ئەنجامەکانی خولی دوهەمی پرۆژەی مەرحەبا
News #02, Issue 18, June 2016 | Núcey #02, Jhimarey 18, Mangí 6 Sallí 2016 | نوچەی 2، ژمارەى 18 مانگی 6 ساڵی 2016
بە گوێرەى ڕاگەيەندراوى پرۆگرامى مەرحەبا، زانكۆى كۆيە توانيويەتى ١١ سكۆلەرشيپ لە پێشبڕكێكەدا مسۆگەر بكات، ئەمەش زۆرترين ڕێژەى سكۆلەرشيپە كە زانكۆيەك لە هەرێمى كوردستان دەستەبەرى كردبێت.
پرۆژەى مەرحەبا چى يە؟
ئيراسمۆس مۆندس ناسراو بە مەرحەبا، پرۆژەيەكى ئەكادميە لە لايەن يەكێتى ئەوروپاوە پشتيوانى دارايى دەكرێت، لە بازنەى مەرحەبادا ١٨ زانكۆى جيهان بەشدارن، ئەم پرۆژەيە بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتور و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لە زانكۆ بەشداربووەكاندا ڕاگەيەندرا، بۆ زانيارى زياتر لەسەر مەبەستەكان و ئامانجەكانى ئەم پرۆژەيە كليك لێرە بكە.
زانكۆى كۆيە يەكێكە لە چوار زانكۆى هەرێمى كوردستان كە بەشدارن لە پرۆژەى مەرحەبا بۆ ئاڵوگۆركردنى كانديدى خوێندن لە نێوان هەژدە زانكۆى جيهان بە مەبەستى ئاڵوگۆڕى كلتورى و پەرەپێدانى خوێندن و فێركردن لەو وڵاتانەى زانكۆكانيان بەشدارە ، ئەم پرۆژەيە لە لايەن يەكێتى ئەوروپا پشتيوانى دارايى دەكرێت .
ئەنجامەكانى خولى دووەم و زانكۆى كۆيە
دواى كردنەوەى دەرگاى پێشكەشكردن و ڕاگەياندنى سكۆلەرشيپەكان، خوێندكاران و توێژەرانى زانكۆى كۆيە بەشداريان كرد لە پركردنەوەى فۆرمى پرۆگرامەكە لە مانگى ١١ى ساڵى ڕابردوو تاوەكو ٢٥/١/٢٠١٦ . دواى شۆرت ليست كردنى ناوى كانديدەكان و وردبينيكردن تێيدا، ئەنجامى پرۆژەكە ڕاگەيەندرا.
بە گوێرەى ڕاگەيەندراوى پرۆگرامەكە، زانكۆى كۆيە توانيويەتى ١١ سكۆلەرشيپ لە پێشبڕكێكەدا مسۆگەر بكات، ئەمەش زۆرترين ڕێژەى سكۆلەرشيپە كە زانكۆيەك لە كوردستان دەستەبەرى كردبێت. سكۆلەرشيپە براوەكانى زانكۆى كۆيە بەم شێوەيەيە (٩ كورسى بەكالۆريۆس، يەك ستاف و يەك پۆست دكتۆرا)، ناوى كانديدە براوەكان لە ڕێگەى ئيمەيڵەوە بۆ خاوەنەكانيان نێردراوەوە و پێويستە چاودێرى ئيمەيڵەكانيان بكەن بۆ ئەنجامدانى ڕێوشوێنەكانى ديكە.
وەفدێكى پرۆگرامى مەرحەبا سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد
بە مەبەستى بينينى توانا ئەكاديميەكانى زانكۆى كۆيە و ژێرخانە زانستيەكەى لە تاقيگە و سەنتەرەكانى توێژينەوە، وەفدێكى زانكۆى سانتیاگۆ دی کۆمپۆستێلای ئیسپانی سەردانى زانكۆى كۆيەيان كرد، وەك زانكۆيەكى سەرەكى و بەشدار لە پرۆژەى مەرحەبا ئيراسمۆس مۆندۆس. بۆ زانيارى پتر، كليك لێرە بكە.
شەش ئەندامى زانكۆى كۆيە سووديان لە پرۆژەكە وەرگرتووە
ساڵى ٢٠١٥ هەريەك لە خوێندكاران (ڕێكان شەريف, دانا غەفار، شڤان حەكيم، شەنگار محەمەد) لە پرۆگرامەكە سوودمەند بوون و توانيان هەلێكى خوێندن لە زانكۆى مينهۆ لە وڵاتى پرتوگال بەدەست بهێنن بۆ ماوەى ساڵێك، خوێندكار ڕێكان شەريف لە وڵاتى پرتوگالەوە دەربارەى خوێندنى ساڵێكى ئەكاديمى لە زانكۆيەكى بەنێوبانگى پرتوگال دەڵێت "دواى ڕاگەياندنى ٤ كورسى خوێندن لە پرۆژەى مەرحەبا (Erasmus student) چوار زانكۆى كوردستان پێشبڕكێيان كرد لە سەر بەدەست هێنانى ئەم كورسيانە خۆشبەختانە خوێندكارانى زانكۆى كۆيە توانيان هەر چوار كورسيەكە بەدەست بێنن، " ئێستا ئەم خوێندكارانە لە زانكۆى مينهۆ لە وڵاتى پرتوگال سەرقاڵى خوێندن و كارى ئەكاديمين. بۆ زانيارى پتر كليك لێرە بكە.
هەروەها بەڕێزان مامۆستا پێشەوا جەمال مامۆستاى بەشى ئەندازيارى پرۆگرامسازى و د.تەغريد خەليفە مامۆستاى بەشى ئەندازيارى تەلارسازى توانيان سوود لە پرۆژەكە وەربگرن، مامۆستا پێشەوا دەڵێت" ئەو پرۆگرامەى كە من تيايدا وەرگيرابووم بريتى بوو لە سەردانى ئەكاديمى بۆ يەكێك لەو نۆ زانكۆ ئەوروپيەى كە بەشدار بوون لە پرۆگرامەكە. ماوەى يەك مانگ سەردانى (سكولى بيلاسكۆبيلا بۆ زانستى دارايى ياسا) م كرد لە وڵاتي پۆلۆنيا، لە مانگى حەوتى ساڵى ٢٠١٥ ئەنجاممدا وە زۆر سوودبەخش بوو بۆ من لە رووى زانستي و ئەكاديميەوە." وە دەربارەى پرۆگرامەكە دەلێت " پرۆگرامى مەرحەبا،پرۆگرامێكى زۆر سەركەوتوە، بۆيە من هانى هەموو خوێندكاران و مامۆستايان دەدەم كە بەشداربن لە ئاستى گونجاوى خۆيان"
ئامادەكردنى : ژوورى هەوال