مامۆستايەكى زانكۆى كۆيە لە بارەى شانەی خۆری توێژينەوەيەكى بڵاو كردەوە

News #06, Issue 54, June 2019 | Núcey #06, Jhimarey 54, Mangí 06 Sallí 2019 | نوچەی 06، ژمارەى 54 مانگی 06 ساڵی 2019

بەڕێز پ.ى.د.فەهمى فەريق محمد، مامۆستاى بەشى فيزيا لە فەكەڵتى زانست و تەندروستى زانكۆمان، كە هاوكات پسپۆرى وزەی خۆرو کارەبای خۆريى-ە ، بەهاوبەشيى، توێژينەوەيەكى لەبارەى شانەى خۆرى بڵاوكردەوە لە گۆڤاری پلۆس وەنی (Plos One) ئەمریکی.

توێژينەوەكە بەم ناونيشانەيە:

Simple and efficient estimation of photovoltaic cells and modules parameters using approximation and correction technique

د.فەهمى دەڵێت "لە کاتی بەکارهێنانی شانەی خۆری (لەوحەی شەمسی) لە لایەن بەکارهێنەران یاخود وەبەرهێنانی ئەم بوارەوە ، پێویستە هەڵسەنگاندنی وردو درشت بۆ کواڵیتیەکەیان و ئاستی کارکردنیان بکرێت ، بە ماوەیەکی کەم و بە وردییەکی بەرز. گرفتی بەکارهێنانی ئەو ڕێگایانەی کە ئێستا بەردەستن لەم بوارەدا ئەوەیە کە کاتێکی زۆرئەخایەنێ و توانایان دیاریکراوە."

" لەم توێژینەوەیەدا ، ڕێگەیەکی نوێی سادەو چوستی بەرزی ژمێرکاری دەخەینەڕوو ، کە زۆر بەباشی دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی نەگۆڕە خودییەکانی خانەی خۆری وشانەی خۆری. بە زانین و دۆزینەوەی وردی ئەم نەگۆڕانە ، ئەتوانرێت هەڵسەنگاندی وردو درشت بۆ شانە/خانەی خۆری بکرێت و لە توانای پێدانی ڤۆڵتیەو تەزوو ، هەروەها لە تونستی تەواویان بگەین تەنانەت ئەگەر لە هەر پلەیەکی گەرمای کارکردندا بن ، یاخود لە ژێر هەر توندیەکی تیشکی خۆردابن؛ ئەم زانیاریانە زۆر گرنگن بۆ بواری دڵنیایی جۆری ئەم ئامێرانە کە وزەی خۆر ئەکەنە کارەبا ، هەروەها دەتوانرێ بەهۆیەوە تەمەنیان دیاری بکەی و لە کواڵیتی کارکردنیان دڵنیابین لە هەر سات و کاتێکدا"

هەروەها دەڵێت "بۆ ئەوەی ئەم ڕێگە نوێیە سوودی تەواوی لێوەربگیرێت لەلایەن کەسانی ئەکادیمی و کەسانی بەکارهێنەریشەوە ، لەهەمان کات وە بۆ یەکەمینجار ، هەڵساین بە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت لەڕێی پرۆگرامی ماتلابەوە بۆ ئەنجامدانی دۆزینەوەکان بە خێرایی. کەسی بەکارهێن ئەتوانێ ئەپڵیکەیشنەکە دابەزێنێ لەسەر کۆمپیوتەرەکەی و پاشان داتای پێویست بدا بە ئەپڵیکەیشنەو بیخاتەکار ؛ لە ماوەی چەند چرکەیەکی کەم دۆزینەوەکان ئەنجام ئەدات بە وردییەکی بەرز (لەکاتێکدا زۆربەی ڕێگەکانی پێشوو پێویستی بە چەندین خولەکەو چوستیەکەشیان وەکو ئەمە بەرزنیە). "

لەبارەى سوودوگرنگى ئەم توێژينەوەيە دەڵێت "ئەم توێژینەوەی گرنگی تایبەتی هەیە بۆ کوردستان ، لە کاتێکدا کارەبای بەردەواممان نیە ، بە پشت بەستن بە دەرەنجامی ئەم توێژینەوەیە ، دەتوانرێ سیستەمی کارەبایی تێکەڵی زیرەک بنیادبنرێت (بەنداوەکان+وزەی خۆر) ، بەجۆرێ لەهەر ساتێکی ڕۆژدا هەڵسەنگاندنی خێرا بۆ لەوحەی شەمسی دەکرێ و تواناکەی دەستنیشان ئەکرێت تاکو بڕیاربدرێ لەسەر ئەو بڕەی کارەبایەی کە پێویستە بۆ شارێک یان ناوچەیەکی دیاریکراو ، ئەمەش بەتێکەڵکردنی لەگەڵ کارەبای بەنداوەکان و نەهێشتنی کارەبای مۆلیدەو سەرچاوە گازییەکان ، کە هۆکاری پیسکردنی ژینگەن بە ژاوەژاوو گازی پیس و گەرمی بۆناو ژینگەی کوردستان."

ئەنجامەکانى ئەم توێژينەوەيە لە گۆڤاری پلۆس وەنی (Plos One) ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە ، کە لە لیستی جۆرناڵەکانی سۆمسن رۆیترزە بە ئیمپاکت فاکتەری 2.76ە.

بۆ خوێندنەوەى توێژينەوەكە، كليك لێرە بكە.

پ.ى.د.فەهمى فەريق محمد

پسپۆرى ورد: وزەی خۆرو کارەبای خۆریی

ژمارەى توێژينەوە بڵاوكراوەكان:36

ژمارەى پەرتوكە چاپ كراوەكان:1

چەند ساڵە مامۆستاى زانكۆيە:12

شوێنى كارەكەى:بەشی فیزیا ، فاکەڵتی زانست و تەندروستی ، زانکۆی کۆیە

لاپەڕەی زانکۆی کۆیەى (TAP)

http://sites.koyauniversity.org/fahmi-fariq/

ئا:ژورى هەواڵ