نۆژەنكردنەوەى باڵەخانەى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان تەواو كرا
News #03, Issue 12, Dec 2015 | Núcey #03, Jhimarey 12, Mangí 12 Sallí 2015 | نوچەی ٣، ژمارەى 12 مانگی 12 ساڵی 2015
رۆژى پێنج شەممە ٣ / ١٢ / ٢٠١٥ كاتژمێر ٩ى بەيانى بەڕێز پ.ى.د.وەلى مەحمود حەمەد سەرۆكى زانكۆ، باڵەخانەى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكانى دواى نۆژەنكردنەوە بەسەركردەوە.
لە سەردانەكەدا هەريەكە لە بەڕێزان پ.ى.د.دڵشاد نەجات سەعيد ڕاگرى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان و پ.ى.د.شوان كەمال ڕەشيد ڕاگرى فەكەڵتى زانست و تەندروستى و د.جەزا عەبدوڵا سەرۆكى سكوڵى پزيشكى و بۆتان ئەنوەر بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ ياوەرى بەڕێز سەرۆكى زانكۆيان كرد و دۆخى باڵەخانەكەيان دواى نۆژەنكردنەوە هەڵسەنگاند، بەڕێز سەرۆكى زانكۆ تەواوى بەشە جياوازەكانى باڵەخانەكەى بەسەركردەوە و تێبينى و ڕێنماييەكانى بە سەرپەرشتيارى پرۆژەكە ڕاگەياند. هەروەها دەستخۆشى ئاڕاستەى سەرپەرشتيار و ليژنەى نۆژەنكردنەوەكە كرد.
بەڕێز بۆتان ئەنوەر بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ لەم بارەيەوە وتى" ئەم نۆژەنكردنەوەيە دروستكردنى چوار ژوور بۆ مامۆستايان و بۆيەكردنى تەواوى باڵەخانەكە و دانانى سستم و لولەكێشى هەواگۆڕكێ بۆ بەشێك لە هۆڵەكان، هەروەها كافترياى فەكەڵتيەكەى گرتۆتەخۆ و لەسەر بنەماى ئەندازەيى بەسەركەوتويى كارەكانى تەواوكراوە"
لە بارەى تێچووى پرۆژەكە بەڕێز بەڕێوەبەرى ئەندازە و پرۆژەكانى زانكۆ دەڵێت"جێبەجێ كردنى ئەم پرۆژەيە زياتر لە ١٦ هەزار دۆلارى تێچووە"
بەڕێز سەرۆكى زانكۆ لە ميانەى بەسەركردنەوەى تەواوى باڵەخانەكەدا ژمارەيەك بيرۆكەى دا بە بەڕێز ڕاگرى فەكەڵتى زانستە مرۆڤايەتى و كۆمەڵايەتييەكان بە مەبەستى گەشەپێدانى فەكەڵتيەكە و دروستكردنى دۆخێكى لەبار و گونجاو بۆ خوێندن و فێربوونى خوێندكاران.