فەرمانبەرێكی زانكۆ ساڵانە ٢٥ ملیۆن دینار بۆ زانكۆ دەگەڕێنێتەوە
News #03, Issue 09, April 2015 | Núcey #03, Jhimarey 9, Mangí 9 Sallí 2015 | نوچەی٣، ژمارەى ٩ مانگی ٩ ساڵی 2015
قەیس محمد علی فەرمانبەرێكی زانكۆی كۆیەیە ، ماوەی چەند ساڵێكە لە ژوورێكی زانكۆ ( بە مەكینەیەكی خەیاتی و چەند كەل و پەلێكی كەم ) كاری بەرگدروویی بۆ زانكۆ دەكات بەوەش توانيويەتى ساڵانە زياتر لە ٢٥ مليۆن دينار بۆ زانكۆ بگەڕێنێتەوە, بەڕێز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆش بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى ئاماژە بەوە دەكات پلانى پێشخستنى ئەم بەشەيان هەيە.
پێداويستيەكانى جل و بەرگى زانكۆ ئامادە دەكات
بەڕێوەبەرايەتى ڕاگەياندنى زانكۆ لەگەڵ ئەو فەرمانبەرە دەست ڕەنگينە ديدارێكى ئەنجامدا. بەرگدروەكەی زانكۆ بەنووچەنامەی ڕاگەیاند " پێش ئەوەێ ببم بەفەرمانبەر كارى بەرگدروویم كردووە، كاتێك هاتمە ناو زانكۆ ئەو ئەركەم گرتە ئەستۆ كە بەشێك بكەمەوە بۆ دوورینی پێداویستیەكانى زانكۆ لەڕووى جل و بەرگەوە، چونكە بەرلەمن لەدەرەوە ئەم كارانە جێ بە جێ دەكران و لەساڵی ٢٠١٢ وە هەنگاو بەهنگاو خەریكی ئەم ئەركەم ." وتيشى بە يەك ئامێرى دوورين و چەند كەلوپەلێك بە يارمەتى هاوكارەكانم ( هیوا بەكر نەجم و سرود ظاهر ) كارەكانم ئەنجام دەدەم.
ئامادەكردنى جل و بەرگى ئاهەنگى دەرچووان
سەبارەت بە گرنگترین ئەوكارانەی لە زانكۆ ئەنجامی دەدەن كاك قەیس وتی "ساڵانە ڕۆبی مەراسیمی دەرچوون بۆ سەرجەم مامۆستا و خوێندكاران دەدورین لەگەڵ ئاڵای سەرجەم فەكەڵتی و بەشەكان و پەردەی پەنجەرەكانی زانكۆ و بەرگی كارمەندانی تاقیگە و سەرجەم كارمەندانی پاككەرەوە و باجیەكان كە ئەمەش یەكەم دەست پێشخەریە لەسەر ئاستی سەرجەم زانكۆكانی كوردستان كەساڵانە بڕەپارەیەكی زۆر بۆ زانكۆ دەگەڕێنینەوە "
ئەمساڵ نوێكاريان لە ڕۆبى ئاهەنگى دەرچوون كردووە
سەبارەت بە چۆنیتی كارەكانیان ڕوونی كردەوە كە هەمیشە هەوڵدەدەین بەباشترین و جوانترین شێوە كارەكان ئەنجام بدەین . بۆ ئەمساڵ نوێكاریمان لە دوورینی رۆبەكان كردووە " ئاڕمی زانكۆی كۆیەمان خستۆتە سەر سنگ و پشتی ڕۆبەكان ، كە ئەم كارە تائێستا لەهیچ زانكۆیەكی كوردستان ئەنجام نەدراوە . كە جوانیەكی زۆر دەبەخشێتە دیمەن و ئەدگارى خویندكار و مامۆستاكان "
ساڵانە ٢٥ مليۆن دينار دەگەڕێنينەوە بۆ زانكۆ
سەبارەت بە تێچووى دروستكردنى ئەم پێداويستيانەى زانكۆ لە جل و بەرگ بەرێز كاك قەيس وتى"ئەگەر ئەم پێداويستيانە لە دەرەوە دروست بكرێن بڕە پارەيەكى زۆرى تێدەچێت، بەڵام ئێمە بە نرخ و تێچوێكى كەم ئامادەى دەكەين و ساڵانە زياتر لە ٢٥ مليۆن دينار بۆ زانكۆ دەگەڕێنينەوە"
بەهۆى قەيرانى دارايى داشكانيان كردوە لە نرخ
سەبارەت بە نرخ و لەبەرچاوگرتنی داهاتی خویندكاران بەڕێز قەيس وتی " هەرچەندە بەهۆی دانانی ئاڕمی زانكۆ لەسەر رۆبەكان ماندووتر دەبین و پارەی زیاتریشی تێدەچێت، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی قەیرانی دارایی و خراپی باری گوزەرانی خویندكاران كەلەهەمانكاتدا زۆربەیان ئارەزوو دەكەن ئەو ڕۆبەی لە ئاهەنگی دەرچوون لەبەریانە وەك یادگاریەك لای خۆیان هەڵی بگرن ، بڕیارمان داوە كە نرخی هەر ڕۆبێك لە (٢٥٠٠٠) بیست و پێنج هەزار دینارەوە دابەزێنین بۆ (١٥٠٠٠ ) پازدە هەزار دینار"
كێ هاوكاريان دەكات؟
لەدوا دێری وتەكانيدا كاك قەيس ڕوونی كردەوە كە سەرۆكایەتی زانكۆ و بەڕێز دكتۆر رۆستەم سەلام عەزيز ياريدەدەرى سەرۆكى زانكۆ بۆ كاروبارى كارگێڕى و دارايى هاوكاریان دەكەن .
بزانە چ پلانێك بۆ پێشخستنى ئەم بەشە هەيە؟
هەر پەيوەند بەم باسە و زانينى پلان و بەرنامەيان بۆ پێشخستنى بەڕێز دكتۆر رۆستەم سەلام بۆ نوچەنامەى زانكۆ لەم بارەیەوە ئاماژەی بەوەدا كە هەر لەسەرەتاوە هاوكاریمان كردوون و بەڕیز سەرۆكی زانكۆ كۆمەڵیك بیرۆكەی باشی هەیە بۆ پێش خستن و چالاك كردنی ئەم بەشەو بەشەكانی هاوشیوەێ بۆ ئەوەى بتوانین لە داهاتوودا شتەكانمان نموونەیی بن و زۆرترین پارە بۆ زانكۆ بگەرێنینەوە كە پرۆژە و پلانی زیاتری زانكۆی پێ جێ بە جێ بكەین .
بەڕێزیان ئەوەشی دركاند كە بەنیازن ستافی زیاتر و كەلوپەلی نوێ و شوێنی تایبەت بۆ بەشی بەرگدوورین دابین بكەن بۆ ئەوەی نەك هەرتەنها پێداویستیەكانی زانكۆ بەێكو ئەگەر هەر زانكۆ و پەیمانگەیەكی كوردستان یان بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كۆیە داوامان لێبكات بەكەمترین نرخ و بەجوانترین شێواز هاوكاریان بكەین ، هەروەها ئامانجمانە كە بتوانین خولی پێشخستن بۆ فەرمانبەرانی زانكۆمان لەم بەشەدا بكەینەوە .
ڕێپۆرتەر : محەمەد مەغديد , فۆتۆگرافەر : كاردۆ محەمەد