دەقى وتارى سەرۆكى زانكۆى كۆيە لە كۆنفرانسى زانكۆى ڕاپەرين

News #05, Issue 15, March 2016 | Núcey #05, Jhimarey 15, Mangí 3 Sallí 2016 | نوچەی 5، ژمارەى 15 مانگی 3 ساڵی 2016

لە يادى يوبيلى زيوينى ڕاپەڕينى پێنجى ئازار، رۆژى ٦ / ٣ / ٢٠١٦ زانكۆى ڕاپەرين كۆنفرانسێكى ڕێكخست بە ناونيشانى (گەشەپێدانى ڕاپەرين و خوێندنەوەيەكى نوێ بۆ ڕەهەندەكانى) لەو كۆنفرانسەدا بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆى كۆيە بە نوێنەرايەتى بەڕێز وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى وتارێكى خوێندەوە، ئەمەى خوارەوە دەقەكەيەتى:

بەڕێزان

سەرۆكايەتى زانكۆ ى ڕاپەرين

مامۆستايان و توێژەرانى بەشداربووى كۆنفرانس

ئامادەبووانى خۆشەويست

بە ئيجازەى ئێوە خۆشحاڵى خۆم دەردەبڕم كە ئەمرۆ لە جياتى براى بەڕێزم كاك دكتۆر يوسف وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لێرە ئامادەم بۆ كردنەوەى كۆنفرانسى زانستى زانكۆكەتان لە يۆبيلى زيوينى ڕاپەرينى ئادارى ١٩٩١ى ئەم شارە خۆشەويستە لە ژێر دروشمى (گەشەپێدانى ڕاپەرين و خوێندنەوەيەكى نوێ بۆ ڕەهەندەكانى ) ئەنجام دەدەرێت.

من باشم لەبيرە كە دوازدە ساڵ لەمەوبەر كە هاتين بۆ ڕانيە بە مەبەستى كردنەوەى كۆليژێك يان چەند كۆليژێكى زانكۆى كۆيە لەم شارە، بەرپرسانى حزبى و حكومى و خەڵكى دڵسۆزى ئەم شارە چەند بە شەوق و تاسەوە بە پير ئەنجامدانى ئەم كارەوە هاتن و چەندە هاوكارى سەرۆكايەتى زانكۆى كۆيەيان كرد. ئەمرۆ بە سەرفرازى دەبينم كە زانكۆكە لە گەشەكردن و هەڵكشان و چوونە پێشەوەيە، وە پيرۆزبايى بەستنى ئەم كۆنفرانسەتان لێ دەكەم و هيوادارم توێژينەوەكان لە ئاستێكى باڵادابن و لە جێ بە جێ كردنى ئەنجامەكانيان سوودى زۆر بە ناوچەكە و ژينگەى بيتوێن و پشدەر بگەيەنێت.

بەڕێزان

ساڵانێكە زانكۆكانى ئێمە كارى سەرەكيان بۆتە بەخشينى بڕوانامەى بەكالۆريۆس و وەرگرتنى ژمارەيەكى زۆر لە خوێندكار كە زۆربەى ساڵ لە سەرووى توانستى زانكۆكان بووە، ئەمەش كێشە و گرفتى زۆرى بۆ دروست كردووين، واتە وەكو پێويست زانكۆكان نەپرژاونەتە سەر ئەنجامدانى توێژينەوەى زانستى (كە كارى گرنگى زانكۆكانە – وە ناوى وەزارەتيشمان وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى يە). بۆيە دەبێ لەمەو دوا زانكۆكان گرنگى زياتر بە توێژينەوەى زانستى بدەن.

مامۆستايانى خۆشەويست، ڕاستە ئەمرۆ كوردستان و حكومەت و خەڵكەكەى بە قەيرانێكى سياسى و دارايى ئەستەمدا تێپەر دەبێت وە كاريگەرى لە ژيان بە گشتى و ژيانى زانكۆيى بەتايبەتى كردووە، بەڵام دەبێ هەموومان هەوڵ دەين ئەم قەيرانە بكەينە دەرفەتێك بەسوود و قازانجى حوكمڕانى بگەڕێتەوە، واتە دەرس و پەند وەربگرين و چاكسازى لە هەموو كەرتەكان بكەين. توێژينەوەكان گرنگى سەربەخۆيى زانكۆكان لە خۆ بگرن، توێژينەوەكان پلان داڕێژن بۆ بەستنەوەى خوێندن بە بازارى كار، توێژينەوەكان دەبێ بۆ ئەوە بن زانكۆكان لە قاوغ و بەرگى پشت بەستن بە يەك سەرچاوەى دارايى بێنينەدەر و سەرچاوەى دارايى و خۆبەڕێوەبەرى بكەنە بەرنامەى كاركردنى داهاتوو.

بە ناوى وەزارەتەوە داواى ئەوەتان لێ دەكەم كە دەرس و وانەى زانكۆ پێشكەوتووەكانى دونيا و دەوروبەر بخەنە ناوبەرنامەى كارى داهاتووتان. ميللەتەكەمان بە گشتى و ئەم دەڤەرەش بە تايبەتى پڕە لە ئەقڵ و زيرەكى، ئاڕاستەكردنى باش و ڕاست و دروستى دەوێت كە كارى سەرەكى ئەم زانكۆيەيە.

چۆن ڕاپەرين وەرچەرخانێكى مێژوويى گرنگى ئەم پارچەيەى كوردستان بوو، ئەم دەڤەرەش يەكەم چەخماخەى ئەم ڕاپەرينەى لێدا بۆيە بۆ زانكۆى ڕاپەرين گرنگى تايبەتى خۆى هەيە.

لە كۆتاييدا دووبارە دەست خۆشيتان لێ دەكەم و داواتان لێ دەكەم بەردەوام بن لە گشت بوارەكان بۆ قازانجى گشتى و ناوچەكە و زانكۆكەتان. قوربانى و خەباتى خەڵكى كوردستان و ناوچەكەتان ئەم ئەرك و بەرپرسياريەتيەى بۆ ئێوە داناوە و چاوى لێتانە.

هەر بەم بۆنەيەوە لەم مينبەرە پڕ نرخە داواكارم لە ئەنجومەنى وەزيران و وەزارەتى دارايى ئاوڕى جددى لە زانكۆكان بدەنەوە و ماوە نەدەن ئەم قەيرانە كار لە ڕەوتى بەرەو پێش چوونى زانكۆكان بكات بەتايبەتى زانكۆ نوێ يەكان لەوانەش زانكۆى ڕاپەرين.

لەگەڵ هيواى سەركەوتن بۆ زانكۆكەتان و كۆنفرانسەكەتان

دەست خۆشى لە هەڵسوڕێنەرانى ئەم كۆنفرانسە دەكەم

سەركەوتن بۆ توێژەرانى بەشداربوو دەخوازم

زۆر سوپاس

پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد

سەرۆكى زانكۆى كۆيە

لە جياتى وەزيرى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى

٦ / ٣ / ٢٠١٦