هەنگاوەكانى پەرەپێدانى بابەتەكانى خوێندن بۆ ستاندەرى جيهانى بەردەوامە

News #03, Issue 08, April 2015 | Núcey #03, Jhimarey 08, Mangí 8 Sallí 2015 | نوچەی 3، ژمارەى ٨ مانگی 8 ساڵی 2015

بەڕیز دكتۆر ئيسماعیل صالح كاكەیی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پێشخستنی پەيڕەو و پرۆگرامەكانى خوێندن لە زانكۆی كۆیە چالاكييە ئاكاديميەكانى بەڕێوەبەرايەتيەكەى بۆ نووچەنامەى زانكۆ خستەر ڕوو كە پێنج تەوەر دەگرێتەوە, گرنگترينيشيان پەرەپێدانى بابەتەكانى خوێندنە لە زانكۆى كۆيە و هەنگاونانە بەرەو ستاندەرى جيهانى.

ڕێنمايى

بەڕێز بەڕێوەبەرى پەيڕەو و پرۆگرامەكانى زانكۆ وتى" ڕێنماييمان بۆ ئەم بابەتانەى خوارەوە دەكردووە

١- ڕێنمایی و نەخشەڕێگا بۆ پەرەپێدان بە پڕۆگرامی خوێندن .

٢- ڕێنمایی تایبەت بە دەست نیشانكردنی بابەتی هەڵبژاردە لە بەشە زانستیەكان .

٣- ڕێنمایی تایبەت بە چۆنیەتی هەژماركردنی یەكەكانی خوێندن لە سیستمی ساڵانە و كۆرسدا."

پەرەپێدان بە ناوەڕۆكى بابەت

لەبارەى پەرەپێدانى ناوەرۆكى بابەتەكان ئاماژەى بەم خاڵانەى خوارەوە كرد:

١- یەكخستنەوەی پرۆگرامی خوێندنی بابەتە گشتیيەكان ( زمانی ئینگلیزی و كۆمپیوتەر و گفتوگۆی ئاكادیمی و كوردستان ناسی ) لە قۆناغی یەكەم بۆ گشت بەشەكانی زانكۆ .

٢- ئامادەكردنی پەڕتووكی تایبەت بە بابەتە گشتیەكان ( زمانی ئینگلیزی و كۆمپیوتەر و گفتوگۆی ئەكادیمی و كوردستان ناسی ) لەلایەن لیژنەی پسپۆرەوە و دابەشكردنی پەرتووكەكان بەشێوازی ئەلیكترۆنی بە مامۆستایانی ئەم بابەتانە و گەیاندنیان بە خوێندكارەكان .

٣- دەركردنی ڕێنمایی بەكارهێنانی زمانی بەشی زانستی بۆ وتنەوەی وانە بەزمانی ئینگلیزی لە پسپۆریە زانستيیەكان وە قەدەغەكردنی وتنەوەی وانە بەزمانی تر .

٤- زیادكردنی هەندێك ناونیشان لە بابەتی گفتوگۆی ئەكادیمی كە گوزارشت بكات لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ و پێكەوە ژیان و یەكتری قبوڵكردن و هەستی بەرپرسایەتی لە شوێنی كار.

ۆرك شۆپ

لە بارەى ۆرك شۆپى تايبەت بۆ مامۆستايان وتى" ئەم ۆرك شۆپانەى خوارەوەمان ئەنجامداوە:

١- ۆرك شۆپ بۆ مامۆستایانی بابەتەكانی ( زمانی ئینگلیزی و كۆمپیوتەر و گفتوگۆی ئاكادیمی و كوردستان ناسی )

٢- ئەنجامی ۆرك شۆپ بۆ سەرۆك و بڕیاردەری بەشەكان و ڕێكخراوی پڕۆگرامی خوێندن لە بەشەكان سەبارەت بەئەركی مامۆستایان لە پلە جیاجیاكان .

پەرەپێدان بە پڕۆگرامی خوێندن

لە بارەى پەرەپێدانى پرۆگرامەكانى خوێندنەوە ئاماژەى بەوەدا كارى گرنگيان ئەنجامداوە :

١- پەرەپێدان بە پڕۆگرامی خوێندن لەبەشی مێژوو و بڕیاردان لەسەر پێشنیازەكانی ئەو بەشە لە ئاوێتەكردنی ناوەڕۆكی هەنێك بابەت .

٢- پەرەپێدان بەپڕۆگرامی خوێندن لەبەشی زمانی كوردی و بڕیاردان بە فەرمانی زانكۆیی ( ٧ / ١٩ / ٢٩١١ لە ١٥ ٧ / ٢٠١٥ ) لەسەر پێشنیازەكانی ئەم بەشە لە گۆڕانكاری لەناونیشانی هەندێك بابەت .

٣- پەرەپێدان بەپڕۆگرامی خوێندن لەبەشی پەروەردەی ئاینی و بڕیاردان لەسەر پێشنیازەكانی ئەم بەشە لەگۆڕانكاری لە ناونیشانی هەندێك بابەت .

٤- پەرەپێدان بەپڕۆگرامی خوێندن لە گشت بەشەكانی فاكەڵتی ( جیۆتەكنیك و سۆفت وێر و شارستانی و تەلارسازی و ئەندازیاری كیمیاوی و ئەندازیاری نەوت ) و بڕیاردان بەفەرمانی زانكۆیی ( ٨ / ١٩ / ٢٩١٢ لە ١٥ / ٧ / ٢٠١٥ ) لەسەر پێشنیازەكانی ئەم بەشانە لە گۆڕانكاری بە لابردنی هەندێك بابەت و زیاد كردنی بابەتی تر بۆ بردنی پرۆگرامی ئەم فاكەڵتیە بەرەو ستاندەری جیهانی .

٥- دەست پێكردن بە پەرەپێدان بەپڕۆگرامی خوێندنی بەشی میدیكەڵ مایكرۆبایۆلۆجی لە فاكەڵتی زانست و تەندروستی و پڕۆسەكە پەسەند كراوە لە ئەنجومەنی بەش و فاكەڵتی .

پێشنيازى خول

لەبارەى بەرنامە و پلانيانەوە وتى" رێنماييمان داناوە بۆ كردنەوەى خولى زمانەكانى كوردى و عەرەبى بۆ ساڵى داهاتوو كە لە ئاييندەدا ووردەكاريەكانى ڕادەگەيەنين.