سمينارەكەى ڕالف لێنگلەر پێشكەشكرا
News #04, Issue 17, April 2016 | Núcey #04, Jhimarey 17, Mangí 4 Sallí 2016 | نوچەی 4، ژمارەى 17 مانگی 4 ساڵی 2016
بەرێز ڕالف لێنگلەر پسپۆرى كاروبارى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، لە زانكۆى كۆيە سمينارێكى پێشكەش كرد دەربارەى كێشە ناوخۆييەكانى هەرێمى كوردستان.
ڕۆژى پێنج شەممە ٢٠١٦/٥/٥ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيە، بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆكى زانكۆ و جێگرەكانى و ژمارەيەكى زۆر لە مامۆستايان و خوێندكارانى زانكۆمان و مێوانانى شارى كۆيە، بەڕێز لێنگلەر سمينارەكەى پێشكەش كرد.
باسى چى بوو؟
سەرەتا لێنگلەر بە گشتى تەوەلاەكانى سمينارەكەى باس كرد لەوانە دابەزينى نرخى نەوت، شەرى داعش، كێشەكانى هەرێمى كوردستان و پێشنيازەكانى بۆ داهاتووى كوردستان.
ڕالف لێنگلەر كە خاوەنى ئەزموونێكى دەوڵەمەندە لە سەنتەرەكانى توێژينەوە، دەستپێك باسى ئەزموونى سويسراى كرد لە سستمى بەرگرى و سياسى و بەراوردكاريشى كرد لەگەڵ هەرێمى كوردستان، وێڕاى باسكردنى دۆخى ڕاگوزەرى ژمارەيەك وڵاتى ئەوروپى بە ووردى.
لە تەوەرەى دووەمدا باسى نرخى نەوتى كرد و لەو چوارچێوەيەدا تيشكى خستە سەر هۆكارەكانى دابەزينى نرخى نەوت بە تايبەت شەرى داعش و ململانێى وڵاتە بەرهەمهێنەرەكانى نەوت، وێڕاى باسكردنى چۆنيەتى بەرهەمهێنانى نەوت و تێچووەكەى و بەراوردكردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لە عێراق و ئەو وڵاتانەى كە نەوتى بەردينيان هەيە.
دواتر باسى لە كێشە ناوخۆييەكانى هەرێمى كوردستان كرد لە كێشە سياس و ئابووريەكان و نا دادپەروەرى و كێشەكانى ديكە و هەڵوێستى وڵاتانى ڕۆژئاواى ڕونكردەوە بە تايبەت لە ڕووى پشتيوانى دارايى بۆ هەرێمى كوردستان، لە كۆتاييشدا وێڕاى خستنەڕووى پێشبينييەكانى، پێشنيازەكانى بۆ داهاتووى كوردستان باسكرد.
هەموو شتێك ڕێك بوو!
لە لێدوانێكيدا بۆ ژوورى هەواڵ، بەڕێز لێنگلەر وتى " سوپاستان دەكەم بۆ بانگهێشت كردنم، هيوام دەخواست كە شتێك پێشكەش بە زانكۆى كۆيە و خەڵكى كۆيە بكەم و من زانكۆكە و خەڵكى كۆيەشم خۆش دەوێ، هەموو شتێك بۆ بەباشى و ڕێك و پێكى بەڕێوە چوو و دەستخۆشى لە هەمووتان دەكەم"
پەيوەست بەم بابەتە، بيلال بەهرام خوێندكارى قۆناغى چوارەمى بەشى مێژوو سەبارەت بە سمينارەكە دەلێت " ئەم سمينارە شتێكى باش بوو بۆ پتر بەرچاو ڕوونيمان دەربارەى دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، شتێكى سەرنج ڕاكێش بە لامەوە بريتى بوو لە دياريكردنى ناوچە و هەرێمە دابەشبووەكان لە نێوان هێزە باڵادەستەكان و هێزى داعش بە تايبەتى، وێڕاى باسكردنى پرسى سەربەخۆيى كوردستان و دياريكردنى سنوورەكەى، دەستخۆشى لە هەمووان دەكەم كە ئەم سمينارەيان ئامادە كردووە"
ڕالف لێنگلەر كێ يە؟
لە دايك بووى شارى زيورخە لە سويسرا
•هەڵگری بڕوانامەی دیپلومی باڵا له زانکۆی دی لیگی بەلجیکی و زانکۆی زیورخی سویسری لەبواری سایکۆلۆجی و بەرێوەبردنی بازرگانی
•بەرنامەی دکتۆڕا لە بواری ئینتەرنێت و کۆمەڵگا لە زانکۆی هاڕڤەرد لە ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا
•بڕوانامەی م.فیڵ لە بواری بەرجەستەکردنی زانیاری لە زانکۆی سیدنی له ئوستڕالیا
•توانای ئاخاوتن بەهەریەک لەزمانەکانی ئەڵمانی و فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئیتاڵی و ئیسپانی
•ساڵانی١٩٩٥ تا ١٩٩٩: بەڕێوەبەری (Visual Design & Front-End) له زیورخ، سویسرا
•ساڵانی١٩٩٩ تا ٢٠٠١: بەڕێوەبەری (Net Media-) له زیورخ، سویسرا
•کۆتای ساڵی ٢٠٠١: بەڕێوەبەری (Creative Village) له بەرلین، ئەڵمانیا
•ساڵانی٢٠٠٢ تا ٢٠٠٤: بەڕێوەبەری (United Visions) له زیورخ، سویسرا
••ساڵانی٢٠٠٥ تا ٢٠٠٧: پزیشکی دەروونی لە (Psychiatric University Hospital) له زیورخ، سویسرا
•ساڵانی٢٠٠٧ تاکۆتای ٢٠٠٨: توێژەرلە پەیمانگای (Link Institute) له لوزێرن، سویسرا
•ساڵی ٢٠٠٩: پەیج ساز و کارا له ڕێکخراوی (Namics) له بازل، سویسرا
•ساڵانی٢٠١٠ تاسەرەتای ٢٠١٢: توێژەرلە سیدنی، ئوستڕالیا
•ساڵانی٢٠١٢ تا کۆتای ٢٠١٣: داڕێژەری بەرنامە و بەڕێوەبەر لە (AO Foundation) له داڤۆس، سویسرا
•ساڵی٢٠١٤: داڕێژەری بەرنامە و بەڕێوەبەرلە (Nestlé GLOBE) له ڤیفیێ، سویسرا
•له ٢٠١٥ەوە تا ئەمڕۆ: کاری کۆنتڕاکت بەشێوەی سەربەخۆ لە هەریەک لە فڕانکفۆرت و بەرلین لە ئەڵمانیا.
ئەم سمينارە بە هاوكارى بەڕێز مامۆستا بەختيار عومەر فەتاح، مامۆستاى زمانى ئينگليزى پێشكەشكرا.