پەيامى سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە بۆنەى دەست بەكاربوونەوەى مامۆستايان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٨-٢٠١٩

News #01, Issue 45, Sep 2018 | Núcey #01, Jhimarey 45, Mangí 9 Sallí 2018 | نوچەی 01، ژمارەى 45 مانگی 9 ساڵی 2018

بەڕێزان مامۆستايانى خۆشەويستى زانكۆى كۆيە

وەك دەزانن كە ڕۆژى ٢٠١٨/٩/٢ ڕۆژى يەك شەممە، ڕۆژى دەست بەكاربوونەوەى مامۆستايانە دواى پشووى هاوينەى هەردوو مانگى ٧و٨ى ئەمساڵ. سەرەتا دەمەوێ بە هەموو ئێوەى خۆشەويست بڵێم هيوادارم پشوويەكى دوومانگى ئارامتان بەڕێ كردبێ لەگەڵ خێزان و كەسوكارتان، وە داواى تەندروستى و خۆشبەختيتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.

بە بۆنەى ڕۆژى دەست بەكاربوونەوەتان بۆ ساڵى خوێندنى ٢٠١٨-٢٠١٩ گەرمترين پيرۆزباييتان لێ دەكەم و دەستى يەكە بە يەكەتان دەگوشم، ڕاستە لە ماوەى ڕابردوو هەموومان قەيرانێكى دارايى و سياسى و سەربازى قورسمان تێپەركرد و هيوا دەخوازم ئەمساڵى خوێندنمان لە هەموو ڕوويەمەوە باشتر بگوزەرێ.

داواتان لێدەكەم كە وەك ساڵانى ڕابردوو هەميشە شان بەشانى يەكتربمێنينەوە بۆ ئەدائى باشترى ئەركە پيشەيى و نيشتمانى و مرۆڤايەتيەكانمان، ئێوە دەزانن كۆمەڵگە و نەوەى نوێ ئەوە ڕەچاو دەكەن لە ئێمە مانانى هەڵگرى بڕوانامەى باڵا و پەيامى بەرزى زانستى و مرۆڤايەتى كە هيچ قەيران و رەشەبايەك ڕێگە راستەكەى خۆمان وێڵ نەكەين، هيواخوازم لەو ئاستەى ڕەچاويە بمێنينەوە.

دڵنياتان دەكەمەوە كە خێزانى زانكۆييمان وا دەپارێزرێ و بەيەكگرتوويى دەمێنينەوە كە بەردەوام بين لە كێ بڕكێى شەريف و پاڵپشتى تەبايى و يەك ڕێزى و دەستگرتن بە كارى پيرۆزى فێركردن و توێژينەوەى زانستى.

لە ماوەى ڕابردوودا بە هۆكارى كاريگەرى قەيرانەكان و وەزعى تايبەتى زانكۆى كۆيە هەندێك زيانمان لە ئاستى توێژينەوەى زانستى و ژمارە و شوێنى بڵاوكردنەوەكان پێگەيشتووە، بەڵام دڵنيابن لەوەى زانكۆى كۆيە بە هەوڵى هەموو لايەك لە ئاستى زانستى پێويستى خۆى دەمێنێتەوە، ئێستا زانكۆمان لە (Prensence) لە پلەى يەكەمى زانكۆكانى كوردستانە، وە شوكر بۆ يەزدان ئاستى دەرچووانمان وەك خۆيەتى و لە باشترين زانكۆكانى كوردستان و ناوچەكەين، وە هەموومان قازانج دەكەين ئەگەر ئاستى زانستى و ناو و ناوبانگى زانكۆى كۆيە لە بەرزيدا بمنێنێتەوە.

دڵنياشين كە ئاست و توانست و دڵسۆزيتان لە جێگاى خۆيەتى و بەردەواميشە.

بەهيواى ساڵێكى خۆش و خۆشبەختى بۆ هەموو لايەك.

پ.د.وەلى مەحمود حەمەد

سەرۆكى زانكۆى كۆيە

٢٠١٨/٩/١