پڕۆژەى ئێستایان کە ڕاگەیاندیان بۆ کردوە بریتیە لە بەرنامەى ناساندن و بەنێودەوڵەتیکردنى زمان و توێژینەوەکانى کوردیە، ئەوەش بەتەرخانکردنى کورسى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا و بەکالۆریۆس بۆ خوێندکارە نێودەوڵەتیەکان و هاتنیان بۆ زانکۆکانى کوردستان تا لێرە ئاشنایى زمان و مێژو و جوگرافیاى کوردستان بن، ئەم بەرنامەیە دەرگایەکى گەورە لە ڕوى ناساندن و گەشەسەندنى زیاترى زمانى کوردى دەکاتەوە، بەوەى تێکەڵى زانست و ئەزمونى جیهانى دەبن، لەم بوارەدا هەفتەى ڕابردو ڕێکەوتنێکى سەرەتاییمان لەگەڵ یەکەى توێژینەوەکانى کورد سەر بە زانکۆى (لیستەر) لە بەریتانیا کرد بۆ وەرگرتنى خوێندکارەکانیان لە کوردستان بۆ خوێندنى زمان و ئەدەبى کورد.

دەبێ بزاڤێکى فروان و گرنگى وەرگێڕان لەسەرجەم زمانە زیندوەکانى جیهانەوە بۆ زمانى کوردى هەبێ

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لە چوارچێوەى وتارەکەیدا و، لە تەوەرى چۆنیەتى بایەخدان بەزمانى کوردى وتى: زۆر گرنگە بۆ گەشەسەندن و پاراستنى زمانى نەتەوەیمان پڕۆژەى نەتەوەیى زانستى هەمەچەشن و گەورەمان هەبێ، گرنگە ناوەند و شارەزایان و دڵسۆزانى ئەم زمانە هەوڵێکى زیاتر بدەن بۆ وەرگێڕانى سەرچاوە زانستى و ئەکادیمیە سەردەمیەکان بۆ زمانى دایکمان، ئاشکراشیکرد بەزانستیکردنى ئەم زمانە ئەوکات سەرکەوتو دەبێ کە بزاڤێکى فروان و گرنگى وەرگێڕان لەسەرجەم زمانە زیندوەکانى جیهانەوە بۆ زمانى کوردى هەبێ، د.یوسف گۆران ئەوەشى ڕاگەیاند: ئەم ئەرکە نەتەوەییە پیرۆزە وادەخوازێ کە پسپۆڕانى ئەم زمانە ئاگادارى سەرچاوە نوێیەکانى تایبەت بەزمانى زانست (Linguistics) بن، کە بێگومان بەبێ زانینى زمانى سەرچاوەکان یان وەرگێڕانیان ئەستەمە، بزاڤى فراوانى وەرگێڕان لەلایەک، زمانەکەمان بەسەرچاوە زانستیەکانى سەردەم ئاشنا دەکات و، لەلایەکى دیکەش خودى زمانەکەمان لە ڕێى داتاشین و وشەسازیەوە گەشەپێدەدات و دەوڵەمەندى دەکات، چونکە وەک زاناى زمانەوانى جیهانى (نائوم چۆمسکى) دەڵێ: لە بنەڕەتدا هیچ زمانێکى دەوڵەمەند و زمانێکى هەژار لە جیهاندا بونى نیە، بەڵکو جیاوازیەکە لە مەعریفەى نەتەوە و شارەزایانێتى بۆ زانستى زمان و زمانى نەتەوەکەیان هەیە، شاراوەش نیە ئەم مەعریفەیە، تەنها بە وەرگێڕانى سەرچاوە و بنەماکانى زانستى زمان و ئاشنابون بەو زمانە فەراهەم دەبێ.

دەکردنى یاسایەک بۆ پاراستنى زمانى کوردى گرنگە

د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ پاراستنى زمانى کوردى ڕونکردنەوەى زیاترى دا و ڕایگەیاند: ئەرکێکى دیکەى پاراستنى زمانى کوردى لەو هەمو وشە بێگانانەى دێنە ناو زمانەکەمان بەتایبەت لە ڕاگەیاندنەکان بریتیە لە دەرکردنى یاسایەکە بۆ پاراستنى زمانى کوردى، وەک ئەوەى لە فەرەنسا بۆ زمانى فەرەنسى هەیە، لەلایەکى دیکەوە زۆر پێویستە مامۆستایان و شارەزایانى زمانى کوردى توێژینەوە و پێداچونەوەى زیاتر لەسەر بنەماى میتۆدە نوێیەکانى توێژینەوەى زمان و ڕێزمان ئەنجام بدەن، نامانەوێ لێرەش ئاماژە بەکێشەى سەرەکى زمانەکەمان بدەین، کە نەبونى زمانى فەرمى و یەکگرتوە، کە بەداخەوە لەم چەند ساڵەدا پاشەکشەى کردوە نەک بەرەوپێشچون.

دەبێ بایەخى زیاتر بەبیروڕا و فکر و فەلەسەفەى مەسعود محەمەد بدرێ

لە کۆتایدا، د.یوسف گۆران وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتى: جێى خۆیەتى دەستخۆشى لە زانکۆى کۆیە بکەم، بەبۆنەى بەستنى ئەم کۆنفرانسە زانستیە لەبارەى بەشێک لە ڕەهەندەکانى فرکى و زمانەوانى بیروڕاکانى مامۆستا مەسعود محەمەدى مەزن، هیوادارم لە ڕێگەى ئەم توێژینەوانەوەوە ئاشنا بین بەچەندین دیوى دیکەى نەوتراو لە دنیا بینى ئەو کەسایەتیە گەورەى کوردستان، بەو هیوایەى بتوانین لە ساڵانى ئایندەدا زیاتر بایەخ بەبیروڕا و فکر و فەلەسەفەى مامۆستاى گەورەمان مامۆستا مەسعود محەمەد بدەین تا نەوەى نوێ باشتر بەژیان و بەرهەم خەبات و فکرى ئاشنا ببن.

چەندین وتار و هۆنراوە پێشکەشکران

هەر لە مەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانس د.نەجاتى عەبدولڵا جێگرى سەرۆکى ئەکادیمیاى کوردى وتارێکى پێشکەشکرد، پاشان هۆنراوەیەک لەلایەن د.ئەکرەم خامۆش خوێندرایەوە، بەدوایدا، بابەتێکى مەلا بەخیتار لەبارەى مەسعوود محەمەد لەلایەن ڕەهبەر سەید برایم خوێندرایەوە، بەنمایشکردنى فیلمێکى بەڵگەنامەیى لەبارەى ژیان مەسعوود محەمەد کۆتایى بەمەراسیمى کردنەوەى کۆنفرانسەکە هات.

لەماوەى دوو ڕۆژدا لە ڕێگەى هەشت پانێڵەوە شەن و کەوى بابەتە ئەدەبى و هزرى و فەلسەفیەکانى مەسعود محەمەد دەکرێ

لە کۆنفرانسەدا، کە ماوەى دو ڕۆژ دەخاێنێت، وا بڕیارە لە ڕێگەى (٨) پانێڵەوە چەندین بابەتى زانستى و ئەکادیمى لەلایەن توێژەران و نوسەرانەوە لەبارەى (هزرى مەسعوود محەمەد، کۆمەڵى مرۆڤایەتى و ئەزمونى کورد لە خوێنندنەوەى ئەپستمۆلۆژى مەسعوود محەمەددا، مەسعوود محەمەد لە شەڕى چینایەتیدا بەرەو تیۆرێکى مێژوى و کۆمەڵایەتى لە کوردستان، مڕۆڤ لە نێوان ئازادى و بێچارەیدا لاى مەسعوود محەمەد –خوێندنەوەیەکى فەلەسفیانە، مەسعوود محەمەد و ڕەخنە لە هزر، نقل العقد الراکد- قراءة فى مشروع مسعود محمد الفکری، بیرى مەسعوود محەمەد و ڕەخنە لە ەلسەفەى مەتریاڵى، بون لە جیهانبینى مەسعوود محەمەددا- توێژینەوەیەکى ڕەخنەیى فەلسەفیە، مەسعود محەمەد و ئەدەبى کلاسیکى کوردى، میتۆدى کارکردنى مەسعود محەمەد لەسەر شیعرەکانى نالى، مەسعود محەمەد و هزرددانێک لە خاکى شیعرییەتى حاجى حاجى قتدرى کۆیى، بژارى مژارى نالى ناسانەى مەسعود محەمەد، مسعود محمد بین الفکر و اڵاسلوبیة، شعریة الانزیاح الاستبداڵی عند مسعود محەمەد فی کتابه، مسعود محمد فکره من خلال أسلوبیه، الابلاغ الحجاجی المحکم فی أسلوب مسعود محمد فی کتاباته العربیة، ژیان و ڕۆڵى کارگێڕى و سیاسى مەسعود محەمەد، ڕەنگدانەوەى کەسایەتى مەلاى گەورە لەسەر مەسعود محەمەد- کتێبى گەشتى ژیانم وەک نمونە، الهام الاداریة و السیاسیة لمسعود محمد، ڕۆڵى سیاسى مەسعود محەمەد، بایەخى بیرەوەرییەکانى مەسعود محەمەد وەک سەرچاوەى مێژوى لە کتێبى گەشتى ژیانم، مەسعود محەمەد – زمان و ئەدەبى کوردى، شیعرییەتى دەقى گەشتى ژیانم، ڕەوتە ڕەخنەییەکانى دەرەوەى دەق لە توێژینەوە ئەدەبییەکانى مەسعود محەمەددا، ڕەنگدانەوەى زمانى فارسى لە کارە زمانەوانیەکانى مەسعود محەمەددا، ڕێنوسى زمانى کوردى لە سۆنگەى مەسعود محەمەدەوە، کۆمەڵى کوردەوارى و کەسایەتییەکانى کۆیە لە نوسینەکانى مەسعود محەمەد، بیرى نەتەوەیى و دەوڵەتى کوردى لاى مەسعود محەمەد، ڕێبازى توێژینەوەى مێژوییى مەسعود محەمەد لە کتێبى – حەمەغتى گەورەدا، میتۆجى مەسعود محەمەد بۆ خوێندنەوەى کۆمەڵى کوردى، حاجى قادرى کۆیى و بیرى ڕیفۆرم و نوێخوازى لە ڕوانگەى مەسعود محەمەدەوە، خوێندنەوەى نامەکانى مەسعود محەمەد، ڕەهەندى نیشتیمانى و فەلسەفى لە نامەکەى مەسعود محەمەد بۆ گۆرباتچۆڤ، الجرأة فی انتقاد النطام البعثى).

بۆ زانيارى زياتر لە بارەى كۆنفرانس، سەردانى سايتى تايبەتى كۆنفرانس بكە. كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ