زانكۆى كۆيە پێويستى بە كۆمەك و هاوكاريە

News #03, Issue 19, July 2016 | Núcey #03, Jhimarey 19, Mangí 7 Sallí 2016 | نوچەی 3، ژمارەى 19 مانگی 7 ساڵی 2016

بۆ دوو پڕۆژەى تەواونەكراو و پێويست، زانكۆى كۆيە پێويستى بە كۆمەك و هاوكارى هەيە.

ئەمەى خوارەوە دەقى داوانامەكەيە :

تەنها چەند مانگێك ماوە بۆ یادی 13ساڵەی دانانی بەردی بناغەی زانکۆی کۆیە. ئەوکاتەی بەردی بناغەی زانکۆی کۆیە دانرا بەدەستی مامی گەورە و سەرۆك کۆماری عێڕاق (مام جەلال) بوو. لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی زانکۆ کە بەندە شەرەفی بانگهێشت کردن و ئامادەبوونم لەم مەراسیمە مەزنە بەرکەوت، ئەوکاتە من مامۆستا بووم لە زانکۆی سەڵاحەدین-هەولێر بەڵام ئەو ڕۆژە زۆر دڵخۆش بووم کە ئەگەری ئەوە هەیە ڕۆژێك بتوانم وەك مامۆستایەك خزمەتی تێدا بکەم. ئەو ڕۆژەی زانکۆی کۆیە دامەزرا بەلای زۆر کەسەوە ئەستەم و (تەحەدی) بوو کوردستان بێ پارە و دووئیدارە بوو، بەڵام لەبیرمە تەنها لەساڵی (2005-2004) نزیك بە (20,000,000) بیست ملیۆن دۆلاری لەلایەن حکومەت (ئیدارەی سلێمانی)ەوە بۆ دانرا. لەماوەی (2014-2004) واتە 10ساڵ لەتەمەنی زانکۆ هەردوو بەڕێزان کاك د.نەبەز مەجید و کاك د.خدر مەعسوم هەورامی کاری گەورە و مەزن ئەنجامدراوە هەم کوردستان و هەم کۆیەش لەم ماوەیەدا بێ پارە و پول نەبووە وەکو ئێستا، ئەو ماوەیە توانراوە و لەزۆر ڕووەوە هەنگاو بنێ و لەکۆتایی ساڵی 2015 لەکاتی ڕاگەیاندنی (ڕیزبەندی نیشتمانیی زانکۆکان) توانرا زانکۆکە بکرێتە یەکێك لە زانکۆ باش و پێشەنگەکانی کوردستان. من دڵنیام ئەو هەواڵە و ئەو ئاستە بەرزە هەموومانی دڵخۆش کرد و کۆییەکان و زانست پەروەرەکان و دۆستانیش لەهەموو کەس زیاتر.

بەڵام بەداخەوەین کەوا چەند گرفتێکی کۆنی زانکۆ هەیە لە ساڵی 2005ەوە بەهەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و لەئێستادا حکومەت لە قەیرانی دارایی تووند دایە ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت بۆ چارەسەری خێرا. ئەو بابەتەش بریتییە لە دوو باڵەخانە کە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی سلێمانى یەوە بۆ زانکۆ دروستکراون بەڵام بە نیوە چڵی بەجێهێڵراون و تەواونەکراون. بۆ تەواوکردنیان پێویستیمان بە بڕێك پارە هەیە (زانکۆ خۆی ناتوانێت ئەم پارەیە پەیدابکات) و حکومەتیش نیەتی لەگەڵ ئەم دوو باڵەخانەیە لەساڵی 2013ەوە باڵەخانەی (سەنتەری ڕۆشنبیری زانکۆی کۆیە) دەست بەدروستکردنی کراوە و 50% ی کارەکانی تەواو بووە بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیدا وەستاوە. ئەویش پێویستی بە بڕێك پارە هەیە کە 1ملیۆن دۆلار زیاتر دەبێت بۆ تەواوکردنی (بەڵام حکومەت ئەم پارەیە نادات بە کۆمپانیا تاوەکو تەواوی بکات) کە بۆ زانکۆ و چالاکيیەکانی زانکۆ زۆر گرنگە. نوێترین پڕۆژەی زانکۆش کەلە کوردستان یەکەم قەزا قەزای کۆیەیە کە زانکۆی تێدا کرابێتەوە، و یەکەم زانکۆی قەزاکانی کوردستانیشە کەوا (سکوڵی پزیشکی گشتیی) لێ بکرێتەوە. کە لەئێستادا هەردوو قۆناغی یەکەم و دووەمی هەیە کە ژمارەیان 68 خوێندکارە.

بەڵام لەگەڵ بڕیاری کردنەوەی سکوڵەکە قەیرانی دارایی لەکوردستان بەشێوەیەك سەری هەڵداوە کەئەگەر (بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی کۆیە) و هاوکاری ئەوان نەبوایە زۆر زەحمەت و ئەستەم بوو بتوانین بەردەوام بین. بۆیە بۆ زانکۆکە زۆر پێویستە، کە باڵەخانەیەکی تایبەت بە (کۆلێژی پزیشکی) دروست بکرێت و زانکۆی کۆیە دەتوانێت لەسەر ئەرکی خۆی تەنها (شوێن و پڕۆپۆزەڵ و دیزاین و تەندەر ئامادەبکات)، بەڵام بۆ دابینکردنی پارەی دروستکردنی ئەم باڵەخانەیە ناتوانین پشت بەخۆمان ببەستین.

وەك هەمووشمان دەزانین کە بۆ بەردەوامی بەرەوپێش چوونی زانکۆی کۆیە و مانەوەی لەڕێزبەندی زانکۆکان پێویستیمان بەهاوکاری و پاڵپشتیی هەیە، واتە بۆ هەموو ئەو پڕۆژە نیوەچڵ و ناتەواوانە و دروستکردنی پڕۆژەی نوێ و بەردەوامی زانکۆش هاوکاری زانست دۆستان هەر کێ بێت و لەهەر شوێنێك بێت زۆر گرنگە. بەڵام پێمان وایە دەبێ کۆییەکان لە ڕیزی پێشەوەی ئەم کارەبن. بەناوی زانکۆی کۆیە و سەرۆکایەتی زانکۆی کۆیە ڕایدەگەیەنم کە پێویستمان بە کەمپینی هاوکاری و پاڵپشتی ماددی بۆ زانکۆکەتان هەیە لەهەرکوێی دنیا و کوردستان و کۆیەن ئەم بانگەوازە دەتانگرێتەوە، تکادەکەین بۆ ئەو ناونیشان و ئیمێڵانەی خوارەوە لە ئامادەییتان بۆ ئەندامێتی لە کەمپینەکە یاخود ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری ماددی بەنامەیەك ناوو ناونیشان و پیشەکەتان بنێرن تاوەکو پەیوەندیتان پێوە بکەین.

www.koyauniversity.org

wali.hmd@koyauniversity.org

president.office@koyauniversity.org

tel: 009647480126196

tel: 07701467392

tel: 07501191363

چاوەڕوانی پەیوەندیەکانتانین لەناوەوە و دەرەوەی کوردستان و عێڕاق و هەر شوێنێکی دونیا بۆ کۆمەك و هاوکاریتان بۆ زانکۆی کۆیە.

پ.ى.د. وەلى محمود حمد

سەرۆكى زانكۆ

٢٠١٦/٧/٢٤