پرۆژەيەك بە بەهاى ٣٤ هەزار دۆلار بۆ فەكەڵتى پەروەردە جێ بە جێ كراوە

News #07, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #07, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٧، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015

بەڕێوەبەرايەتى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆمان، نۆ ژوورى بۆ مامۆستايان و ستافى كارگێڕى فەكەڵتى پەروەردە دروستكردووە بە بەهاى ٣٤ هەزار دۆلار، بۆ بينينى ئەنجامى پرۆژەكە بەڕێزان لە ئەنجومەنى زانكۆى كۆيە پرۆژەكەيان بەسەركردەوە، هاوكات مامۆستايان دڵخۆشن بە دابينكردنى شوێنێكى لەبار بۆيان.

رۆژى دوو شەممە ٧ / ١٢ / ٢٠١٥ كاتژمێر ١٠ى پێش نيوەڕۆ بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ بە ئامادەبوونى بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانكۆ سەردانى فەكەڵتى پەروەردەيان كرد بە مەبەستى بينينى ئەنجامى كۆتايى پرۆژەى دروستكردنى نۆ ژوور لە فەكەڵتى ناوبراو.

بەڕێز پ.ى.د.سەعيد ساڵح حمەدەمين لە بەرامبەر جێ بە جێ كردنى ئەم پرۆژەيە بۆ فەكەڵتيەكەى لە لايەن بەڕێز سەرۆكى زانكۆوە دەلێت " بە ناوى ئەنجومەنى فەكەڵتى پەروەردەوە سوپاس و پێزانينمان بۆ بەڕێز سەرۆكى زانكۆ دەردەبڕين بەرامبەر هاوكاريە بەردەوامەكانى بۆ فەكەڵتيەكەمان بە تايبەت لە جێ بە جێ كردنى ئەم پرۆژەيەدا كە پێويستيەكى زۆر گرنگ بوو بۆ مامۆستايانى فەكەڵتييمان، ئەمەش كاريگەرى دەبێت لەسەر نەهێشتنى نيگەرانيەكانى مامۆستايان و هاندەر دەبێت بۆ باشتر جێ بە جێكردنى ئەركەكانيان " هەروەها ڕاگرى فەكەڵتى پەروەردە دەڵێت ئەمە ڕۆڵى دەبێت بۆ ئەوەى مامۆستايان بە سەركەوتووانەتر رۆڵ بگێڕن لە ئەركى زانستخوازيان.

لە چوارچێوەى سەردانەكەدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد لە ديدارێكيدا لە گەڵ بەشێك لە مامۆستايانى فەكەڵتى پەروەردە هيواى خواست ئەم پرۆژەيە ببێتە هۆى هاوكاريكردنى مامۆستايان بۆ جێ بە جێ كردنى ئەركەكانيان بەشێوەيەكى سەركەوتووانەتر ، وە گرنگە ئەمە هاندەر بێت بۆ تێكەڵاوبوونى زياتر و بەرهەمهێنانى خوێندنێكى گونجاو و پێشكەوتووتر لە زانكۆماندا. بەڕێز سەرۆكى زانكۆ جەختى كردەوە بە هەماهەنگى و هاوكارى هەموو لايەك دەتوانين ژينگەيەكى گونجاوتر بۆ مامۆستايان و خوێندكاران دابين بكەين و لە كۆتاييشدا بەرهەمێكى زۆرترمان دەست بكەوێت.

ئەم پرۆژەيە لە لايەن بەڕێوەبەرايەتى ئەندازە و پرۆژەكانەوە دروستكراوە، بەرێز ئەندازيار بۆتان ئەنوەر دەلێت " بە گوژمەى ٣٤ هەزار دۆلار ئەم پرۆژەيە جێ بە جێ كراوە بە شێوەيەكى ئەندازياريى سەركەوتوو لە لايەن ئەندازيارانى زانكۆمان" لە بەر ئەمەش بەڕێز بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكان سوپاس و پێزانينى ئاڕاستەى ئەندازيارانى بەرێوەبەرايەتييەكەى كرد بەرامبەر ڕاپەڕاندنى ئەركەكانيان بەشێوەيەكى سەركەوتووانە.

تايبەت بەم بابەتە بەڕێز دكتۆر ئەحمەد عەبدولعەزيز محەمەد ، سەرۆكى بەشى ئينگليزى فەكەڵتى پەروەردە دەڵێت "كردنەوەى ئەم ژوورانە زۆر بەسوود بوون بۆ فەكەڵتى پەروەردە لەبەر ئەوەى لەو ڕووەوە كێشەمان هەبوو، شوێنى ژوورەكانيش زيرەكانە و ئەندازيارانە بيريان لێكراوەتەوە و پێشتر هيچ سوودێكيان نەبووە بۆيە بيرۆكەكە سەركەوتوو بوو. لە ئێستادا كێشەكان چارەسەركراون و لە شوێنى سەرۆكايەتى بەش و مامۆستايەكان بێ كێشەين، بەڵام بۆ ئاييندە گرنگە بيرۆكەى دروستكردنى ژوورى تر هەبێت وە شوێنى فەكەڵتيەكەش بۆ ئەمە گونجاوە."

هەروەها فەرمانبەرانيش سوودمەند بوون لەم پرۆژەيە، لەم بارەوە بەڕێز هۆگر ڕەسوڵ ئەحمەد لە پەكەى ژمێريارى فەكەڵتيەكە دەڵێت " وەك يەكەى ژمێريارى فەكەڵتى پەروەردە سوودمەند بووين لە يەكێك لەو ژوورانەى ئەمساڵ دروستكراون، بێ گومان دروستكردنى ئەم ژوورانە پێويستيەكى حەتمى بوو بۆ فەكەڵتى پەروەردە، چونكە فشارێكى زۆر لەسەر مامۆستايان و فەرمانبەران هەبوو بۆ ئەنجامدانى كاروبارەكان، ئێمە دەستخۆشى لە سەرۆكايەتى زانكۆ و فەكەڵتى پەروەردە و ئەندازيارەكان دەكەين بۆ جێ بە جێكردنى ئەم پرۆژەيە"

دەربارەى فەكەڵتى پەروەردە:

فا‌که‌ڵتی په‌روه‌رده‌ له‌ زانکۆی کۆیه‌ ناوه‌ندێکی نایابه‌ بۆ خوێندنی پێشکه‌وتوو له‌بواری په‌روه‌رده‌دا. له‌ساڵی 2003 دا به‌ناوی کۆلێژی په‌روه‌رده‌ کرایه‌وه‌ و دواتر کرا به‌فاکه‌ڵتی په‌روه‌رده‌ که‌ له‌ 7 به‌ش پێکدێت: به‌شه‌کانی (زمانی عه‌ره‌بی، زمانی کوردی، مێژوو، جوگرافیا، خوێندنی ئایینی، باخچه‌ی ساوایان و په‌روه‌رده‌ی وه‌رزش)ئه‌م فه‌که‌ڵتیه‌ ئامانجی دابینکردنی خوێندنێکی ئاست به‌رز و نمونه‌ییه‌ بۆ ئاماده‌کردنی ده‌رچوانی تاکو ببن به‌ پێشه‌نگ و داهێنه‌ر له‌ بواره‌کانی په‌روه‌رده‌دا . لە ئێستادا لەم فەكەڵتيە ١٦٠٠ خوێندكار و ١٦٥ مامۆستا خەريكى پرۆسەى خوێندنن تێيدا، بۆ زانيارى زياتر دەربارەى ئەم فەكەڵتيە كليك لێرە بكە.

ئامادەكردنى : ژوورى هەواڵ