سەنتەرى مەلاى گەورە بۆ توێژينەوە كرايەوە

News #02, Issue 46, Oct 2018 | Núcey #02, Jhimarey 46, Mangí 10 Sallí 2018 | نوچەی 02، ژمارەى 46 مانگی 10 ساڵی 2018

ڕۆژى يەك شەممە ٢٠١٨/١٠/٧ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە مەراسيمێكدا سەنتەرى مەلاى گەورە بۆ توێژينەوە كرايەوە بە ئامادەبوونى بەڕێزان سەرۆك و ئەندامانى ئەنجوومەنى زانكۆ و ژمارەيەكى زۆر لە مێوانانى شارى كۆيە و مامۆستايانى زانكۆ.

پاش بەخێرهێنانى ئامادەبووان لە لايەن بەڕێز حازم على بەڕێوەبەرى ڕاگەياندنى زانكۆ، بەڕێز پ.ى.د.هشيار زەكى بەڕێوەبەرى سەنتەرى مەلاى گەورە وتەيەكى پێشكەش كرد دەربارەى سەنتەر و كارەكانى، وێڕاى جەخت كردنەوە لەسەر بەش و يەكە جياوازەكانى سەنتەر و ڕوئيا و پەيامى سەنتەرەكە و پلانى خۆيانى ئاشكراكرد.

پاشان بەڕێز پ.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ وتەيەكى پێشكەشكرد كە ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى:

بەناوی خوای گەورە

ئامادەبووانی بەڕێز.........

خۆشحاڵم ئەمڕۆ هەموومان لێرە کۆبووینەوە بەمەبەستی کردنەوەی سەنتەری توێژینەوەی (مەلای گەورە).

وەك دەزانن زانکۆی کۆیە دەمێکە بیرۆکەی کردنەوەی ئەم سەنتەرەی هەبووە بەڵام نەتوانرابوو وەك پیویست ئامادەکاریەکانی بۆ بکرێت شوکر بۆ خوا ئەمڕۆ ئەم کارە ئەنجام دەدەین.

هەرچەندە من خۆم لە شوێنەکە و کەل و پەلەکانی وەك پێویست ڕازی نیم دەبوایە و پێویست بوو کەوا ئەم سەنتەرە شوێنەکە و پێداویستیەکانی زۆر لە ئیستا باشتر بوایە.

بەڵام وەك دەڵێن: (ماڵی دەست کورتی وێران بێت) لەم قۆناغە و لەئێستادا هەر ئەوەندەمان پێکراوە هیوادارم لە ئایندەیەکی نزیکدا زانکۆمان بتوانێت سەنتەرەکە لە ئیستا پۆشتەتر بکا. لەگەڵ ئەوەشدا کورد دەڵێت (بە ڕیش نیە و بە ئیشە) بۆیە ئێمە لە سەرۆکایەتی زانکۆ چاومان لە کاری باش و بەرەکەتی باش لەم بەڕیزانەی کە ئەم سەنتەرە بەڕێوەدەبەن لە توانا و دڵسۆزیان بەشك نین وە هیوامان چنیوە کە ناوەکەی پڕ بە باڵاکەی بێ.

لێرەدا جێگای خۆیەتی کە سوپاسی ئەو کەسانە بکەم کە هاوکاری ماددیان پێشکەش بە سەنتەرەکەمان کردووە لێیان بە زیادبێ وە هیوا خوازین بەردەوام بن لەگەڵمان، هەروەها سوپاسی بەڕێزان کاك د.حیدر لەشکری و د.هشیار زەکی و د.سەربەست نەبی و هەموو هاوکارانیان لە سەرۆکایەتی زانکۆ و ب.ئەندازیاری و سەنتەری توێژینەوەی زانستی و تەندروستی هیوادارم نموونەیان زۆربێت و هەر سەکەوتوبن.

ئامادەبوانی خۆشەویست

ئێمە لە سەرۆکایەتی زانکۆ دوای ئەوەی دەستمان کرد بە برەودان بە توێژینەوە و ئەنجامدانی کۆنفرانس و وۆرك شۆپەکانمان هەست دەکەین بەشێك لە قەرزەکانی سەرشانمان بۆ مێژووی پڕبەرهەمی وراتی کۆیە دابێتەوە وە هیواخوازین ئەم سەرنتەرەشمان بەشێك لەکەم و کوڕیەکانی تر پڕبکاتەوە.

وەدەبێ ئەم سەنتەرە پردێك بێت بۆ بەستنەوەی زانکۆمان بە دەرەوەی زانکۆ کنە و پشکنین و توێژینەوە بکات لەلایەنی مێژوویی و کەلتوری و ڕۆشنبیری و ئەدەبی و شارستانییەتی ئەم دەڤەرە و میلەتەکەمان بەگشتی. وەبەرنامەمانە لەئایندەیەکی نزیك پەیکەری مەلای گەورە بگوازینەوە لە دەرەوەی زانکۆوە بۆ بەردەم ئەم سەنتەرە.

لەکۆتاییدا دووبارە بەخێرهاتنی هەموو لایەکتان دەکەم هیوادارین ئەم سەنتەرە ئاواتەکانی ئێوە و ئێمەش بهێنێتە دی و چاوەڕوانی هاوکاری و پشتیوانیەکانتانین.

پاشان بەڕێز پ.ى.د.حەيدەر لەشكرى ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا وتەيەكى پێشكەش كرد و گرنگى و بەهاى سەنتەرەكەى بۆ ئامادەبووان شيكردەوە.

لە كۆتاييشدا بەڕێز پ.د.جەمال باجەلان مامۆستاى بەشى پەروەردەى ئاينى باسێكى لەبارەى بنەماڵە و خودى مەلاى گەورەوە پێشكەشى ئامادەبووان كرد.