زانكۆى كۆيە خوليێكى ئاگر كوژيێنەوەى كردەوە

News #13, Issue 00, Jan 2014 | Núcey #13, Jhimarey 00, Mangí 12 Sallí 2014 | نوچەی 13، ژمارەی 00، مانگی 12 ساڵی 2014

زانكۆى كۆيە خوليێكى ئاگر كوژيێنەوەى كردەوە

ڕۆژى پێنجشەممە 20/11/2014 كاژێر (١٠)ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆکایەتى زانکۆ بەڕێوبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى زانکۆى كۆيە خولى چۆنیەتى ئاگر کوژێنەوە بۆ مامۆستاو فەرمانبەرانى زانكۆ كردەوە. وانەبێژى خولەکە لەلایەن بەڕێوبەرایەتى بەرگرى شارستانى کۆیە ڕاسپێردرابوو. لەسەرەتادا بەڕێز (مەغديد حەمەدئەمين محەمەد) ئەفسەرى ئاگر كوژێنەوە، لەبەڕێوەبەرايەتى ئاگر كوژێنەوەى كۆيە باسى لە ئاگر و چۆنيەتى درووستبوونى ئاگر و جۆرەكانى ئاگرى بۆ ئامادەبووانى شیکردەوە، دواتريش باسى لەو هۆكارانە كرد كە دەبنە ياريدەدەرى ئاگركەوتنەوە. كە لە چ کاتێکدا ئاگر دەکەوێتەوە؟

پاشان باسى چۆنیەتى کوژانەوەى ئاگر کەوتنەوەى کردو جۆرەکانى کوژێنەرەوەى باس کرد لەوانە ( ئاو، پاودەر، BCF، Co2 ، فووم ) لەگەڵ شێوازەکانى کۆنترۆڵکردنى هەریەکێک لە جۆرەکانى ئاگر کەوتنەوە.

ٍلە لێدوانێکدا بەڕێز (م. ڕێبوار تاهیر) بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى و سەلامەتى بۆ لاپەڕەى فەرمى زانکۆ ئاماژەى بەوەدا ئەمە دووەمین خولى بەڕێوەبەرایەتیەکەیانە کە تایبەتە بە مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆ، خولى یەکەم تایبەت بووە بە بەشە ناوخۆییەکانى کچان و خولى سێیەمیش تایبەت دەبێت بە بەشەن ناوخۆییەکانى کوڕان.

لە بارەى ژمارەى بەشدار بووانى خولەکەوە بەڕێزیان وتى: ژمارەى بەشدار بووانى ئەم خولەمان لە (٢١) مامۆستا و فەرمانبەر پێکهاتووە. لەبارەى پلانى ئایندەیان لە بوارى تەندروستى و سەلامەتى، م. ڕێبوار ئاماژەى بەوەدا لە هەفتەى ئایندەدا خولەکانى تایبەت بە خزمەتگوزارى سەرەتایى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێنکارانى زانکۆمان بەڕێوە دەچێت. لە کۆتایى خولەکەیشدا لەلایەن بەشدار بووانەوە گفتوو گۆ و پرسیار و وەڵام دەربارەى بابەتەکە ئەنجام دراو داوایان کرد کە ئەم جۆرە خولانە بەردەوام بن. (سەرپەڕ)