بەڕێوەچوونى پانێڵێك سەبارەت بە گەنجان و لاوانى كوردستان

News #15, Issue 50 , Jan 2019 | Núcey #15, Jhimarey 50, Mangí 01 Sallí 2019 | نوچەی 15، ژمارەى 50 - مانگی 02 ساڵی 2019

ڕۆژى يەك شەممە٢٠١٩/٢/١٠ كاتژمێر ١٠ى بەيانى لە هۆڵى سەرۆكايەتى زانكۆ، هەريەك لە بەڕێزان پ.د.وەلى محمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە و م.كاوە تەيب بەرپرسى ناوەندى ڕێكخراوە ديموكراتيەكانى كۆيە لە پانێڵێكدا سەبارەت بە گەنجان و لاوانى كوردستان دووان. ئەم چالاكيە لە لايەن ڕێكخراوى بەهرەى گەشاوە ئامادەكرابوو.

ئەمەى خوارەوە پوختەى بابەتەكەى بەڕێز سەرۆكى زانكۆى كۆيەيە كە پێشكەشى كرد.

1. ئایا ئەو تەمەنە چەندە کە بەیەکێک بوترێت کە ئیتر تۆ گەورەیت و بە تەمەنیت. ئیستا ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى لە نوێترین پۆلێن کردنى تەمەن لە (2018) وە بەم شێوەیەى خوارەوەیە:

- سفر ...... 17 ساڵ لەخوار تەمەنى یاسایین.

- 17 .......24 ساڵ مراهقن (هەرزەکارن)

- 25 ......65 ساڵ گەنج

- 66...... 79 ساڵ تەمەن ناوەڕاست

- لە 80 ساڵ گەورەتر بەتەمەن و بەساڵاچوون.

2. جارێک ئەمیرى ووڵاتێک دەیویست ژن بهێنێ بۆیە بەدواى چەندین کچى شۆخى وڵاتەکەى دا نارد هەموویانى بانگى کۆشک کردو ووتى من دەمەوێ یەکێکتان هەڵبژێرم بۆ هاوسەرى خۆم و ژن بهێنم، ووتى هەندێک تۆوى ڕوەکێکتان پێ دەدەم وە ماوەى (6) مانگیشتان دەدەمێ بە مەرجێ ئەم تۆوە بچێنن، وە هەرکامێکتان بە باشترین و جوانترین بەرهەم بگەڕێتەوە لام لەو کاتەى (کە خۆى ڕۆژەکەى دیارى کردبوو) ئەوە ئەوتان دەکەم بە هاوسەرى خۆم. وە دواى (6) شەش مانگەکە کاتێک هەموو کچەکان هاتنەوە لاى ئەمیر هەر یەکێکیان لە کچەکان ڕووەکێکى بەدەستەوە گرتبوو وەستابوو تاوەکو ئەمیر ئەو هەڵبژێرێ.

بەڵام تەنها یەکێکیان نەبێت کە هیچ ڕووەک و بەرهەمێکى بە دەستەوە نەبوو. بۆیە ئەمیر چوو بۆ لایى و پێى ووت کوا ڕووەک کوا بەرهەمى تۆ. وە کچەکەش بێ تێکچوون و بێ هیچ پێچ و پەنایەک ووتى کە ئەو تۆوە خۆى پووچەڵ بوو کەدات بووت بە ئێمە و هیچ ڕوەکێکى لێ نەڕواو شین نەبوو. ئەمیر بڕیارى دا ئەو کچەیان هەڵبژێرێ و بیکا بە هاوژینى خۆى چونکە دەیزانى تۆوەکە هیچى لێ ناروێت و تەنها ئەویان ڕاست گۆ بوو لەگەڵ ئەمیرى ووڵات.

3. کاتێک مەلیک فەیصەلى دووەم بە سەردانێک چوو بۆ شارى موصل هەواڵیان دا بە مامۆستایانى خوێندنگەیەک کە مەلیک سەردانیان دەکات، بەڵام مامۆستاکان زۆر زۆر بە هەواڵەکە تێکچوون وتیان ئەمەى دێ مەلیکە وە بۆ مەلیک دەبێت خۆت بچەمێنیەوەو سەرت دانوێنى، ئێ باشە مامۆستا زۆر بەرزو پیرۆزە لاى خوێندکارەکانى چۆن ئەو کارە بکەن، وە بەم کارە بچووک دەبنەوە لاى خوێندکارەکانیان، هەواڵیان دا بە مەلیک کەوا مامۆستاکان ئەم گرفتەیان هەیە، وە مەلیک هەواڵى نارد و هیچ نیگەران نەبن و نەترسن و خۆشیان نەچەمێننەوە، بەڵام لەهەمووى سەرنج ڕاکێشتر مەلیک کە گەیشتە خوێندنگاکە ئەو خۆى بۆ مامۆستاکان چەماندەوە.

4. الکاتب الأمریکى تود هنرى ألف کتابه المشهور فى عام (2013) ( مت فارغا Die Empty) یاخود بە بەتاڵ کراوەيى بمرە.

ئەو پەڕتوکە لەوەوە سەرچاوەى گرت کاتێک تود هنرى لە کۆبوونەوەیەک بوو پرسى ئەوە هاتبوە بەر باس کە ئایا کام خاک (زەوى) لە دونیا لە هەموو شوێنێک دەوڵەمەندترە، یەکێک دەیوت ووڵاتانى کەنداو چونکە نەوتیان زۆرە، یەکێک دەیوت ئەفریقا چونکە هەمووى کانى کانزاکانە. بەڵام یەکێک ووتى نا ( گۆڕستانەکان) وتیان بۆچى، ووتى لەبەر ئەوەى ملیۆنەها مرۆڤ و عەقڵى گەورە مردن کە بیرۆکەى یەکجار گەورەیان بەبێ ئەوەى رووناکى ببینێ بردە ژێر گڵ (چونکە ماوەیان نەدرا).

بۆیە تود هنرى دەڵێ نەکەى دونیا بەجێ بهێڵى تاوەکو خۆت بەتاڵ نەکەیەوە لە هەموو بیرۆکە باشەکانت کە بە سوودن بۆ مرۆڤایەتى. بۆ نموونە ئەگەر بیرۆکەو تواناکانت:

زانست بوو، بیگەیەنە.

ئامانج بوو، بەدەستى بهێنە.

خۆشەویستى بوو، بڵاوى بکەوە.

داهێنان بوو، ئەنجامى بدە.

5. قسەیەکى پەرلەمانتارێکى سودانى هەیە کە کۆچى دوایى کردووە ئەویش خوالێخۆشبوو (محمد ابراهیم)ە دەڵێ:

ئەگەر باوەڕدارێک ( ئیماندارێک) فەرمان ڕەوایەتیم بکات نام خاتە بەهەشتەوە، وە ئەگەر بێ باوەڕێک فەرمانڕەوایەتیم بکات لە بەهەشت دەرم ناکات، چونکە وەزیفەو کارى فەرمانڕەوایەتى حوکم کردن ئەوە نیە کە خەڵک بنێرن بۆ بەهەشتى ئەو دونیا. بەڵام وەزیفەو ئەرکیانە کەوا بەهەشتێک لەسەر زەوى بۆ خەڵکەکەیان دورست بکەن.

6. تێک و پێکدانى هەر میللەتێک هیچ پێویستى بە قومبەلەى نەوەوى و صاروخى دوور هاوێژ نیە.

تەنها بە تێکدانى پڕۆسەى پەروەردەو خوێندن دەبێ و بەنزم بوونەوەى ئاستى زانستى دەبێ، وماوە بدەى خوێندکار بەبێ ماف و تواناى خۆى سەرکەوێ و پلەکان ببڕێ بەبێ توانست.

7. دکتۆر فاروق القاسم:

زاناى بوارى جیولوجى کە بەڕەگەز عێراقیەو لە وڵاتى نەرویج دادەنیشێ لە نوسینێکدا بە ناونیشانى (وەبەرهێنانى عەقڵ)

دەڵێ لەبارەى دەرامەتى هیچ ووڵاتێک و میللەتێک پرسیارم لێ مەکەن کە خەڵکەکەى بارگاوى ببن بە کینەو ڕق و ڕەگەزپەرستى و نەزانى و ناوچەگەریەتى و شەڕو ئاشوب.

بۆ نموونە نیجیریا یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتانى دونیا لە کانزاو کانەکان و یەکێکە لەو دەوڵەتانەى کە نەوتێکى زۆرى هەناردە دەکات بەڵام سەیرى حاڵى وڵاتەکە کە چەندین گرفتى گەورەى هەیە و پڕە لە شەرو شۆڕو نا ئارامى.

سەنغافورە تەماشاکەن ئەو وڵاتەیەکە لەمێژ نیە سەرۆکەکەى گریا چونکە ئاوى پاکى خواردنەوەى پێ دابین ناکرا بەڵام ئەمرۆ سەیرکەن ژیانى تاک و داهاتى تاک خەریکە لە وڵاتى یابان زیاتر دەبێ.

بۆیە (وەبەرهینانى عەقڵ و مرۆڤ گەورەترین سەرمایەو وەبەرهینانە).

بیل گەیتس دامەزرێنەرى مایکرۆسۆفت لە هەر چرکەیەکدا 226 دۆلار داهاتیەتى.

کۆمپانیاى سامسۆنگ لەیەک ساڵ (327) ملیار دۆلار داهاتیەتى سەیرکەن هەموو نەوتى ژێر زەوى کوردستان دەربهێنین و بیفرۆشین بە چەندین ساڵ بەقەد یەک ساڵ کۆمپانیاى سامسۆنگ پارە کۆ ناکەینەوە.

بۆیە خەیاڵە پڵاوە ناواقیعیەکان بەلاوە بنێ و بیرە مەیدان

یابان لە شەڕى جیهانى دووەم کە نزیکەى (70) ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا شکاو شکستى هێنا. بەڵام بەکەمتر لە (50) ساڵ تۆڵەى خۆى بە سەرکەوتنى لە زانست و تەکنەلۆجیا کردەوە.

ئێمە تازە بە تازە پرسیارى ئەوە دەکەین خەڵکى کام شارى و کام عەشیرەتى و کام مەزهەب و کام حزبى .